پەیامێك لەسەر پەیامی لایەنە شیعەكان لە خانەقین – كەركوك

ليست هناك تعليقات


مەلا بەختیار
-
بە بۆنەی شەهیدكردنی سەردار سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، لایەنەكانی حەشدی شەعبی، قورسایی سیاسیان خستۆتە كەركوك و خانەقین و ناوچە كێشە لەسەرەكان. ئەمەش دیارە كە ئامانجی سیاسی شیعەگەرایی بەدواوەیە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم یادانە كە لە دوو شاری هەرە گرنگی ناوچە كێشەلەسەرەكان (كەركوك و خانەقین) دەكرێ‌، دەپرسین:
ـ بۆچی لە ناوچە كێشەلەسەرەكان (كەركوك و خانەقین) یادەكان ساز دەكرێ‌؟

ـ ئەی حیزبی دەعوە كوان؟ ئەی سەدریەكان كوان؟ ئەی لیستی نەسر كوان؟ ئەی رەوتی حیكمە كوان؟

ـ بۆچی، لەم دوو شارە ئازیزەی كوردستاندا، كە بە پێی دەستوری گەلپەسەند، دورو نزیك باسی جێبەجێكردنی بڕگەكانی مادەی (140) لەم دوو یادەدا نەكرا؟

لە كەركوك.. ئاڵای ئەمریكا خرایە ژێرپێ‌، لە خانەقین دروشمی دوژمنایەتی ئەمریكا بەرز كرایەوە؛ لە هەردوو شارەكەشدا بە ئاستەم باسی پێشمەرگە كرا. هەروەكو پێشمەرگە هێزێكی لاوەكی تێكشكانی داعش بوبێ‌!!

جیهان دەزانن كە سوپای عیراق لە موسڵ، سەلاحەدین، دیالە، ئەنبار و دەوروبەری بەغداد.. تێكشكا، ئەوكاتە تەنها پێشمەرگە بەرسنگی لەداعشە دڕندەكان گرت و بەخوێنی زیاتر لە (1700) شەهید تێكیشكاندن. حەشدی شەعبی، بە فەتوای سەماحەتی سیستانی دوای تێكشكانی سوپای عیراق و مەترسی كەوتنی بەغداد؛ بەدوای ئەوەی پێشمەرگە لە باشور و شەڕڤانان لە رۆژئاوای كوردستان، ئەفسانەی داعشیان نابوت كرد، ئینجا حەشدی شەعبی دامەزرا. بەڵام كە دامەزرا، بەڕاستی لە شەڕدا و لەو دۆخەدا بۆ ناوچەكانی بەغداد و خوار شاخی حەمرین چارەنوسساز بون.

كاتێك، لە (ئامرلی و سلێمان بەگ)یش شیعەكان گەمارۆدران. سەماحەتی سیستانی بڕیاری دابوو ئەو دوو شارۆچكەیە رزگار بكرێ‌.. حەشدی شەعبی بە بێ‌ پێشمەرگە و رەزامەندی وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە(خانەقین – دووزخورماتوو – قەرەتەپە – جەلەولا و سەعدیە) نەیدەتوانی فریای شەڕەكە بكەون. هەروەكو چۆن لە موسڵ و مەخمور و دەوروبەریشیان بە بێ‌ پێشمەرگە، هەرگیز سەركەوتنیان بەدەست نەدەهێنا!
بۆ مێژوو دەبێ‌ راستیەكان وەكو خۆی باس بكرێ‌.. نەك لە ناو جەماوەردا، تەنها رۆڵی حەشدی شەعبی لەو شەڕانەدا دەربخرێ‌.

دوای گفتوگۆ لەگەڵ شەهید سەردار سلێمانی و نوێنەرەكانی لە خانەقین، بەڕێزان هادی عامری و شەهید موهەندیس بە كۆپتەر هاتنە میوانخانەی یەكێتی لە خانەقین.. لەسەر بەرنامەی هاوبەشی عەسكەری رێككەوتین كە چۆن یەكێتی زنجیرە شاخی كوباشی و جەلەولا رزگار بكات.. حەشدیش سەعدیە رزگار بكات.
هێزی پێشمەرگە.. پێش هاتنی حەشد، لەگەڵ دژە تیرۆر، زنجیرە شاخی كوباشیان. هەتا (وادی عەوسەج) رزگار كرد، ئەم سەركەوتنە حەشدی شەعبی هاندا.. لە شارەبان كە دەیان كیلۆمەتر لە سەعدیە دوورە، بجوڵێن بۆ رزگاركردنی سەعدیە.

لەم شەڕانەدا.. شەهید سەردار سلێمانی رۆڵێكی دیاری هەبوو.. بەڵام هێزی داعش شكێن، پێش هاتنی حەشدەكان، پێشمەرگەی كوردستان بون، سەرەنجام خانەقین پارێزرا. جەلەولا و دەوروبەری لە لایەن پێشمەرگەوە كۆنترۆڵ كران. سەعدیەش حەشد ئازادی كرد.

كە بڕیاریش درا (ئامرلی –سلێمان بەگ – یەگنجە) رزگاربكرێ‌.. شەهید سەردار سلێمانی و مزگریان لە ناحیەی نەوجول، لەگەڵ شێخ جەعفەر، د.خەسرەو، عەبدوڵڵا بۆر و مەلا بەختیار كۆبونەوە بۆ داڕشتنی بەرنامەی هاوبەشی عەسكەری، لەو دانیشتنە رێككەوتین كە هێزی حەشدی شەعبی لە دەرەوەی شاری كفری و نزیك دووز ئۆردوگا دابنێن. بۆیان نییە بچنە ناو شارەكان.. بەتایبەتی شاری دووزخورماتوو. خۆم دانیشتبوم كە شەهید سەردار بڕیاری بۆ حەشد دەركرد، لە دەرەوەی ئەو شارو شارۆچكانە بمێننەوە و ئەركیان تەنها رزگاركردنی ئامرلی – سلێمان بەگ – یەگنجەیە. 

حەشدەكان ئەم بڕیارەیان پێشێل كرد. هەرچەندمان كرد و كۆشا، كێشەكەمان گەیاندە شەهید سەردار سلێمانیش، سودی نەبوو.. لەدووز خورماتوو – قەرەتەپە.. نەچونە دەرەوە.

ئێستا، كە دۆخەكە خراپ وەرچەرخاوە، بەداخەوە، لە یادی دامەزراندنی سوپای عیراقدا، لە بەغداد تەنها شانازی بە سەركەوتنی سوپای عیراق دەكرێ‌. باسی شكستەكەیان بەرامبەر داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە ناكرێ‌.. كە باسی كەركوك و خانەقینیش دەكرێ‌.. گوایە بەزۆری حەشد جەلەولا و سەعدیە و دەوروبەری دووزخورماتووی رزگار كردووە.. وەلـێ‌ باسی پێشمەرگە ناكرێ‌ كە بە خوێنی شەهیدان شێركۆ، حسێن مەنسور، سەربەست عەلی سەدیق، سەلاح دیلمانی و كەمالی حاجی ئاغای ئێنێ‌ و سەدان قارەمانی تر تۆمار كراوون.

ئەم كۆبونەوە جەماوەریەی لە خانەقین كرا، پێمان خۆشە لە جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە، شارەبان و دێهاتەكانەوە بەسەدان سەیارە هێنراون و میوانی شارەكە بوون.. بەڵام چەند گرنگتر دەبوو، ئەو بەڕێزانەی وتاریان خوێندەوە، باسی رۆڵی پێشمەرگە و شەهیدانی پێشمەرگە و هاوكاری سەدان سەرمایەداری بەشەرەفیشیان بكردایە كە نەیاندەهێشت پێشمەرگە بێ‌ خۆراك و ئاو و دەرمان و پۆشاك بێت.

لە كەركوك بەسەر ئاڵای ئەمریكادا دەچونە ناو هۆڵی شەهید عەلی عەسكەری، لە خانەقینیش لە یاریگای شەهید حسێن مەنسور دروشمی دژایەتی ئەمریكا، ئاسمانی یاریگاكەی داگرتبوو..

شیعە، سوننە، كورد، توركمان و هەموو لایەنە سیاسیەكان دەزانین، بە سوپای ئەمریكا و هاوپەیمانان نەبوایە، نەك رژێمی سەدام وەكو رژێمێكی فاشی نەدەڕوخا، بەڵكو هەندێك لایەنی سونە و شیعەش كە دوای روخانی سەدام دروست بون، ناویان لە كولەكەی تەڕیشدا نەدەبوو.
ئێستاش سەفارەتی ئەمریكا بەڕەسمی لە بەغداد هەیە. قونسوڵگەریان لە هەولێریش هەیە. مەترسی داعشیش لە ئارادا زۆرە. سەرۆك بایدنیش هەفتەیەكە هاتۆتە سەر كار، هەم كاربەدەستانی ئەمریكا و هەم كاربەدەستانی ئێران، لەم رۆژانەدا لێدوانە توندەكانی سەردەمی سەرۆك ترامپیان واز لێهێناوەو ئومێدی چارەسەری كێشەكانیان پەیدا بووە. بۆیە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆئەوە دەچێ‌، كە هەموو هێزێكی سیاسی و سەركردەیەكی دوربین، نابێ‌ بەنزین بكاتە ناو ناكۆكی ئەمریكا و ئێران.. بەڵكو پێویستە هاوكارێكی ئەقڵانی بن بۆ چارەسەرێكی ستراتیژی ئەو كێشەیەی ناو بەناو مەترسی جەنگێكی ماڵوێرانكەری لێدەكرێ‌.

كاتی ئاشتەواییە.. نەك شەرەنگێزی. لە بەرژەوەندی ئێرانی گەمارۆدراوی ئابوریشە ئاشتەوایی بێتە دی. خۆ ئەمریكا بە ئەندازەی سەدام ماڵوێرانی و كوشتاری نەسەپاندۆتە سەر ئێران. بەڵكو لەڕووی عەسكەری و ئەمنیەوە، ئێران و دۆستەكانی زیانی گیانی و مادیان گەیاندۆتە ئەمریكاو دۆستەكانی، بەڵام ئەمریكاش.. هەڵەیەكی گەورەی كرد كە لەرێككەوتنی ئەتۆمی كشایەوە.. ئینجا گەمارۆی ئابوریشی خستە سەر گەلانی ئێران، گەمارۆی ئابوری بۆ سەر وڵاتانێكی وەكو ئێران.. كە دەیان ملیۆن دانیشتویەتی.. رەچاونەكردنی لایەنی كەمی مافی ژیانی گەلانی ئێرانە.

هیوادارین ئەم پەیامەی ئێمە، رونكردنەوە بێ‌ بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان.. بۆ زانینی راستیەكان، بەتایبەتی شەڕی داعش و رۆڵی پێشمەرگە.. نەك سەركەوتن، كارەساتی پێش سەركەوتن و رێكەوتنە سیاسیەكان و مادەكانی دەستورمان بیربباتەوە.
شیعە.. ئەگەر بیری بچێتەوە لە سەردەمی شۆڕش و لە دوای راپەڕین و لە شەڕی داعشدا، كوردستان و پێشمەرگە چییان بۆ شیعە و سوننە و ئۆپۆزسیۆنی عیراق كردەووە.. ئەگەر بیریان بچێتەوە كە پێش دروستكردنی حەشدی شەعبی، پێشمەرگە و شەڕڤانان چۆن داعشیان نابوت دەكرد...

ئەگەر دەیان راستی تریان سەبارەت بە كورد و ئەنفال و كیمیاباران بیر بچێتەوە و بیانەوێ‌ بەم رێورەسمانە مادەی (140) دیزە بەدەرخۆنە بكەن و كەركوك و خانەقین و ژەنگار و مەخمور.. بكەنە شاری شیعەگەرا.. بە دڵنیاییەوە نەك بەرامبەر كوردستان و پێشمەرگە بێوەفا دەردەچن. بەڵكو بەرامبەر بە شەهیدكردنی ئیمامی عەلی و ئیمام حوسێن و رۆڵەكانیشیان راستگۆ نابن. ئەمە جگە لەوەی دۆخی سیاسی – ئابوری عیراقیش دیسان بە رێكەوتن و بە پابەندبونی مادەكانی دەستور سەقامگیر دەبێ‌.. نەك بە هەڵگەڕانەوە و هەڵبەز و دابەزی سیاسی لە خۆبایی بوون!!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif