تورکیا و یۆنان لەنێوان رێککەوتن و قوڵبووبوونەوەی قەیرانەکاندا‌

ليست هناك تعليقات


دوای پێنج ساڵ، ئەمڕۆ بۆ جارێکی دیکە گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و یۆنان لەبارەی سنورە ئاوییەکانی نێوانیان دەستیانپێکردەوە. تورکیا هەوڵ دەدات لە رێگەی ئەم گفتوگۆیانە و رێککەوتن لەگەڵ یۆنان، گرژییەکانی لەگەڵ ئەورووپا کەم بکاتەوە، یۆنانی ماندووش دەیەوێت کۆتایی بە بەشێک لە کێشەکانی لەگەڵ تورکەکاندا بهینێت و ئارامی بۆ سنورە ئاوییەکانی بگەڕێنێتەوە.
دواین گفتوگۆ و سەرهەڵدانەوەی قەیران
لەگەڵ ئەوەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان مێژوویەکی درێژیان هەیە، بەڵام هەردوو وڵات زۆر جار هەوڵی چارەسەررکدنی کێشەکانیان داوە، دوایین گفتوگۆکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا لەبارەی سنورە ئاوییەکانیان لە ١ی ئازاری ٢٠١٦ بوو لە شاری ئەسینا.

دوای ئەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوولا پەرەیان سەند، گفتوگۆکان راگیران، دوای ئەم ساڵە و تاکو ئێستا کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوام لە زیادبووندا بوون.

کوڵاندنەوەی قەیرانەکە
ساڵی ١٩٩٦ لوتکەی ئاڵۆزی و بەرکەوتنە سەختەکانی نێوان تورکیا و یۆنان بوو، لەو ساڵەوە و بە هەوڵی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەردوولا تاکو ئاستێکی باش ئاڵۆزییەکانیان کەمکردەوە و قەیرانەکانی نێوانیان بەنج کردبوو.

دوای ئەوەی تورکیا ساڵی رابردوو لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەستی بە چالاکییەکانی گەڕان بە دوای غازی سروشتیدا کرد، ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوولا پەرەیان سەندەوە، بەنجی قەیرانەکە بەری دا و برینەکە کولایەوە. یۆنان تورکیای بە پێشێلکردنی مافە ئاوییەکانی تۆمەتبار کرد. لێرەوە و دوای ساڵی ١٩٩٦ گەورەترین قەیران لەنێوان هەردوولادا سەریهەڵدا کە گەیشتە ئەوەی هەڕەشەی سەربازی لە یەکتر بکەن.

گفتوگۆی ئیستەنبوڵ
ئەمڕۆ و دوای پێنج ساڵ، گفتوگۆکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا دەستیانپێکردەوە، ئەمڕۆ شاندی یۆنانی سەردانی ئیستەنبوڵی کرد، یۆنانییەکان لە کۆشکی دۆڵما باخچە لەلایەن شاندی تورکییەوە بە سەرۆکایەتی سەدان ئۆنال جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیاوە پێشوازییان لێکرا.

چاودێران بە گرنگییەوە لەم گفتوگۆیانە دەڕوانن، بەتایبەت ئەمە لە کاتێکدایە کە چەند مانگی رابردوو ترس هەبوو ناکۆکییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا بە پێکدادانی سەربازیی بگەن. بڕیاریشە ئەمڕۆ سەرجەم کۆبوونەوەکان دوور لە چاوی کامێران ئەنجامبدرێن.

تورکیا و دەروازەی رزگاری
تورکیا لە چەند ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی گەورە دەستی بە فراوانخوازییەکانی کرد لە ناوچەکەدا، لە لیبیا، عێراق و سوریا دەستوەردانی سەربازی کرد، بە گژ وڵاتانی کەنداوی دژە قەتەردا چووەوە، لە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەستی بە چالاکی کرد، ئەمەش رووبەڕووی فشاری ئەوروپییەکان و سزای ئەمریکییەکانی کردەوە.

تورکیا لە ئێستادا و بۆ رزگاربوون لەم فشار و سزایانە، هەوڵ دەدات خۆی لە ئەوروپییەکان نزیکبکاتەوە، مەرجی سەرەکی ئەوروپییەکانیش ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ یۆنان، واتە تورکیا تێگەیشتووە ریگای چارەسەر و نزیکبوونەوە لە ئەوروپییەکان بە ئەسینادا تێدەپەڕێت.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو کیریاکۆس میتسوتاکیس سەرۆک وەزیرانی یۆنان لەبارەی گفتوگۆکانەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، بە "گەشبینی و هیوا"وە لە گفتوگۆکانی ئەم جارە دەڕوانێت.

لەگەڵ ئەوەی یۆنانییەکان بە گەشبینییەوە لە گفتوگۆکانی ئەم جارە دەڕوانن، بەڵام دوو مەرجیان هەیە، سەرۆک وەزیرانی یۆنان لەبارەی دوو مەرجەکەوە دەڵێت، یەکەم پێویستە تورکیا هەنگاوە دوژمنکارییەکانی لە ناوچە ئابوورییەکانی یۆنان بوەستێنێت، دووەمیش ئەوەیە گفتوگۆکان لەو خاڵەوە دەستپێبکەنەوە کە ساڵی ٢٠١٦ تێیاندا وەستاون.

چاوشئۆغڵو و هەوڵەکان
مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی یۆنان لەو کەسانەیە کە بە جدییەوە کار لەسەر دۆسییەی قەیرانی وڵاتەکەی لەگەڵ یۆنان دەکات، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی چەند رۆژی رابردووی بۆ ئەوروپا چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان بووە لەگەڵ ئەسینا.

چاوشئۆغڵو لە سەردانەکەی ئەوروپادا گەشبینی خۆی دەربڕی کە گفتوگۆکانی ئیستەنبوڵ بە ئەنجام بگەن. لەگەڵ ئەم گەشبینییەشدا چاوشئۆغڵو سەرکۆنەی هەنگاوە ئیستیفزازییەکانی یۆنانی لە دەریای ئیجەدا کرد و بە هەڕەشەیەکی زۆری زانی لەسەر وڵاتەکەی.

هەوڵی ئەوروپییەکان
ئەوروپییەکان هەوڵ دەدەن کێشەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا چارەسەر بکەن و چیتر ئەم دوو وڵاتەی سەر سنوری کیشوەرەکە درێژە بە ئاڵۆزیی و ناکۆکییەکانیان نەدەن کە بووەتە یەکێک لە کێشە گەورەکانی کیشوەرە پیرەکە.

یەکێتی ئەوروپا پێشوازی لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا کردووە و بە ئاماژەیەکی "باش"ی داناوە بۆ پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان هەردوو وڵات.

لە کۆتایی ساڵی رابردوو سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتییەکە لە برۆکسل، بڕیاری سزادانی تورکیایان دا لەسەر جوڵە "نایاسای و دوژمنکارییەکان"ی لە سنورە ئاوییەکانی یۆنان و قوبرس. سزای کەسیشی بەسەر ئەو کەسانەدا سەپاند کە لە نزیکەوە بەشدار و بەرپرسن لەم چالاکییانەدا.

فەڕەنسا و ناکۆکییەکان
لە چەند ساڵی رابردوودا ئاڵۆزیی و کێشەکانی نێوان تورکیا و فەڕەنسا گەیشتە خراپترین ئاست، رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکانی هەردوو وڵات لە چەندین لێدواندا بە توندی هێرشیان کردە سەر یەکتر و وشەی نەشیاویان بەرامبەر یەکتری بەکارهێنا.

تورکیا و فەڕەنسا لە ماوەی رابردوودا هەموو کێشە هەرێمیی و جیهانییەکانیان کردووەتە چەکی هێرشکردنە سەر یەکتر. قەیرانی نێوان ئەسینا و ئەنقەرەش هەلێک بوو بۆ فەڕەنسییەکان تاکو تۆڵە لە تورکەکان بکەنەوە.

فەڕەنسا لە چەند مانگی رابردوودا بەردەوام پشتیوانی لە یۆنان کردووە و داواشی لە ئەوروپییەکان کردووە کە سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنن.

چەکی فەڕەنسی
فەڕەنسا تەنها بە پشتیوانی لە ئاستی لێدواندا نەوەستا، بەڵکو ئامادەیە ١٨ فڕۆکەی جۆری رافاڵ بە یۆنان بفرۆشێت، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر هاوسەنگی هێز لە نێوان ئەنقەرە و ئەسینا.

بڕیارە فلۆرانس بارلی وەزیری سوپای فەڕەنسی بگاتە یۆنان وا واژۆ لەسەر فرۆشتنی ١٨ فڕۆکەکە بە یۆنان بکات، ئەمەش پەیامێکی روون و ئاشکرای فەڕەنسییەکانە بۆ ئەنقەرە کە پاریس بە هێز و چەک پشتیوانی ئەسینا دەکات.

بەهای رێککەوتنی ١٨ فڕۆکەکە دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە، کە بریتییە لە ١٢ فڕۆکەی بەکارهێنراو و شەش فڕۆکەی نوێ. ئەوە جگە لەوەی فەڕەنسا دژە کەشتی و دوورمەوداش بە یۆنان دەفرۆشێت. بڕیاریشە فڕۆکەکان ساڵی داهاتوو بە دەستی یۆنانییەکان بگات.
پەیسەرپریس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif