بۆچی بڕیارەکەتان سیاسییە؟

ليست هناك تعليقات


فەرمان حەسەن

بڕیاری سزادانی چالاکوانانی بادینان لەلایەن دادگای تاوانەکانی ھەولێرەوە، تا ئێستا ھیچ روونکردنەوەیەکی یاسایی بڕواپێھێنەری لەسەر نەدراوە کە دروستی حوکمەکە بسەلمێنێت، لەبری دادگای خاوەن بڕیار، لایەنی ئەمنی و بەشێک لە دەسەڵات یاخود بەشێک لە حزبێک داکۆکی لە بڕیارەکە دەکەن، ئەوەش پرسیاری گەورەتر دەخاتە سەر بڕیارەکە، بەپێی ئەو ئاماژانەی سەبارەت بە حوکمەکە ھەن سەرەتاکانی ئاماژەی روونن بۆ ئەوەی بڕیارکە سیاسییە نەک یاسایی، بەڵام چۆن؟

بڕیاری سزایی بەپێی یاسای بنەما دادگاییە سزاییەکان ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٧١، دەبێت پاڵپشت بێت، یە دانپێدانانی دروست، یاخود شاھید، دوو شاھید یا زیاتر، یاخود قەرینەیەک ھاوشان لەگەڵ یەکێک لەو دووانە، یاخود قەرینە لەگەڵ بەڵگەیەکی بەھێزتر.

ئەگەر بڕیارەکە پشتی بە دانپێدانان بەستووە، بەپێی ماددەی ٢١٨ی یاسای بنەما دادگاییە سزاییەکان، مەرجە بۆ دانپێدانان زۆر لە تۆمەتبار نەکرابێت، بەپێچەوانەوە دانپێدانانەکە پووچەڵە.

بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی ٢١٧ی یاساکە، دادوەر دەبێت پابەند بێت بەوەی لە دروستی دانپێدانانەکە بکۆڵێتەوە ئەگەر گومانی لێی ھەبوو نابێت پێی وەربگرێت، چالاکوانانی بادینان گوتویانە بە خێزانەکانیان ھەڕەشەیان لێکراوە! دادوەر ئەمەی بەھەند وەرنەگرتووەو لە دروستی دانپێدانانەکەی نەکۆڵیوەتەوە.

بەپێی بڕگەی یەکی ماددەی ٢١٧ دانپێدانان لەبەردەم لێکۆڵەرو ئەفسەری ئاسایش و ئەفسەری پۆلیس نادروستەو نابێت دادوەر پێی وەربگرێت، تەنھا لە حاڵەتی دەگمەن نەبێت کە ئەفسەری لێکۆڵینەوە بیسەلمێنێت کە نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ دادوەر.

بەپێی بڕگەی ج ی ماددەی ٢١٣ی یاساکە، دادوەر تەنھا لە کاتێکدا دەتوانێت کار بە دانپێدانان بکات، وەک بەڵگەی تاقانەی سەلماندن، کە دڵنیابێتەوە لە دروستی بڕیارەکە. ھیچ دانپێدانانێک لەنێو دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان دڵنیایی تێدانییە کە دروست بێت و پشتی پێ ببەسترێت بۆ حوکم.

ئەوەی سەبارەت بە دادگاییەکە بەسکراوە وەک بەڵگە، نامەی گروپ چاتن، ئەمانە قەرینەن نەک بەڵگە، بەڵام قەرینە کافییە بۆ حوکم؟

بەھیچ شێوەیەک یاسای بنەما دادگاییە سزاییەکان رێگە نادات، قەرینە وەک سەنەدی حوکم پشتی ببەسترێت، قەرینە بەس نییە بۆ حوکم بەڵکو دەبێت دادوەر حوکم بدات بە بەرائەت یاخود ئیفراج بوون کاتێک تەنھا قەرینە بوونی نییە، بۆ ئەمەش بڕیاری دادگای تەمیز ھەیە کە قەرینە بەس نییە بۆ بڕیاری سزایی.

ھەموو ئەو پەڕانەی داواکاری گشتی پێشکەشی کردوون بۆ ئیدانەکردنی چالاکوانان، بەپێی ماددەی ٢١٢ی یاساکە نابێت دادوەر پشتیان پێ ببەستێت ئەگەر پێش وەخت پیشانی لایەنی بەرامبەر نەدرابێت و سەیریان نەکردبێت، تا بۆچوونی خۆیانی لەسەر ئامادەبکەن و پێشکەشی دادگای بکەن، ئاماژەکان دەڵێن تەنھا لەکاتی دادگایی، رووبەڕووی چالاکوانەکان کراونەتەوە وەک پرسیار نەک پێشوەخت درابێتە دەستی پارێزەرەکانیان.

بەپێی ھەردوو ماددەی ٢٨ و ٣٣ی یاسای سزاکانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ تاوان بۆ ئەوەی پێی بوترێت تاوان و سزای ھەبێت، دەبێت ھەردوو روکنی ماددی و مەعنەوی تێدا بەدیبێت، روکنی ماددی واتە تاوانەکە ماددیەن روویدابێت و ئەنجامی لێکەوتبێتەوە، یاخود دەست درابێتە تاوانەکە بۆ ئەوەی ئەنجام بدرێت(شروع)، روکنی دووەم واتە دەبێت تاوانکار نیەتی تاوانی ھەبێت، خۆ ئەگەر کەسێک بە ھەڵە کەسێک دەکوژێت جیاوازییەکەی ھەر ئەوەیە روکنی مەعنەوی بۆ تاوان بوونی نییە بۆیە کەسەکە بە ماددەکانی کوشتنی بە ئەنقەست ٤٠٥ و ٤٠٦ حوکم نادرێت.

سەبارەت بەم خاڵەی سەرەوە، روکنی ماددی بوونی نییە چونکە تاوانەکە رووی نەداوە، شروعیش بوونی نییە چونک دەست نەدراوەتە تاوانەکە تا لەکاتی دەستکردن بە تاواندا دەستگیرکرابن، کە روکنی ماددیش بوونی نەبوو بێگومان روکنی مەعنەویش(نیەتی تاوانکاریی) بوونی نییە، چونکە تاوانەکە ھەر رووی نەداوە تا نیەتی تاوانکاری ھەبێت.

بەپێی ماددەی ٣٠ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩، نیازی تاوانکردن و ئامادەکاری بۆ تاوان، نە بە تاوانی تام(تاوانی تەواو) دادەنرێت، نە بە دەستدانە تاوان(شروع) دادەنرێت، واتە ھیچ سزایەکی نییە، خۆ ئەگەر چات و نامەکانی ئەوان تاوان بێت نە شروعە نە جەریمەی تەواو. بەڵکو تەنھا بیرکردنەوەو خەیاڵە ئەوەش لە ھیچ یاسایەکدا نابنە تاوان.

دادگا پشتی بە ماددەکانی ٤٧ و ٤٨ و ٤٩ ی یاسای سزادان بەستووە، کە باس لە ھاوبەش و بکەری سەرەکی تاوان دەکات، مادەکان بەروونی باس لە تاوانێک دەکات کە ئەنجامی لێکەوتبێتەوە، چ ئەنجامێکی تاوانکاری بوونی ھەیە؟ تا پۆلێنی ھاوبەش و بکەر بکرێت؟ تەنانەت دەستدانە تاوانیش بوونی نییە، کە پشت بەستن بەم ماددانەش بنەمای نییە چونکە ماددیەن ھیچ تاوانێک رووی نەداوە.

لەرووی واقعییەوە دۆسیەکان لە دادگای تاوانەکان، زۆر بە دەگمەن روودەکات بە یەک جەلسە یاخود دوان، دادگا بگاتە بڕیار، ئەمە پرسیاری گەورە لە دروستی بڕیارەکە دروست دەکات. دۆسیەی کەتنێک لە دادگای کەتن کەمتر لە ساڵێکی پێناچێت چۆن ئەم دۆسیە وا زوو ھەموو قۆناغەکانی تێپەڕاند.

بڕیارەکە پێچەوانەی بڕگەکانی یەک، دوو، چوار، پێنج، شەش و ١٢ی ماددەی ١٩ی دەستووری ھەمیشەیی عێراقە.

داواکاری گشی پارێزەری سیستمی گشتییە، دەبێت کاتێک لە دۆسیەیەک بەڵگەی تەواو بوونی نییە، داوای ئیفراج(ئازادکردن) بکات، ئایا داواکاری گشتی داوای ئیفراجی کردووە؟ ئەگەر داوای ئیدانەی کردووە لەسەر چ بنەمایەک بووە؟ لە بنەمادا بۆ ھەموو ئەم پێشێلکارییانەی سەرەوە ئەرکی داواکاری گشتییە دادگای لێ ئاگادار بکاتەوە.

بەدەر لە دیوە قانونییەکە، بڕیارەکە بێویژدانییەکی گەورەی تێدایە، رووی ھەرێمی کوردستان ناشیرینتر دەکات، دەسەڵات بێباکتر و خراپتر دەکات، دادگاکان ھێندەی دیکە وێران دەکات، بێمتمانەیی خەڵک بە قانون لە بنەوە ھەڵدەتەکێنێت، ئەمە ئەو چەکە خراپەیە کە دەستی درایە ھەموو کۆمەڵگە ساچمەیان بەردەکەوێت، دەستوەردانە ناو دادگا دژی ھەموو کۆمەڵگەیە، چونکە دادگا بۆ ھەموو خەڵکەو بەناوی گەلەوە بڕیار دەدات، بۆیە ئەمەی لێرە بووەتە نەریت ئێجگار ترسناکە.

واقیعی دادگاکانی ھەرێمی کوردستان، ھەمان واقیعی دادگایە لە نێو سیستمە داخراوو داپڵۆسێنەرەکانی دونیا، ئەو سیستمانەی تەنھا ناشیرنییەکان تێیدا پیرۆزن، بۆیە بڕیاری لەم جۆرەی ناوبەناوی دادگاکان شۆکھێنەر نین، بەڵکو برینە ھەمیشەییەکە دەکولێننەوە، ئەو برینەی ئەگەر سارێژ نەکرێت، ھەموومان دەکوژێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق