با نەیەڵین لەوە زیاتر دابەشبکرێین!؟

ليست هناك تعليقات


ئارام حسێن

یەکێک لە خاسیەتەکانی ھەر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری ئەوەیە، کە ھەموو چینەکانی کۆمەڵگا دابەش بکاو دواجار بیانکات بەگژیەکتریدا! لەسەری ھەڕەمەکەشەوە سەیریان بکاو ھەرکاتێک پێیزانی درز دەکەوێتە دەسەڵاتیەوە بە ئاسانی و بە چەپۆکێک دایانبمرکێنێتەوە..! لە کورترین مانادا، واتا بێ ھێزکردنی تەواوی کۆمەڵگاو لێسەندنەوەی وزەی گۆڕین، ئەوە یەکێک لەو پیلانە ژەھراویانەیە بەبێ جیاوازیی جوگرافی، دیکتاتۆرەکان پەنای بۆ دەبەن.

بەدیوێکیتردا کە ھێزی کۆمەڵگات کرد بەچەند پارچەیەکەوەو ناکۆکیت تیایاندا چاندو لەسەر بچووکترین شت کردنت بەگژیەکترا ئیتر بیر لە گۆڕینی رژێمەکان ناکەنەوە. جا با بێینەسەر کورد بەگشتی و ئەو قەوارە سیاسییە کوردییەی لە عێراقدا کە چوار شار ئیدارە دەدات بەتایبەتی، سەرباری ھۆکار و لێکەوتەکانی، بۆچی کورد بەوشێوە خراپە لەگەڵ یەکتر ناکۆک و ناتەبان؟ کورد مێژوویەکی دوورو درێژیی پڕ لە ناکۆکی و شەڕکردنی لەگەڵ خۆی ھەیە، جا وەرە لەم سەردەمی تەکنۆلۆژیا زەبەلاحەی دنیای خستووەتە ژێر چنگییەوە! لەژێر پیلانی ئەوەشدا بێت چینەکانی بکرێن بەگژیەکتریدا، دەبێت چ مەملەکەتێک و نموونەیەکی ناشیرین دروست بکەن لە مێژووی حوکمڕانێتیدا.

ھەر بۆیە تا بتواندرێ و بۆ ئەوەی بە یەکجاری بەرتیغی ئەو دابەشکردنە نەکەوین و ھەلاھەلا نەبین، لەسەر ھەریەکێکمان پێویستە وردتر و ھۆشیارانەتر لەگەڵ دەسەڵات مامەڵە بکەین، چونکە ھەر دابەشکردنێکیتر کە لە دژمان ئەنجام بدرێ لە ئامانجەکان دوورماندەخاتەوە و ژیانمان بەرەو خراپتر دەچێ و ئەوەندەیتر رق و خۆشنەویستن لەدڵی ھەریەکێکماندا دەچێنن. ھەرگیز نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە شوانی خراپ له‌ گورگ خراپتره‌.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif