خەڵکی بەرگری لە چ جۆرە دەسەڵاتدارێك دەکەن؟

ليست هناك تعليقات


ئەبوبکر کاروانی
-
هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدارێك حه‌زده‌كات گه‌له‌كه‌ی به‌رگری له‌ خۆی و فه‌رمانڕوایه‌تیه‌كه‌ی بكات. بە تایبەتیش لە کاتی تەنگانەو ئەو دۆخە دژوارانەی خەریکە گلۆڵەی دەکەوێتە لێژی و دەسەڵاتەکەی ھەرەس دەھێنێت و تیادەچێت. به‌ڵام له‌ مێژوو و ئێستاو ئایندەشدا، ئه‌م خواسته‌ بۆ هه‌موو حوکمرانێك مه‌یسه‌ر نه‌بووه‌ و نابێت، چونكه‌ خه‌ڵكی ئاماده‌نین له‌ هه‌موو هه‌ل و مه‌رجێكداو بۆ هه‌موو فه‌رمانڕوایه‌ك فیداكاری له‌ خۆیان نیشان بده‌ن و بە گیان و خوێنی خۆیان به‌رگری لێبكه‌ن.
به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی دەبێت، به‌رگریكردن له‌و، له‌ قوڵاییدا، یەکسان بێت بە به‌رگریكردن له‌ خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان، نەك کەسێکی دیاریکراو! کەسێتی حوکمران، کاتێك بۆ خەڵك گرنگەو مانەوەو نەمانەوەی جێی پرسیار و بایەخیانە، بەرجەستەی خواست و ھیواو چاوەروانی وشکۆو ناسنامەو بیروباوەری ئەوان بکات.
(میكیاڤیلی)یش، له ‌ژێر رووناكی ئه‌زموونی به‌رگریكردنی خه‌ڵكی (بووندقیه‌) له‌ شاره‌كه‌یان، ئاماژە بەو دۆخ و پێوەرانە دەکات کە لە سایەیەندا، دانیشتوانی وڵاتێك، یاخود قەڵەمرەوێکی حومرانی، لە کاتە چارەنوسسازەکاندا، بڕیاری بەرگری کردن لە حوکمڕانەکەیان دەدەن و لە چنگی دوژمنەکانی قورتاری دەکەن و لە ڕووخان و فەوتان دەیپارێزن.
لەم ڕووەشەوە ئاماژە بەوە دەکات کە (‌خه‌ڵك به‌رگری له‌ پادشایه‌ك ده‌كه‌ن، پاك و بێگه‌رد بێت و خه‌سڵه‌ته‌كانی گه‌نده‌ڵی و خراپه‌ی تێدا نه‌بێت). واتە، حوکمرانێك واتای ماڵی گشتی لا ڕوونبێت و بە چاوی دەستکەوتی تایبەتی سەیری دەسەڵات گرتنەدەست نەکات و بە لێپرسراوێتی بەرامبەر خواو گەلەکەی بزانێت، گەندەڵکار و خراپەکار نەبێت.
واتە، پارێزگاری لە سەر و ماڵ و کەرامەتی ڕۆڵەکانی گەلەکەی بکات خوێنڕێژ و دەستبڵاو و خۆپەرست نەبێت.
لە ڕوانگەی میکیاڤیللیەوە، کە لە چوارچێوەی دۆخی خۆی و بنەماڵە فەرمانڕواو پادشاکاندا بیردەکاتەوە، دەسەڵاتدارێك بەو خەسڵەتانەی سەرەوە، گەر لە چوارچێوەوەی بنەماڵەیەکی حوکمرانی لەوەو پێش خراپیشدا دەسەڵات بگرێتە دەست، خەڵکی خراپەی حوکمڕانە خراپەکانی پێشووتری بنەماڵەکەی لەسەر حساب ناکەن و رێز لە چاکسازییەکانی دەگرن و لە ڕوانگەی ئەزموونی حوکمرانی خۆیدا ھەڵیدەسەنگێنن و حوکمی بەسەردا دەدەن. ئامادەن چاوپۆشی لە مێژوو سیاسی بنەماڵەکەی بکەن و ئەم نەکەن بە لێپرسراوی و لەو روانگەشەوە دانی خێری پێدا نەنێن وگۆڕانکاری و چاکسازییەکانی بەھەند نەگرن. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەوەی بەلای خەلکیەوە گرنگە، چۆنیەتی حوکمکردنە، نەك ئەوەی حوکم دەکات، واتە چۆن حوکمدەکرێت نەك کێ حوکم دەکات.
گەر زمانی قورئانی پیرۆز بەکاربێنین دەڵێین: لەگەڵ سەرھەڵدانی حوکمرانی جیاواز، گەل ئامادەیە بە لۆژیك و پێوەری (تِلْكَ أُمَّةٌ قَدْ خَلَتْ ۖ لَهَا مَا كَسَبَتْ.. وَعَلَيْهَا مَا اكْتَسَبَتْ) واتە، ئەوانە گروپێك یاخود خەڵکانێك بوون، بوون بە بەشێك لە ڕابردوو مێژوو، ھەر چاکەو خراپەیەکیان ھەبێت خۆیان لێی بەرپرسن و نەوەکانی ئێستا لێیان بەرپرس نین، مامەڵەبکەن. سەیر دەکەین لە؟مێژووشدا کاتێك خەلیفەیەکی خۆنەویست و خواناس و خەڵکپەروەری وەك (عومەری کوڕی عەبدولعەزیز) لە نێو بنەماڵەی خۆسەپێن و نادادپەروەرو گەندەڵی ئەمەویدا سەر ھەڵدەدات، نەك ھەر مسوڵمانانی سەردەمی خۆی دەینرخێنن و حسابی جیای بۆ دەکەن و مێژوی بنەماڵەکەی لەسەر ناکەن بە ماڵ، بەڵکو ویژدانی ئیسلامی دەیخاتە پاڵ خەلیفەکانی ڕاشیدین و دەیکات بە یەکێ لە نمونەو سەرمەشقەکانی ناو مێژوو.
ئەمەش پێمان دەڵێت، ھەقوایە عاقڵمەندەکانی ناو بنەماڵە سیاسیە گەندەڵ و خراپەکارەکان، یاخود ئەوانەی تێوەگلاون، پەی بەم خەسڵەتە جوامـێری و توانای چاولێپۆشینەی گەل بەرن و ھەوڵی دابران لە رابردووی حومرانی بنەماڵەکەیان بدەن و سەرەتاو مۆدێلێکی نوێی حوکمرانی دەست پێبکەن بۆ ئەوەی چارەنوسێکی خراپ چاوەڕێیان نەکات. گەلیش لە کاتی پێویستدا بەرگریان لێ بکات و دڵسۆزیان بۆ نیشان بدات، چونکە گەر لە ڕووی ماددیشەوە رزگارببن، بەوێنا کردنیان لە لایەن زۆرینەی خەلکەوە مێژوو حوکمی مەرگ و لەناوچوونی مەعنەویان بەسەردا دەدات.
دیاره‌ له‌ ئێستادا راستكردنه‌وه‌كان نابێت تەنھا له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌ كه‌سه‌كان بن و به‌ كۆچی دوایی ئه‌و كۆتاییان پێ بێت و دۆخه‌كه‌ بگه‌ریته‌وه‌ شوێنی خۆی. به‌ڵكو ده‌بێت له‌ سیستم و ده‌ستور و یاساكاندا ئەنجام بدرێن، بۆ ئه‌وه‌ی گەندەڵی و ستەمکاری و گەل فەرامۆشیی، شانسی خۆ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌و درێژه‌پێدانیان نە مێنێت.
گه‌وره‌یی ده‌سه‌ڵاتداریش له‌وه‌دایه‌، گه‌له‌كه‌ی و خه‌ڵك به‌رگری لێ بكه‌ن و به‌ ڕه‌مزی خۆیانی بزانن و له‌كاتی ته‌نگانه‌دا پشتی به‌رنه‌ده‌ن و بەھانایەوە بێن. نه‌ك ته‌نها له‌ لایه‌ن هه‌ندێ له‌ ده‌ست و پێوه‌ند و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و حیزب و گروپه‌كه‌ی خۆیەوە به‌رگری لێ بكرێت و بپارێزرێت. لەو سۆنگەوە ئەگەر بەو جۆرە لە تیاچوونیش رزگاری ببێت جێگەی شانازی نیەو نابێتە ئاماژە بۆ راددەی ڕێز و خۆشەویستیی لەناو گەلەکەیدا، لە ویژدانی ئەویشدا بەزیندوویی نامێنێتەوە.
حوکمڕانێ پارێزگاری لە سامانی گشتی بکات و دەستدرێژی بۆ سەر نەکات و بۆ خێر و خۆشی گەلەکەی خەرجی بکات و یاسای ستەمکارانە دەرنەکات و ببێت بە رەمزی میللی راستەقینە، پێویست به‌وه‌ ناكات به‌شێكی به‌رچاوی بودجه‌ و سامانی گشتی له‌ دروستكردنی گاردی پاسه‌وانیدا به‌هه‌ده‌ر بدات، بە شەوو رۆژ سەدان و ھەزاران کەس لە ئاستی جۆراوجۆردا بیپارێزن، چونكه‌ کەسێ لە گەلەکەی نەترسێت و حومرانێکی باش بێت، ھەموو گه‌له‌كه‌ی پاسه‌وان و سه‌ربازیه‌تی. بەشێ لە حومرانانی وڵاتە دیموکراسیەکانی ئەمڕۆش، یادی ھەندێ نمونەی مێژوویمان لە خاکی بوون و کەم پاسەوانی و سادەیی بەرامبەر گەل و ھاوڵاتیانی خۆیان بیردێنێتەوە، گەرچی بۆ دەرەوە سیمایەکی تری مرومۆچ وێنا دەکەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق