پەیامی ماڵئاوایی میلانیا ترەمپ

ليست هناك تعليقات



خانمی یەکەمی ئەمریکا پەیامی ماڵئاوایی پێشکەشکرد، داوای لە ئەمریکییەکان کرد واز لە رق و کینە بێنن و نەهێڵن هیچ شتێک بەشبەشیان بکات.

میلانیا ترەمپ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، سوپاسی ئەمریکییەکان دەکات، دەڵێت میهرەبانی و بیروباوەڕی ئەم خەڵکە منیان سەرسام کردووە، گوتیشی کە خزمەتکردنی ئەمریکا وەکو خانمی یەکەم گەورەترین شانازی بووە بۆ ئەو، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بەناوی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا نەکرد.

میلانیا ئاماژەی بەوەدا کاتەکانی خۆی و ترەمپ لە کۆشكی سپی کۆتاییان پێهاتووە، داوای لە خەڵکی ئەمریکا کرد نەهێڵن هیچ شتێک دووبەرەکی بخاتە نێوانیان، دەڵێت سەرنجتان لەسەر ئەوەبێت کە یەکتان دەخات، هەمیشە خۆشەویستی بەسەر رق و کینە، ئاشتی بەسەر تووندوتیژی هەڵبژێرن و کەسانی دیکە لە پێش خۆتان دابنێن.

خانمی یەکەمی ئەمریکا ئاماژەی بە قەیرانی کۆرۆنا کرد، کە ئێستا بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە و 96 ملیۆن کەسی تووشکردووە و 2 ملیۆن کەسیش بە ڤایرۆسەکە مردوون و، گوتی ئاگاداری خۆتان و ئەوانەبن کە مەترسی کۆرۆنایان لەسەرە، تاوەکو ڤاکسین دەگاتە هەموو شوێنێک.

میلانیا ترەمپ ئاماژەی بە هاوژینی جۆ بایدنیش نەکرد، کە لە کولتوور و دابونەریتی ئەمریکا وایە کاتێک سەرۆک کۆشکی سپی بەجێدەهێڵێت، هاوژینەکەی لەگەڵ خانمی یەکەمی سەرۆکی نوێ پیاسەیەک بە دەوری کۆشکی سپیدا دەکات و شوێنەکانی پێدەناسێنێت.

خانمی یەکەمی ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکەی سەرۆکی ئەمریکایە کە دەڵێن ئامادەی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەمریکا نابن، ترەمپ یەکەم سەرۆکە لەماوەی 152 ساڵی رابردوو بەشداری لە ئاهەنگی دەستبەکاربوونی سەرۆکدا نەکات.

سبەی چوارشەممە لەکاتی دەستبەکاربوونی جۆ بایدن، دۆناڵد ترەمپ و میلانیای هاوژینی دەگەڕێنەوە ماڵەکەیان لە مار ئا لۆگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا. 

بەشێک لە پەیامەکەی خانمی یەکەمی ئەمریکا

"هاووڵاتیانی ئەمریکی، گەورەترین شانازی ژیانم بووە کە وەکو خانمی یەکەم خزمەتی ئەمریکام کردووە، خەڵکی شەرەفمەندی ئەمریکی منیان سەرسامکرد بە میهرەبانی و چاونەترسی، بە باشی و جوانییەکەیان. چوارساڵی رابردوو لەبیرناکرێن، لێرەدا کۆتایی بە کاتی من و دۆناڵد ترەمپ دێت لە کۆشکی سپی. بیرم لای هەموو ئەو خەڵکانەیە کە لە دڵی خۆمدا هەڵیاندەگرم، لەگەڵ هەموو چیرۆکە جوانەکانی خۆشەویستی، نیشتیمانپەروەری و خاوەن ئیرادەیی. لەکاتێکدا ئەم جیهانە سەرقاڵی کۆرۆنایە، سوپاسی هەموو پەرستار و پزیشک و کارمەندە لێهاتووەکانی کەرتی تەندروستی و کرێکاری کارگەکان و بارهەڵگر و چەندینی دیکە دەکەم، کە ژیانی خەڵک رزگاردەکەن. هاوخەمی ئەوانەشین کە کەسێکیان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لەدەستداوە. ژیانی هەر تاکێک بەنرخە. داوا لە هەموو ئەمریکییەکان دەکەم وریا و هەستیار بن بۆ ئەوەی ژیانی ئەوانە بپارێزن کە لە مەترسیدان لەکاتێکدا ملیۆنان خەڵک ئێستا ڤاکسین وەردەگرن..... لە هەر بارودۆخێکدابین، داوا لە هەموو ئەمریکییەکان دەکەم ببنە باڵیۆزی نیازپاکی، سەرنجیان لەسەر ئەوەبێت کە یەکمان دەخات. نەهێڵن هیچ شتێک بەشبەشمان بکات. هەمیشە خۆشەویستی بەسەر رق و کینە هەڵبژێرن، ئاشتی بەسەر تووندوتیژی هەڵبژێرن و کەسانی دیکە لەپێش خۆتان دابنێن. هەموومان بەیەکەوە وەکو یەک خێزان دەتوانین ببینە هیوای نەوەکانی داهاتوو، پەیامی ئەمریکا بەرز رابگرین کە بەرزراگرتنی نیشتیمانە لە رووحی چاونەترسی، باشی و باوەڕدا."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif