لەبارەی گەڕێکی دیکەی دانووستاندنەکانی نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا - ئەنەکەسە و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی - پەیەنەکە، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە رایگەیاند "سەرکەوتنی دیالۆگی نێوان ئەنەکەسە و پەیەنەکە ئامانجمانە".
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات - هەسەدە لە تویتێکدا راشیگەیاند "کۆبوونەوەکانمان دەستکەوتی گرنگن و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێمە دەپارێزن".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات "ئەرکی هەموو کەسێکە کە ئامادەکارییەکانی هەنگاوی نوێی یەکڕیزی بکات بۆئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا بە قۆناخێکی نوێ پێکەوە کۆببینەوە!"
لە 17-06-2020 بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەمریکا، شاندی پارتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی و ئەنەکەسە رایانگەیاند، گەیشتوونەتە تێڕوانینێکی ئەرێنیی سیاسیی هاوبەش.
ئەو هەنگاوەش لەڕێگەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشەوە سەرچاوەی گرت، کە بە بەشداریی نوێنەرانی هەردوو شاندەکە راگەیێندرا.
رێککەوتنی دهۆک لە ساڵی 2014 بناخەی دانوستاندنەکانی نێوانیان دەبێت، کە جەخت لە دیالۆگی سیاسی - کوردی، بەشداربوونی نێو بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکرات، پاراستن و خۆپاراستن دەکاتەوە.
ئەندامانی شاندی دانوستاندنکاریش پێشتر لە 12 ئەندامی ئەنەکەسە و 12 ئەندامی تەڤدەم (پەیەنەکە) و هەشت ئەندامی دەرەوەی هەردوو لایەنی دانوستاندنکار پێکدەهات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق