دیکتاتۆرییەت

ليست هناك تعليقات


ئارام قادر حەمەسور

دیکتاتۆر لە وشەی لاتینی (دیکتاتۆس) وەرگیراوە و بەمانای خۆسەپێن یان بڕیاردەر دێت. دیکتاتۆر سەرکردەیەک یان هێزێکە دەسەڵات کۆنتڕۆڵدەکات و یاساکان پشتگوێدەخات، خۆی بڕیاردەری هەموو شتەکانە و حیساب بۆ کەسی تر ناکات. دیکتاتۆر و کۆمەڵگە بەردەوام لە پەیوەندیدان و کار لەیەکتری دەکەن، دیکتاتۆر پێویستی بە کۆمەڵگەیەکی گۆێڕایەڵە و کۆمەڵگەش پێویستی بە سەرکردەیە.

دیکتاتۆرەکان بەردەوام وەک سادیزمێک چێژ لە ئازاردانی خەڵک وەردەگرن، بەشێکی کۆمەڵگەش وەک مازۆخیزمێک چێژ لەئازاردانی خۆی وەردەگرێت. دیکتاتۆرەکان بەردەوام خەریکی خەڵەتاندنی خەڵکن، لە ڕێگەی هەڵسوکەوتەکانیان بەردەوام وێنایەکی نەرمونیان و کۆمەڵایەتی نیشان دەدەن بۆمانەوەی خۆیان. واتا وەک چۆن دەڵێین منداڵ دیکتاتۆرێکە و هەموو شتێک دەکات و هیچ قانونێک نایگرێتەوە، بەهەمان شێوەش دیکتاتۆریش وەک منداڵێک بەردەوام دەیەوێت هەموو شتەکان هی خۆی بن، وەک منداڵ هەندێ جار دەگریات بۆ ئەوەی دەوروبەری بگەوجێنێت و ڕازی بکات.
خۆسەپاندن و خۆبەخاوەنی حەقیقەتی ڕەها دوو سیفەتی ترسناکی دیکتاتۆرییەتن. ئەم سیفەتانە شۆڕ دەبنەوە بۆ ناو کۆمەڵگە و دیکتاتۆرەکانی کۆمەڵگە دروست دەکات. مێشێل فۆکۆ دەڵێت؛ دەسەڵات یەک شێوازی نییە، بەڵکو پارچە پارچەیە. واتا سەرۆک دەسەڵاتی هەیە و مامۆستا و دکتۆرێکیش دەسەڵاتیان هەیە. ئەمانەش دەتوانن بۆ هەیمەنەکردن بەسەر بەشەکانی کۆمەڵگەدا بەکاربێن.
کۆمەڵگە پڕە لەو دیکتاتۆرانەی خۆیان دەسەپێنن و خۆیان بەخاوەنی حەقیقەتی ڕەها دەزانن. باوکێک لەماڵەوە و مامۆستایەک لەناو پۆل و مەلایەک لە مزگەوت و بەڕێوبەری فەرمانگەیەک دژی فەرمانبەرانی و هاوڕێیەک لەناو گروپی هاوڕێیان و ....هتد دەکرێت ببنە دیکتاتۆر و سیفەتەکانی دیکتاتۆرییەت هەڵبگرن. وەک ئاتین دۆلابۆتیە لەکتێبی خۆبەکۆیلەکردندا کە لەسەدەی شازدەی زاینی نووسیویەتی دەڵێت؛ بە نەریتبوونی دیکتاتۆرییەت مەترسیدارە و تەمەنی دیکتاتۆر درێژ دەکات.
دیکتاتۆری سیاسیی ترسناکترین جۆری دیکتاتۆرییەتە و ڕەهەندی سیاسیی و سۆسیۆلۆژی هەیە، زۆرکات کۆمەڵگەی بێدەنگ دەبێتە هەوێنی دروست بوونی دیکتاتۆرییەت. ئەم جۆرە ترسناکە چونکە وەک مۆنتسکیۆ دەڵێت؛ دیکتاتۆر وەک ئەو کەسەیە کە دارێک دەبڕێت لەپێناو لێکردنەوەی بەرەکەیدا. پێویستە خەڵک چاودێری دەسەڵات و سەرۆک بکەن و سنوورەکانی دیاری بکەن. عەلی شه‌ریعه‌تی دەڵێت؛ زۆرجار بێئاگایی سیاسییه‌كان ده‌بێت وامان لێبكات به‌توندی به‌سه‌ریاندا بقیژێنین تا به‌ ئاگابێنه‌وه‌. لێره‌وه‌ ده‌بێت بێده‌نگی كۆمه‌ڵگە ڕە‌خنه‌ بكه‌ین تا جووڵه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی بكات و گۆڕانكاری دروست بكات به‌تایبه‌تی له‌ڕێگەی شه‌قامەوە. تا هۆشیارییه‌كی كۆیی و کۆژانێک دروست بكرێت و ببێته‌ وزه‌یه‌ك و ڕه‌گی سته‌مكاری ده‌ربێنێت. وه‌ك ئه‌حمه‌د مه‌ته‌ر ده‌ڵێت؛ ده‌سه‌ڵات له‌به‌خه‌به‌ر هاتنی خه‌وتووه‌كان ده‌ترسێت. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگە یان زۆرینه‌ی‌ كۆمه‌ڵگەیه‌، چونكه‌ زۆرینه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگە ده‌نگی پێداوه‌ و به‌م سته‌مكارییه‌ ڕازییه‌. وەک ئاتین دۆلابۆتیە لە کتێبی خۆبەکۆیلەکردندا دەڵێت؛ دەسەڵات هیچ نییە جگە لەوەی ئێمە پێمان داوە، چاومان پێداوە تا چاودێریمان بکات و دەستمان پێداوە تا لێمان بدات. كۆمه‌ڵگەیه‌ك مازۆخیانه‌ به‌ ئازاردانی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆرەوە رازی بێت، ده‌بێت چاوه‌ڕێی ده‌سه‌ڵاتێك بێت كه‌ زۆر سادیانه‌ بیچه‌وسێنێته‌وه‌.
به‌شێكی زۆری سته‌مكار و كۆمه‌ڵگە سڕكراوه‌كان له‌ خۆرهه‌ڵاتن، ئه‌مه ‌وا له‌ ئه‌رستۆ ده‌كات له‌وته‌یه‌كی ره‌گه‌زپه‌رەستیدا بڵێت؛ خۆرهه‌ڵات به‌سروشتی خۆی حه‌زی له‌ كۆیلایه‌تییه‌. وە کارل ماركسیش بڵێ؛ خۆرهه‌ڵات پێویستە بەڕێوە ببرێت، چونكه‌ خۆیان توانای بەڕێوەبردنی خۆیان نییه‌. یان ئه‌و قسه‌ باوه‌ی ده‌ڵێت؛ سته‌مكاریی باشترین جۆری ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ خۆرهه‌ڵات. به‌ڵام ئه‌مانه‌ بونیان نابێت گه‌ر ئیراده‌ی‌ مرۆڤ به‌هێزبێت. بینیمان خۆرئاواش چەندین دیکتاتۆری گەورەی دروستکرد وەک هیتلەر و مۆسۆلینی.
بەگشتی دیکتاتۆرەکان بە مرۆڤەکانی دەوروبەریان ڕاوەستاون، لەڕێگەی ئیمتیازەوە زنجیرەکەی دیکتاتۆر شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە. وەک محمد ماغوت دەڵێت؛ ئەوەی دیکتاتۆری ڕاگرتووە مەوادی حافیزەکەیەتی.
دیکتاتۆر لەڕێگەی پارەوە بەهەزاران مرۆڤی لەدەوری خۆی کۆکردۆتەوە و بەستراونەتەوە بەزنجیر. بەهەزاران ماستاوچیی و کۆیلەی پارە خەریکی پەرستنی سەرۆکن. ئەمەش وادەکات نەریتی دیکتاتۆرییەت دروست ببێت و بە موقەدەس داپۆشرێت.
ئەمەش تەمەنی دیکتاتۆر درێژتر دەکات، وەک به‌ختیارعەلی ده‌ڵێت؛ بێده‌نگی خه‌ڵك تاكه‌ شه‌رعییه‌ته‌ كه‌ سته‌مكار به‌هێز ده‌كات و ده‌یهێڵێته‌وه‌.
نەریتی سەرۆک پیرۆزە و هێڵی سوورە نەریتی دیکتاتۆرییەتە، بەردەوام بوونی ئەم نەریتە دەبێتە شەرعییەت پێدان بۆجیلی داهاتوو، دەبێتە حەقیقەتێکی ساختە بۆجیلی دوایی ئێمە. ئەرکی نوخبەی ڕۆشنبیریی ئێمە لێدانە لەم نەریتە، لێدانە لەم بتە پیرۆزانەی کەڕۆژانە ڕاگەیاندن خەڵک فێری پەرستنیان دەکات. چونکە هەر خەڵکە دیکتاتۆری ڕاگرتووە.
ئێمە لەبەردەم نەریتێکی دیکتاتوریی سەپاوداین، ڕۆژانە خەریکین بنەماکانی دیکتاتۆرییەت دەکەینە حەقیقەت. دژایەتیکردنی ئەم حەقیقەتە ئەرکێکی گرانە. وەک نیتشە گوتی؛ بەرگریکردن لە حەقیقەت ترسناکترین جۆری بەرگریکردنە.
دووبارە گرنگیدان بە پەروەردەیەکی دروست، کۆمەڵگەیەکی زیندو دروست دەکات. چونکە پەروەردەی دروست دوژمنی دیکتاتۆرییەتە و ڕێگە نادات کەسێک ببێتە خاوەنی حەقیقەتی ڕەها.
بەگشتیی ژینگەی کۆمەڵایەتیمان وردە دیکتاتۆری تێدایە و لەکۆتاییدا دیکتاتۆری سیاسییش لە ناوحیزبەکان و دەسەڵاتیشدا بوونی هەیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق