دە ساڵیتر پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە

ليست هناك تعليقات


سالار محمود - مامۆستا
-
دیار نییه‌ چۆن پرۆسه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌و هێشتاش میكانیزمه‌كانى به‌ڕێكردنى خوێندنى ئه‌مساڵ ڕوون نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌رگاى قوتابخانه‌و خوێندنگه‌كانیش بكرێنه‌وه‌و مامۆستایان‌و قوتابیانیش بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوه‌نده‌كانى خوێندن، پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ ده‌ستپێناكاته‌وه‌.

پار ساڵ له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیارێكى په‌روه‌رده‌یی به‌ ئه‌زموون، سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌و فێكردن گفتوگۆمان ده‌كرد، ئه‌و وتى پێنج ساڵیشه‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ كۆتایی هاتووه‌و ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ته‌نها به‌ڕێكردنه‌و ناچێته‌ ناو بازنه‌ى ئه‌و پرۆسه‌یه‌وه‌ كه‌ ناوى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌و فێركردنه‌.

به‌ر له‌ شكستى پرۆژه‌ى" ئابورى سه‌ربه‌خۆ"و دروستبوونى قه‌یرانى دارایی له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌هۆى تێڕوانینى چه‌وتى هێزه‌كانى ده‌سه‌ڵات بۆ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌و فێركردن‌و ده‌ستێوه‌ردانى حیزبییه‌وه‌، پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌و فێركردن گرفتارى چه‌ندان قه‌یرانى جۆراو جۆر بوو.

هاوشانى ئه‌و قه‌یرانانه‌، دواكه‌وتن‌و پێنه‌دان‌و لێبڕینى مووچه‌ى مامۆستایان‌و بایكۆتكردنى ناوه‌نده‌كان خوێندن، قه‌یرانه‌كان قوڵتر بوونه‌وه‌و پرۆسه‌ى "په‌روه‌رده‌"یان تا لێوارى مه‌رگ بردووه‌و ڕه‌نگه‌ ئه‌و باره‌ لاره‌ى كه‌ ده‌سه‌ڵاتى كوردى له‌ناو پرۆسه‌كه‌دا خولقاندوویه‌تى به‌ئاسانى ڕاست نه‌بێته‌وه‌.

له‌ ڕووخساردا قه‌یرانه‌كان له‌ داخستنى ده‌رگاى قوتابخانه‌و خوێندنگه‌كاندا چڕ كراوه‌ته‌وه‌و وا وێنا ده‌كرێت كه‌ به‌ چوونه‌وه‌ى مامۆستایان‌و قوتابیان بۆ ناوه‌نده‌كانى خوێندن پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌و فێركردن ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ ڕوانینه‌ له‌ ڕووكه‌شى پرۆسه‌كه‌و فه‌رامۆشكردنى قه‌یرانى جه‌وهه‌ریى ناو پرۆسه‌كه‌یه‌.

قه‌یرانى هه‌ره‌ گه‌وره‌و دوور مه‌ودا، لێكه‌وته‌كانى ئه‌و بارودۆخه‌یه‌ كه‌ زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ پرۆسه‌كه‌ پێیدا گوزه‌ر ده‌كات‌و تێیدا ده‌ژى، كاره‌سات ئه‌و پاشه‌كشه‌ گه‌وره‌یه‌یه‌ كه‌ ڕوویداوه‌و ئه‌و بۆشاییه‌ گه‌وره‌ په‌روه‌رده‌ییه‌یه‌ كه‌ ڕووى له‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ كردووه‌.

به‌و پێوانه‌و بنه‌مایانه‌ى كه‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌و فێركردن پرۆسه‌ى ژیانسازیی‌و پێگه‌یاندنه‌، پرۆسه‌كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ خراپترین ئاستدایه‌و ده‌یان فرسه‌خ دووره‌ له‌ ڕێڕه‌وه‌ ڕاست‌و ئامانجداره‌كه‌ى پرۆسه‌كه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر دۆخى ئابوورى‌و ژیان‌و گوزه‌رانیش وه‌كو به‌ر له‌ ساڵى دووهه‌زارو چوارده‌ى لێبێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێت زیاتر له‌ ده‌ ساڵ باجى ئه‌و بۆشاییه‌ گه‌وه‌ره‌یه‌ بدرێت كه‌ سیستمى سیاسى‌و ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم له‌ناو پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌و فێركردندا سازاندوویانه‌.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق