ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی: بایکۆت بڕیارێکی خۆڕسکانەی مامۆستایان بوە و ئێمە ڕامان نەگەیاندوە

ليست هناك تعليقات


ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خوێندن رایگه‌یاند كه‌ دەسەڵاتداران بە پیلان "دەیانەوێت خوێندن و بڕوانامە بێنرخ و بەتەواوی پرۆسەی خوێندن پەک بخەن، دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بە بڕیاری شەرمنانەی بێ چارەسەر ناکرێت" له‌کاتێکدا به‌بریارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ یه‌که‌م ڕۆژى ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى ده‌وامى پۆلى 1 ئاماده‌ییه‌.

بەپێی بریارى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بریارە ئەمڕۆ شەممە لەسەرجەم خوێندنگاکانی هەرێمی کوردستان خوێندنی قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی دەستپێدەکات.

هەفتەى رابردوو ئەنجومەنى وەزیران کۆبووەوەو لەسەر راسپاردەى وەزارەتى پەروەردەى و تەندروستى و لیژنەى باڵای رووبەرووبنەوەى کۆرۆنا بریاریدا کە خوێندنى قۆناغی ١٢ى ئامادەیی ساڵى ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ دەست پێ بکاتەوەو ئەمڕۆ شەممەش خوێندنى ئەو قۆناغە دەست پێدەکاتەوە.

بەپێی بریارى وەزارەتى پەروەردەش خوێندکاران سەرپشکن لەوەی لەناو پۆلدا یان بە ئەلیکترۆنی بخوێنن و پڕۆگرامیش بە ریزبەندی دەخوێندرێت هەروەها بریاریشە لە ١/٣/٢٠٢١ خوێندنى قۆناغەکانى سەرەتایی دەست پێ بکاتەوە.

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ئه‌مرۆشه‌ممه‌، 16کانونى دووه‌مى 2021 راگه‌یاندراوێکیان بلاوکرده‌وه‌ و رایانگه‌یاند" ئەگەر بەرپرسان دەیانەوێت پرۆسەی پەروەردەیەکی راستەقینە و تەندروست دەستپێبکەنەوە، ئەوا پێویستە پێش هەر شتێکی دیکە، چارەسەری کێشەی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بکەن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌ " لە ئێستادا کە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و داهاتی ناوخۆ زیادیکردووە، هیچ بەهانەیەک بۆ لێبڕینی موچە و دابەشنەکردنی لە 30 رۆژدا نەماوەتەوە."

دەقی راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی:

لای هەمووان ئاشکرایە مامۆستایان ماوەی شەش ساڵە لە خەباتێکی مەدەنی فراواندن دژی بێڕێزی و ستەمکارییەکانی دەسەڵاتداران بەرامبەر خوێندن و زانست و مافەسەرەتاییەکانی مامۆستایان و هاوڵاتیان.

لە ئێستاشدا کە بڕیارە کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بە دەسپێکردنەوەی دەوامی پۆلی دوانزە دەست پێ بکات بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێکدا بخەینە ڕوو.

1- دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بە بڕیاری شەرمنانەی بێ چارەسەر ناکرێ، ڕێگەی دروستی دەستپێکردنەوەی خوێندنێکی ڕاستەقینە جێ بەجێکردنی داواڕەواکانی مامۆستایانە.

2-ئەوەی خوێندنی پەک خستووە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە و نییە، هۆکاری یەکەمی پەککەوتنی پرۆسەی خوێندن نەتوانی و نەشارەزایی و لێنەهاتوویی بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی پەروەردەیە لە بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی پەروەردە و مامۆستایان.

3- ئەگەر بەرپرسان دەیانەوێ پرۆسەی پەروەردەیەکی ڕاستەقینەو تەندروست دەستپێبکەنەوە، پێویستە پێش هیچ ئەگەر و چارەسەرێک چارەسەری کێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بکەن.

4- لە ئێستادا کەنرخی نەوت بەرزبۆتەوە و داهاتی ناوخۆ زیادی کردووە هیچ بەهانەیەک نەماوەتەوە بۆ لێبڕینی مووچە و دابەشنەکردنی لە 30 ڕۆژدا.

5- دەسەڵاتداران بە پیلان دەیانەوێ خوێندن و بڕوانامە بێنرخ و بێئەرزش بکەن و دەیانەوێ بەتەواوی پرۆسەی خوێندن پەک بخەن ، بۆیە زۆر خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ مافەکانی مامۆستایاندا دەکەن.

لەکۆتاییدا ڕای دەگەیەنین ئێمە لە ژێر هیچ فشار و زەبر و زەنگێکدا بێدەنگ نەبووین و بێدەنگ نابین و هەموو ڕێگەیەک دەگرێن بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانمان وە لێرەوە بە بەرپرسانی پەروەردە و حکومەت دەڵێن هەر پێشهاتێک بۆ پرۆسەی پەروەردە و خوێندن بێتە پێش ئێوە لێی بەرپرسن.

هاوکات پێمانوایە بایکۆت پرۆسەیەکی خۆرسکانەی مامۆستایان بووە و ئێمە هەمیشە پشتیوانی هەموو هەڵوێست و ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان بووین و دەبین.

هیوادارین بەرپرسانی حکومەت و پەروەردە بەهەستی بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی پەروەردە و ماف و داواکارییەکانی مامۆستایاندا بکەن له پێناو پەکنەکەوتنی پرۆسەی خوێندن و گێرانەوەی شکۆ بۆ پەروەردە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif