داوای کێشانەوەی دەرمانێكی شەکرە لە بازاڕەکان دەکرێت

ليست هناك تعليقات


دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی داوادەکات کۆمپانیاکان دەرمانێكی شەکرە بە ناوی مێتفۆرمین لە بازاڕەکان رابکێشنەوە، ئەمەش چونکە دەرکەوتووە بڕێكی زۆر لە ماددەیەکی کیمیایی تووشکەری شێرپەنجەی تێدایە. وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەم ئاگاداركردنەوە تەنیا بۆ جۆرێكی شێوەی دەرمانسازی (dosage form)ـی دەرمانی مێتفۆرمینە كە پێی دەگوترێت (extended release) و ھەروەھا ھۆشدارییەكە تایبەتە بە دەرمانی مێتفۆرمینی چەند كارگەیەكی بەرھەمھێنان.

دەزگا ئەمریکییەکەی تایبەت بە خۆراک و دەرمان رایدەگەیێنێت دەرمانێكی چارەسەری شەکرە کە بەشێوەیەکی بەربڵاو بۆ تووشبووان بەکاردەهێندرێت، بڕێكی زۆر لە ماددەیەکی کیمیایی تێدایە کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات. 

دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی روونیکردووەتەوە بۆ حەبێكی مێتفۆرمینی 750مللیگرامی، دەبێت کەمتر لە 96 نانۆگرام لەو ماددەی NDMA تێدابێت، بەڵام دەرکەوتووە کە بڕێكی زۆر زیاتر لەو بڕەی تێدایە و مەترسیی تووشبوون بە سەرهەڵدانی خانە شێرپەنجەییەکان زیاددەکات، هاوکات مەترسیی بەشەمێبوونی جگەر و دروستبوونی گرێ زۆرتردەکات. 

د. گێی مینتز، بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشییەکانی دڵ و چەورییەکانی خوێن لە نەخۆشخانەی ساندرا ئەتڵەس لە نیویۆرک دەڵێت دەزگا ئەمریکییەکە بڕێكی دیاریکراوی داناوە و لەوە کەمتر مەترسی نابێت، بەڵام زیاتر لەو بڕە دیاریکراوە مەترسیی شێرپەنجە زیاددەکات بەتایبەت ئەگەر بۆماوەیەکی درێژخایەن بەکاربهێندرێت. 

بەگوێرەی راگەیێندراوێكی دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی لە ساڵی 2010ـەوە بەدواداچوون بۆ دەرمانەکە دەکەن، لەدوایین ئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە دەرمانی مێتفۆرمین کە بۆ چارەسەری تووشبووانی شەکرە بەکاردەهێندرێت، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات، ئەمەش چونکە بڕێكی رێگەپێنەدراو لە ماددەی NDMA تێدایە. 

پزیشكێكی کورد باسی دەرمانەکە دەکات:

پزیشكێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، دڵ و شەکرە لەبارەی دەرمانی مێتفۆرمین دەڵێت ماوەی چەند مانگێكە باس لە بوونی ماددەی NDMA لەنێو دەرمانەکە دەکرێت بەبڕێكی زیاتر لەڕێگەپێدراو، بەڵام ئەوەی هەیە بۆ مێتفۆرمینی 750 مللیگرامییە کە لە کوردستان بەشێوەیەکی کەم هەیە. دەشڵێت لە کوردستان زیاتر مێتفۆرمینی 500 مللیگرامی و 850 مللیگرامی بەکاردەهێندرێن.

د. هەڵگورد فەتحوڵڵا، پزیشكێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، دڵ و شەکرە دەشڵێت نابێت بەهیچ شێوەیەک نەخۆشانی کورد دەرمانەکانی شەکرە رابگرن و پێش هەر بڕیارێك بۆ گۆڕین یان راگرتنی دەرمانەکانیان دەبێت راوێژ بە پزیشكە پسپۆڕەکەیان بکەن. 

وەزارەتی تەندروستی روونکردنەوە دەدات: 
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو هەواڵە ئاماژە بەوە دەکات، ھاووڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە كە ئەم ئاگاداركردنەوە تەنیا بۆ جۆرێكی شێوەی دەرمانسازی (dosage form)ـی دەرمانی مێتفۆرمینە كە پێی دەگوترێت (extended release) و ھەروەھا ھۆشدارییەكە تایبەتە بە دەرمانی مێتفۆرمینی چەند كارگەیەكی بەرھەمھێنان، بەڵام ھەمان دەرمان لە جۆری شێوەی دەرمانسازی (immediate release) ماددەی شێرپەنجەیی (NDMA) تێدا دەرنەكەوتووە كە باوترین جۆری شێوەی دەرمانسازی دەرمانی مێتفۆرمینە كە بەكاردێت.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ھاووڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە، ئەم جۆرەی دەرمانی مێتفۆرمینە رانەگرن و بەردەوامبن لەسەر بەكارھێنانی تاوەكو پزیشكی پسپۆڕ یان دەرمانسازی پسپۆڕ جێگرەوەی دەرمانەكە بۆیان دیاری دەكات، چونكە جێگەی مەترسییە بۆ نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم (type 2 diabetes) دەرمانەكە رابگرێت پێش ئەوەی راوێژ بە دكتۆری پسپۆڕ بكات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif