بۆچی وێنەکەی نێچیرڤان بارزانی شۆکی کردین؟

ليست هناك تعليقات



زینۆکاکەیی
-
هەموو مرۆڤێک لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن هەندێ نیشانەی لێ دەردەکەون کە پەیوەندیان بە گۆڕانکاری بایۆلۆژی کۆی ڕەگەزی مرۆڤایەتیەوە هەیە بەبێ جیاوازی ، بەڵام زانستی سایکۆسۆسیۆلۆژی قسەیەکی تری هەیە ، زانای گەورەی ئەو بوارە ( دکتۆر علی الوەردی ) دەڵێ .. ئەوە سایکۆلۆژیا و باری سۆسۆلۆژیای مرۆڤە بڕیار لە پیربوون یان گەنج بوونی دەدات

 ئێمەی کورد وەک نەتەوە بەهۆی چەوسانەوە و ئەو خەمە گەورەیەی کەلەسەرشانمانە بەدرێژایی مێژوو ، هەم زووتر پیر دەبێن و هەم تێکڕای ژیانکردنش لەکۆمەڵگای ئێمەدا کورتە ، بۆیە دەبینین کاتێ بۆماوەیەکی کورت هاوڕێکانمان نەبینین دواتر کە دەیانبینین یەکسەر پرسیاریان لێدەکەین.. باشە بۆچی وەها پیربووی؟ خەمەکانت چین؟ بەتایبەتر ئەگەر مرۆڤ سیاسیەکی دیار و خەمێکی گەورەی نەتەوە و نیشتیمانی لەکۆڵ گرتبێ وەک خۆری هیوا ( نێچیرڤان بارزانی )٫ چەند چرکەیەک دوای بڵاوکردنەوەی وێنەکەی هەزاران کەس لەکوردستان و جیهان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان تەنی بەوێنەی ئەو و پەیڤی جوان ، کەبەڕاستی کەم سەرکردە هەیە لە کوردستان وعێراقدا بەتایبەت لەم دۆخە سەختەدا دەرکەوێت و زۆرینەی خەڵک هاوسۆزێ بن وەک ئەم سەرکردەیە ، شایەنی باسە زۆرینەی پۆستەکان ئەم تایتڵەیان لەسەر بوو ( تاڵە سپیەکانی سەرت چیرۆکی خەمی نیشتیمانیان هەڵگرتووە )، ئەم هەموو دەنگدانەوەیەش دوو هۆکاری هەیە :

یەکەم : جەنابیان وەک سەرکردەیەکی ناسراوی کوردستان و جیهان بە پیاوێکی دبلۆمات و سیاسیەکی نەرم ناسراوە ، کە هەمیشە پابەند بووە بە ئەتەکێتی دبلۆماسی و لەڕۆژگارە هەرە سەختەکانیشدا بۆئەوەی خەڵک بێ هیوانەبێ و هەست بە مەترسیکان نەکات هەمیشە دەم بەخەندە و شیک پۆش بووە .

دووەم : بەڕێزیان هەمیشە لەخەمی نەتەوە و یەک پەرچەیی ئیداری و سیاسی کورددا بووە لەباشوری کوردستان و هەردەم کوردستانی لە شکست و قەیران پاراستووە ،توانیویەتی لەسەخترین دۆخدا قەوارەی هەرێمی کوردستانبپارێزێ ، وەک مانۆڕە دبلۆماسیەکەی دوای ۱٦ ی ئۆکتۆبەر ، بەڵام پەیامی ساڵی نوێ ی ۲۰۲۱ نێچیرڤان بارزانی بەڕوونی مەترسی لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان و نیگەرانیەکی قوڵی لەمەڕ دۆخی سیاسی و پەرتەوازەیی ماڵی کوردی پێوەدیارە ، ئەم پەیامە و ئەم وێنەیە لای خەڵک واقیعێک دروست کردووە کە هەست دەکات کە ئێمە بەڕاستی لەمەترسیداین .

نەک هەر لەناوخۆ لەسەر ئاستی جیهانیش زۆرینەی ئەوبیانیانەی سەردانی هەولێریان کردووە شایەتی بونیاتنانی شارستانیەتی کوردن لەسەردەستی ئەم سەرکردەیە ، ( ڕۆبەرت گەیتس ) وەزیری بەرگری پێشوتری ئەمریکا دەڵێ کۆتایی ۲۰۰۹ لەبەغداوە چوومە هەولێر ( کەدەگەمە هەولێر بە پێشکەوتنیان شۆک دەبم ) ، هەروەها ( چەنگیز چاندارز ) گەورە سیاسەتمەدارو ڕوێژکاری یەکەمی تورکۆت ئۆزالسەرۆکی ئەوکاتی تورکیا دەڵێ ( هەرکەس بچێتە هەولێر سەرسام دەبێ بەو پشکەوتنە ، ئەویش بەئاشکرا جێ دەستی نێچیرڤان بارزانی پێوە دیارە ، ئەو پیاوێکە حەزدەکات هەمووشتەکان بەکوالیتیەکی بەرزبێت ) .

بۆیە خەڵک حەقی خۆیەتی نیگەرانی سیمای ئەم پیاوەبن ، دەبا وەک بەڕێزیان ئاماژەی پێدا با هەمووان پێکەوە لەخەمی ئایندەی کوردستاندابین و دیالۆگی نیشتیمانی بکەینە بنەمای مانەوە و بەهێزبوونمان ، ئەوەی لەسەر کۆی لایەنەکان پێویستە بەپیر پەیامەکەی دەوڵەتمەدارەوە بێن و کوردستان لەم قەیرانە قوڵە ڕزگار بکەن ، جارێکی تر خەمی نیشتیمان بکاتەوە دەرفەتێک بۆ بەخشینی هیوا لەم دۆخە بێ هیواییەدا .



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif