مەترسی جدی ڕۆژی دەستبەكاربوونی بایدن

ليست هناك تعليقات


بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن ترسیان هەیە لە ئاهەنگی دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەکو سەرۆکی ئەمریکا هێرشێکی نێوخۆیی بکرێت و ترسەکەش ئەوەیە هێرشەکە لەنێو خودی ئەو سەربازانە بێت، کە پارێزگاری لە ئاهەنگی دەستبەکاربوون دەکەن.

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاریداوە بە یەک بە یەکی ئەو 25 هەزار سەربازەدا بچێتەوە، کە لە کۆشکی سپی جێگیرکراون و ئەمن و ئاسایشی شار دەپارێزن.

جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشووی ئۆفیسی FBI ئەو کەسەی کە زۆر دژی سەرۆکە و بە"مافیا" ناوی دەبات، هۆشداری هاوشێوە دەدات و دەڵێت: "نیگەرانم چونکە کەسانی چەکدار و بێزارکەر هەن پێیانوایە ئەم وڵاتە لە دەست ئەوان هێنراوەتە دەرەوە." دەشڵێت: "دەبێت لایەنی ئەمنی ئەم هەڕەشەیە زۆر بە جیددی وەرگرێت."

جەیمس کۆمی کە لە 2017دا ترەمپ لە پۆستەکەی دووریخستەوە، گوتی: "زۆر بە متمانەوە دەڵێن کە دەتوانین ئەم هەڕەشانە ناچالاک بکەین، بەڵام دەبێ زۆر بە جیددی وەری بگرین."

رۆژی هەینیی رابردوو پۆلیسی واشنتن پیاوێکیان دەستگیرکرد، کە دەمانچە و زیاتر لە 500 فیشەکی پێبووە و ویستوویەتی لە کۆنگرێس نزیک بکەوێتەوە، بەڵام خۆی دەڵێت: "رێگەم لێتێکچووە" 

پیاوەکە ناوی ویسڵی ئاڵێن بیڵە بوو، دەڵێت بەهەڵە رۆشتووەتە ئەو شوێنە، چونکە دانیشتووی واشنتن نییە و رێگەی لێتێکچووە، هەروەها گوتبووی پاسەوانە لە واشنتن و بیری چووە کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی چەکی پێیە.

رۆژی شەشی ئەم مانگە لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵبژاردنی جۆ بایدن وەکو سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ هانی لایەنگرانیدا هێرشبکەنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا و کۆبوونەوەکە پەکبخەن، کۆنگرێس کەوتە دەست خۆپیشاندەرە تووڕەکان کە پێیانوایە لە هەڵبژاردندا ساختەکاری زۆر کراوە و فێڵ لە ترەمپ کراوە، لە ئەنجامدا پۆلیسێک و 4 کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا.

هێزێکی ئەمنی زۆر لە واشنتن و زۆربەی شار و شارۆچکەکان لە ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، ترس هەیە ئەگەر لەنێو هێزە ئەمنییەکانیش هێرش روونەدات، لایەنگرانی سەر بە ترەمپ بە چەکەوە هەڵبکوتنە سەر کۆنگرێس و پایتەختی هەموو ئەو ویلایەتانەی کە تێیاندا دیموکراتەکان براوەی هەڵبژاردنن.

مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە یەکێکبوو لەو ئەندامانەی کۆنگرێس رۆژی 6ی مانگ بەهۆی هێرشی لایەنگرانی ترەمپ ژیانی لە مەترسیدابوو، بەشداری ئاهەنگی دەستبەکاربوونی بایدن دەکات، پێنس سەرەتای هەفتە بە شەو سەردانی هێزە ئەمنییەکانی لە دەورووبەری کۆشکی سپی کرد، دڵنیایی لێوەرگرتن و گوتی دەبێت دەستاودەستکردنێکی ئاشتیانە و بێ کێشەی دەسەڵات بەڕێوەبچێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif