هاوکار عزەت
-
هێشتا بەس نییە، ئەم نمایشە هێڵنج ئاوەرە کۆتایی نەهات؟
شەڕە زرتانێی هابیل و قابیل هەر نەبڕایەوە؟
پەردەی وەهمکرد لەسەر عەورەتیان تڵیشی نەبردو هەڵنەدرایەوە؟
ئەمە یەکێکە لە هۆنراوەکانی عەبدوڵا پەشێوی شاعیر کە بۆ ساڵانێکی زۆر پێش ئێشتا نوسراوە.
بەڵام هەرکات سەیری ڕوداوەکان و واقیعی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان هێزە سیاسیەکان، بە تایبەت پارتی و یەکێتی بکەیت هەمان ئەو دێڕە هۆنراوەیە بۆ ئەو واقیعەش دەبێت و گوزارشت لە ڕوداوەکانی ئەو کاتە دەکات کە ئەو هۆنراوەیەی تێدا دەخوێنیتەوە.
ساڵانێکی دورو دێژەو هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی شۆرش و بەرخودانی کوردەوە کێشەو ململانێ و ئاڵۆزیی لەنێوان بەشە جیاوازەکاندا هاتۆتە ئاراوە، وزۆرکات سەری کێشاوە بۆ شەڕو ئاڵۆزیی کردەیی و جنێو و جۆرەها قسەی نەشیاو بە یەکتر. "هەروەک ئەوەی لە کتێبی بیرەوەری سیاسیەکاندا دەیخوێنینەوە".
زۆر کات و لە زۆر وێستگەدا شەڕی ڕاگەیاندن و هێرشی میدیایی و قسەی سەرکردەکان لە میدیا ناوخۆیی و جیهانیەکانەوە بوەتە مایەی نانەوەی ئاشوبێکی گەورەتر و وێڕای زیانە گیانی و مادییەکان، زیانی دەرونی و ئارامی کۆمەڵگەشی بەدوای خۆیدا هێناوە.
شەڕی ناوخۆ یەکێکە کەو بەریەککەوتنانەی کە لەماوەی ساڵانی بەردەوامبونیدا لەلایەن سەرکردە سیاسی و سەربازیەکانی ئەوکاتەوە جۆرەها قسەی نەشیاو و هێرشی توند کراوەتە سەر یەکتر، تا ئەوەی گەشتۆتە سنوری هێرش کردنە سەر ژن و دایک و خوشکی یەکتر وەک کەرەستەیەکی جەنگ و لە ژێر ئەو کلتورە ناشیرینەی کە لە کۆمەڵگەدا هەبوە.
هەموو ئەو ڕوداوانەی ئێستا ڕوودەدەن و بەریەککەوتنی میدیایی و شەڕی ڕاگەیاندنی لێدەکەوێتەوە درێژەی ئەو شەڕەیە کە زیاد لە 70 ساڵ بەر لە ئێستاوە سەری هەڵداوە لە نێوان نەوەی یەکەمی ئەو سەرکردانە دروست بوە کە ئێستا نەوەی سێیەمیان فەرمانرەوان لە هەرێم.
ئێستا و ماوەی چەند ڕۆژێکە بە جۆرێکی تر دیسانەوە هێرشی میدیایی و لێدوانی توند و یەکتر بە درۆ خستنەوە لەلایەن کاراکتەرە باڵاکانی دوو هێزی دەسەڵاتەوە سەری هەڵداوەتەوە و دیسانەوە ئاژاوەیەکی سیاسی_ کۆمەڵایەتی دروست بوەتەوە.
ئەم شەڕەی ڕاگەیاندن و یەکتر تۆماتبارکردن و جنێودان بە یەکەی کە ئێستا لەلایەن سەرکردە باڵاکان و میدیا دەستەمۆکانیان و کادرانی حزب و حکومەتەوە دەکرێتە سەر یەکتر و پەلاماری پیرۆزیەرکانی یەکتر دەدەن، هەموو ئەو لێدوان و قسەو تەشهیرەی کە لەسەر ڕزگارکردنی بستە خاکێک لەلایەن ئەم یان ئەویانەوە دەبێتە مایەی نانەوەی پشێویی کۆمەڵگەو دەرونی تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگەیە ئازار دەدات لە پای چی؟.
ئاخر مەخمور هەرکەس ئازادی کردبێت کەی کێشەیە؟ تۆبیت یان ئەو، ئەوەی گرنگە ئێستا مەخمور ئازادەو هەولێر پارێزراوە و سلیمانێش ئارام! بۆ ناتوانن تەنها یەک جار بەو نەفەسە بیربکەنەوە کە گرنگ ئەنجامەکەیە نەک ئەوەی کێ کارەکەی کردوە؟
کەرکوک کە ئێستا سەرکردەکانی هەردولاتان بە داگیرکراو ناوی دەبەن چ گرنگییەکی هەیە کێ بوەتە هۆی داگیرکردنی؟ گرنگ ئەوەیە ئێستا ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لەوێ ئازار دەچێژن و ڕۆژانە سوکایەتی بە پیرۆزیەکانیان دەکرێت لە گەورەوە بۆ بچوک، ئیتر هەرکەس ڕادەستی کردبێت چ گرنگی هەیە سەوز بێت یان زەرد؟
ئێوە لەتاو ئەوەی کە هێرشێکی توندتر بکەنە سەر یەکتر دیمەنی ناو کۆبونەوە زۆر داخراو و هەستیارەکانی خۆتان و سەرکردەکانتان بۆ ڕای گشتی دەگێرنەوە و پیشانی دەدەن کام سەرکردە لەو حاڵەتەدا دۆخی چۆن بوەو ئەویتریان چی وتوە و ئەمی تریان چی کروە.
بۆ ناتوانن میدیا وەک خۆی بەکار بهێنن و دەیخەنە نێو ململانێ و کێشەو نا رەواکانتانەوەو دەیکەنە بەشێک لەو وێنە ناشیرینەی کە دەتانەوێت بینەخشێنن؟ مەگەر تێگەشتنتان بۆ کرانەوە بەڕوی میدیاو دروستکردنی میدیای زەبەلاح و جیهانگەراییدا هەر ئەمەبوو کە میدیا بکەنە داردەست و کەی ویستتان پەلاماری یەکتری پێبدەن؟
هێندەتان پارەی میللەت لە سپۆنسەرکردن و دروستکردنی پەیج و ئەکاونتدا خەرجکردوە بۆ هێرشکردنە سەر یەکتر، لێشاوێکتان لە خەڵکی جنێو و فرۆش و بێ مۆڕالێ دور لە ئەتەکێتی میدیایی دروستکردوە کە لە کاتە هەستیارەکاندا پەنایان دەبەنە بەر و دەیاندەن بە گژیەکدا.
ببینن هێندە لە نێو خۆتاندا دژ بە یەک کارتان کرد و ململانێی ناشەریفانەو شەڕی راگەیاندنتان کرد، هێندەتان سوکایەتی بە ڕەمزەکانی یەکتر کرد ئەوەتا بێگانەشتان فێری ئەوە کرد هەر یەکەو لەلایەکەوە سوکایەتی بە ڕەمزەکانتان بکەن، ئاخۆ لە خۆتان پرسیوە ئەمە چۆن ڕویداو خەتای کێ بو؟
دەی ئیتر بەسی بکەن و کۆتایی بەم ناتەبایی و دژایەتییە بهێنن و کورد وتەنی تاباو سەبا پێکەوە دابنیشن و ئەو هەرێمەی لەژێر دەستیاندایە بیپاریزن و بەڕیوەی بەرن ، واز لە یەکتر شکاندن بهێنن.
بەسی کەن و کۆتایی بەو بارە دەرونییە خراپە بهێنن کە بۆ هاوڵاتیانی بەش مەینەتی ئەم هەرێمەتان خولقاندوە.
بەسی کەن و با چیدی خوێنی پێشمەرگە نەڕژێت و ئێوەش لەسەر دەستکەوتنی هەندێک دەستکەوت شەرە جنێو و شەری میدیاتان بێت.
بەسی کەن و با ئیتر ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە لەتاو بێدادی و شەری ناڕەوای ئێوە سەری خۆی هەڵنەگرێت و شەپۆلەکانی ئیجە قوتیبدەن.
بەسی کەن ئیتر خۆتان هێندە بچوک مەکەنەوە دۆستەکانی دوێنێتان ئەمرۆ ببنە نەیار و سوکایاتی بە خۆتان و مێژو و ڕەمزەکانتان بکەن.
بەسی کەن بەس....
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق