بۆچی لامەرکەزیەت؟

ليست هناك تعليقات


فه‌رمان حه‌سه‌ن

لە مێژووی خۆیدا، ھەرێمی کوردستان ھیچ کات ھێندەی ئێستاعەوداڵی بژاردەیەک نەبووە بۆ دەرچوون لە تەنگەبەری ھەزار بە ھەزاری کێشەکان، تا کات زیاتر دەچێت گرێکان کوێرتر دەبن، ئەو کێشانەی گرێی دەستبوون ئیدی بە دەمیش ناکرێنەوە، ھۆکارەکان یەک و دوان نین، ناژمێردرێن، لە سادەترین تێگەیشتندا دەکرێت بڵێین ئەگەر خەڵک لە سەرەتاوە لە تەونی بەڕێوەبردندا تەماشاکەرنەباو بەشداریکەربووایە، ئێستا لە واقعێکی دیکەدا دەژیاین، ئەگەر ئێستاش چارەسەرەکە بەشێکی بدرێتە دەست خەڵک بنیاتنانی داروپەردووی دەسەڵاتێکی خاوەن فەزیلەت کە خەونی چەند دەیەبوو ھێندە مەحاڵ نییە.

شێوازی بەڕێوەبردنی باو لای نوخبەی سیاسی بۆ ئیدارەدانی ھەرێم بەھەر چوار دیوەکەیدا تاقیکراوەتەوە، شوێن ناگرێت، مۆدێلێکی شازە"نا سیستەم"، لە ساڵی (2009)، ئۆپۆزسیۆن لەنێو پرۆژە سیاسییەکەیدا پاکێجێکی بۆ پیادەکردنی شێوازی ئیدارەدانی ھەرێم بە لامەرکەزی خستە سەرمێز، ئێستا لەڕووی تیۆرییەوە ئەم بابەتە لای ئەوانی تریش بووەتە باوەڕ، خاوەنە کۆنەکەی(گۆڕان) ھێشتا خاوەنداری لێدەکات، چارەسەرێکی سیحری نییە، بەڵام ئەگەر بە گوریسی گروپە خاوەن بەرژەوەندییەکان نەپێورێت و بەبەری خەڵک بدورێت، ئەو شێوازەیە کە خەڵک لە دەسەڵات بەشداری پێدەکات و خەڵک بەشێک لە چارەسەر دەگرێتە دەست.

*پیادەکردنی لامەرکەزی واتە ھاوبەشیپێکردنی ھەموو خەڵک لە بەڕێوەبردنی ناوچەکەی خۆیدا، خەڵک بەرپرسانی شار دادەنێن، چاودێر بۆ بەرپرسان دادەنێن، چاودێری بوودجەکەیان دەکەن، بەرپرسان لادەبەن، متمانەی پێدەدەن و لێی دەسەننەوە، شەرعییەت لای خەڵکەو لە شوێنی کە چنگ ناکەوێت، سەنگی دەنگی خەڵک کێشی خۆی ھەیە، بەمەش بەشێک لە کێشە و چارەسەرەکان دەکەونە دەست خەڵک، لێرەوە ئەرکەکان دابەش دەبن و ناڕەزاییەکانیش روو لە یەک دەرگا نابن، پەتای رۆتین کزدەبێت و مامەڵەکانی خەڵک لە کانتۆری فەرمانگە مەرکەزییەکاندا تۆزی لەسەر نانیشێت،کاروباری ھاوڵاتیان زووتر دەدات بەدەستەوە ئاسانتر جێبەجێدەبن،نا دادپەروەری جوگرافی کەمتر دەکاتەوە.

*کاتێک رۆڵی خەڵک لە نێو سیستەمی سیاسیدا گەرا دادەنێت، دەنگدەر ھەست بەوە دەکات ئەو دەسەڵاتەی درووستیکردووە توانای وەڵامدانەوەی داواو پێویستییەکانی ھەیە، متمانەی بۆ دروست دەبێت، لامەرکەزیەت وڵات پەرت ناکات بەڵکو وەلائ دەچنێتەوە، لێرەوە ئەم ئینتیمایە ئەوەی پێی دەوترێت "قەوارەی سیاسی" بەھێز دەکات، بە پێچەوانەوە ئەو مەرکەزییەتە نەریتییەی پلە بە پلە دەگاتە کورسی لوتکەی ھەرەمەکە، ئینتیمای وێران کرد تەنانەت سەوزایی نێو شەقامەکانیشی وشک کرد، لامەرکەزییەت واتە پێکەوەیی زیاتر لە سیستەمێکی ئاسۆیی دادپەروەرانەدا.

*لامەکەزیەت وەڵامی خەڵک دەداتەوە، تێیدا دەسەڵات ئاگاداری خەم و کۆژانی کۆڵانەکانە و دەزانێت چی دەگوزەرێت و خەڵکی چییان دەوێت.

*تێکەڵکردنی لامەرکەزیەت و بینینی وەک کارتێکی سیاسی، زیان بەم ئامرازە دەگەیەنێت، وادەکات ھێزە نەریتەوانەکان زیاتر سڵ لە لامەرکەزیەت بکەنەوە ، ئەو دیمەنە لە کۆنەستی نەیارەکانیدا دەچەسپێت کە ئەمە واتە دوبەرەکی و کێشەو فرەکوێخاییە، لەکاتێکدا پێچەوانەکەی دروستە.

*لامەرکەزیەت بریتی نییە لە گواستنەوەی دەسەڵات لە زۆنەوە بۆ زۆنێکی دیکە، یاخود لە حزبەوە بۆ حزبێکی دیکە، بەڵکو بەشێک دەبێت لە سیستەمی گشتی و لەپێناوی خەڵکدا دەبێت بچەسپێندرێت، بۆخۆی سیستەمە سیستەم بە پەیڕەو و رێنماییی پێک نایەت، بەڵکو ئەوە یاسایە سیستەمی گشتی دروست دەکات.

*لامەرکەزیەت بە بەخشین بەدینایەت، شێوازی بەخشینی دەسەڵات کۆنترین شێوازی بەشکردنی دەسەڵاتە، لامەرکەزیەت نایەتە دی بە شۆڕکردنەوەی پلە بەپلەی دەسەڵات، بە دابەشکردنی ئاسۆیی و لەناو سیستەمێکی تۆکمەدا دێتە دی.

*لامەرکەزیەت بناغەی دەستووریی ھەیە لە ماددەی (122)ی دەستوور جێگیر بووە، یاساکانی ژمارە سێ و چواری ساڵی (2009)ی پەرلەمانی کوردستان، یاسای ژمارە یەکی ساڵی (2015) پەنجەرەیەکی گەورەیان بەڕووی لامەرکەزیدا کردووەتەوە، لە ھەمان کات لە کارنامەی کابینەی نۆش جێگیربووەو پەسەندکراوە، رێککەوتنی سیاسی پێکھێنەرەکانی حکومەتیش ھەیە، ئۆپۆزسیۆنیش هاوڕایە لەگەڵی، کەواتە ئیدی لامەرکەزییەت ھەنگاوی کرداری دەوێت.

ئەوەی لەم کابینەیەی حکومەت دەبینیرێت، تا ئێستا بە ئاڕاستەی چڕکردنەوەی ھەموو کاروبارەکانە لە مەرکەزو زیاتر بە مەرکەزیکردنی بڕیارە، ھەنگاوی یەكەم ئەوەیە ئەم سیاسەتە پێچەوانە بكرێتەوە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif