یەکێتی پێداگیری لەسەر جێبەجێکردنی لامەرکەزیی سلێمانی دەکات

ليست هناك تعليقات


جموجۆڵى لایەنە سیاسییەکانى باشوورى کوردستان، دواى نزیک بە ساڵێک لە کۆرۆنا و دوورەپەرێزی، بە دەستپێشخەریى پارتى دیموکراتى کوردستان دەستیپێکردووەتەوە، ئامانج لێى سێ بابەتە، کۆدەنگیى سیاسی، پێکهێنانى شاندێک بۆ بەغدا و پرسى هەڵبژاردنەکانى عێراق و یەک بەرەیی؛ بەڵام یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لەنێو فایلى گفتوگۆکانیدا مەلەفێکى دیکەى پێیە.

میران محەممەد، ئەندامى مەکتەبى سیاسیی یەکێتى دەڵێت "پرۆژەیەکمان هەبووە بۆ لامەرکەزیى کە دارایی، کارگێڕی، یاسایی و هونەرین، دەسەڵاتى جێبەجێکردنی لاى سەرۆکوەزیرانە و سوودى ئەمە بۆ یەکێتى نییە، بۆ گۆڕان و پارتیشە".

داواکارییەک کە بە گوتەى یەکێتى دەبوو پارتى پێش کۆتایی 2020 رەزامەندیی لەسەر بدایە، بەڵام سپاردوویەتى بە لیژنەیەک، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە رووداوی گوت، تا کۆتایی ئەم مانگەش چاوەڕێ دەکەن، یان جێبەجێکردنى لامەرکەزی و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا یان قسەیەکى دیکەى خۆیان دەبێت.

میران محەممەد، ئەندامى مەکتەبى سیاسیی یەکێتى گوتی "دەسەڵات شۆڕکردنەوە بۆ بەرپرسى مەڵبەند و سەرکردایەتیی یەکێتى نییە، بۆ ئەوەیە پارێزگارى سلێمانى کە داهاتى خۆى لابوو، بۆ خەڵکى خەرج بکات و خەڵکیش متمانەى بە حکومەت بۆ بگەڕێتەوە. بەڵام لەبەر ئەوەى ئێمە زۆر پێداگریی لێدەکەین، پارتى وا تێگەیشتووە بۆ یەکێتییە".

ئێستا لە سنوورى سلێمانى جگە لە لامەرکەزى، باسوخواسى هەرێمى سلێمانییش گەرمە و لە قۆناخى کۆکردنەوەى واژۆ و ناردنێتى بۆ بەغدا بە مەبەستى خستنە نێو راپرسیی جەماوەری.

بەیار مولازم عومەر، ئەندامى دەستەى بەهەرێمکردنى سلێمانى ئاماژەی بەوە کرد "تیمێکى شارەزامان پێکهێناوە و دەچنە لاى خەڵک، هیوادارم ناوى خۆتان تۆمار بکەن و پرۆژەکە بگاتە ئەنجام".

لامەرکەزی بێت یان هەرێمى سلێمانى، بەبێ پارتى و رازیبوونى، هەر وەکو رابردوو تەنیا دۆسیەیەک دەبێت لەسەر رەفەى کتێبخانەى هەندێک هێزى بەدەر لە پارتى.

عەلى حوسێن، ئەندامى سەرکردایەتیی پارتى دەڵێت "لە هەموو کۆبوونەوە و سەردانیشمان بۆ سلێمانى و کۆبوونەوەى حیزبەکان لەگەڵ سەرۆکى هەرێم، راشکاوانە گوتوومانە کە لەگەڵ لامەرکەزین و داومانە بە لیژنە، با ئەو لیژنەیە یەکلایی بکاتەوە و ئەوە لەبەرچاو بگرێت کە بەپێى رێککەوتنى حیزبەکان، لامەرکەزى دەبێت ئیداری بێت".

تاوەکو ئێستا نە یەکێتى و نە گۆڕان، ئامارێکیان نەخستووەتەڕوو کە دەریبخات داهات و خەرجیی سلێمانى چەندە، ئەوەى هەیە هەر ئەو گومانەیە کە ئەو پارەى خەرجدەکرێت بۆ ئەو سنوورە، زۆر کەمترە لەوەى کە لێوەى پەیدا دەکرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif