هارد دیسكی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی بن لادن

ليست هناك تعليقات

عارف قوربانی
-
ره‌نگه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا (مریشك له‌ هێلكه‌یه‌ یان هێلكه‌ له‌ مریشكه؟‌) تێگه‌یشتن له‌وه‌ی كێ‌ وڵاتێكی دامه‌زراوی وه‌ك ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ده‌بات ئاوا قورس بێت. ئایا هه‌ر به‌ڕاستی كێ‌ ئه‌مریكا به‌ڕێوەده‌بات، ئه‌وانه‌ی چوار ساڵ جارێك له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دێنه‌ سه‌ر حوكم، یاخود پلان و ستراتیژێكی دوورمه‌ودا له‌ پشتی ئه‌و شێوازه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌مریكاوه‌یه ‌و ئه‌وانه‌ی دێنه‌ سه‌ر حوكم ئه‌و ستراتیژه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن كه‌ پێشتر داڕێژراوه‌؟

هه‌رچه‌نده‌ مێژووی دوور و نزیكی ئه‌مریكا ئه‌وه‌ی بۆ سه‌لماندووین كه‌ كاره‌كته‌ره‌كانی حوكمڕان له‌ ئه‌مریكا رۆڵی گه‌وره‌یان له‌ ئاڕاسته‌كردنی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا هه‌بووه‌، جیاوازیی دونیابینییان، دۆستایه‌تی كه‌سیی و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ دونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مریكاوه‌ هه‌بووه‌، هه‌روه‌ها جیاوازیی فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانی هه‌ردوو حیزبه‌كه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر ته‌واوی سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری ناوخۆیی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاوه‌ دیاره‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا هه‌ر ناكرێت باوه‌ڕی ته‌واومان وابێت كه‌ بۆ وڵاتێكی وه‌ك ئه‌مریكا به‌ ره‌هایی ده‌سه‌ڵات له ‌ده‌ستی ئه‌وانه‌دایه‌ كه‌ چوار ساڵ جارێك دێن و ده‌ڕۆن.

راسته‌ دامه‌زراوه‌ی ده‌ستووریی و به‌ یاسا چوارچێوه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئاستی توانای بڕیاردان دیاریكراون، به‌ڵام هه‌ر مه‌حاڵه‌ باوه‌ڕ به‌وه‌ بكرێت چاره‌نووسی وڵاتێكی گه‌وره‌ كه‌ چاره‌نووسی مرۆڤایه‌تیشی پێوه‌به‌ستراوه‌، مه‌حكوم بێت به‌ هه‌ڵبژاردن و به‌ دیموكراسیه‌تێك بسپێردرێت كه‌ یاریكردن به‌ وشه‌ و سۆز ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كلاییبكاته‌وه‌. بۆیه‌ چاوه‌ڕوانیكردنی زۆر له‌و ئاڵۆگۆڕانه‌ی به‌هۆی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌ حوكمڕانی ئه‌مریكا دروست ده‌بن، چاوه‌ڕوانییه‌كی بێ‌ئاكامه‌، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ گرێدراون به‌ ستراتیژی ئه‌مریكاوه‌. 

ناكرێت باوه‌ڕی ته‌واومان وابێت لە ئه‌مریكا ده‌سه‌ڵات بە رەهایی له ‌ده‌ستی ئه‌وانه‌دایه‌ كه‌ چوار ساڵ جارێك دێن و ده‌ڕۆن 
لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ پرسێكی گرنگ رابكێشم كه‌ ئه‌ویش ململانێ‌ و په‌یوه‌ندیی نێوان ئێران و ئه‌مریكایه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و چاوه‌ڕوانیانه‌ی خه‌ڵك له‌ ئێران و ناوچه‌كه‌ بۆ دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكا و هاتنه‌ سه‌ر حوكمی بایدن وه‌ك ئومێدێك بۆ گۆڕانكاری دروستیان كردووه‌. به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی ترەمپ چه‌ند رێكارێكی له‌ سیاسه‌تكردن له‌گه‌ڵ ئێران په‌یڕه‌وكرد، وێناكه‌ به‌و جۆره‌ كه‌وته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ میزاجی كه‌سیی ترەمپه‌ و رك و كینه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران هه‌ڵگرتووه‌، بۆیه‌ زۆرێك چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن كه‌ به‌ رۆیشتنی ترەمپ ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر ئێران گۆڕانكارییان به‌سه‌ردابێت.

گه‌رچی له‌ رابردوودا و بە ‌دیاریكراوی له ‌دوای هاتنه‌ سه‌ر حوكمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌سه‌ر ئاستی هه‌ردوولا بۆ رای گشتی، ئێران و ئه‌مریكا وه‌ك دوو وڵاتی نه‌یار خۆیان ناساندووه‌. هه‌ردوولا وایان خستووەته‌ڕوو كه‌ دوژمنی ستراتیژی یه‌كدین. به‌ڵام لە پشتی ئه‌م دیمه‌نه‌ رووكه‌شه‌وه‌ رووداوگه‌لێكی دیکە هه‌ن كه‌ شتی دیکەمان پێده‌ڵێن. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌رئه‌نجامی هه‌ر جۆره‌ ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتێك به‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌ڵبسه‌نگێنین، ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌م دوو وڵاته‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر یه‌ك نه‌خشه‌ و ستراتیژی و بۆ ئامانجگه‌لێكی دیاریكراو كاریان نه‌كردبێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئاویان كردووەته‌ ئاشی یه‌كدییه‌وە. 

چاوه‌ڕوانیكردن له‌و ئاڵۆگۆڕانه‌ی به‌هۆی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌ حوكمڕانی ئه‌مریكا دروست ده‌بن، بێئاكامه 
ئه‌مریكا بە پله‌ی یه‌كه‌م له‌ پشتی هێنانی كۆماری ئیسلامی بوو بۆ سه‌ر حوكم وه‌ك له‌مپه‌رێك له‌ به‌رده‌م گه‌شه‌ی سۆسیالیزم و رێگری له‌ هه‌ژموونی یه‌كێتیی سۆڤیەت بۆ سه‌ر سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ی كه‌نداو. كاتێك له‌ سه‌ره‌تاكانی هاتنه‌ سه‌ر حوكمیشیدا تووشی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق هات، له‌ڕێگه‌ی ئیسرائیله‌وه‌ باشترین جۆره‌كانی چه‌كی ئه‌مریكی ده‌گه‌یشته‌ ده‌ستی ئێران. دواتریش ئه‌مریكا نه‌ك هه‌ر چاوی له‌ په‌لهاویشتنه‌كانی ئێران ده‌پۆشی به‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵكو به‌ ناڕاسته‌وخۆ یارمه‌تیده‌ری گه‌شه‌ی ئێران بوو بۆ ترساندنی وڵاتانی ئیسلامی عه‌ره‌بی سووننه ‌و ته‌سلیمبوونی یه‌ك به‌دوای یه‌كیان به‌ ئیسرائیل. 

ئه‌مریكا به‌ ئێران وڵاتانی عه‌ره‌بی نه‌یاری ئیسرائیلی ترساند و تاوەکو ئه‌و ئاسته‌ ته‌سلیمی ئه‌و ئیراده‌یه‌بوون كه‌ پرۆژه‌ی سه‌ده‌ به‌سه‌ر هه‌موو نه‌یاره‌كانی ئیسرائیلدا بسه‌پێندرێت. با به‌ڕووكه‌ش هه‌ر له‌ تاران مەرگ به‌ر ئیسرائیل بخوازرێت.

دووژمنایەتیی ئەمریکا و ئێران رووکەشە 
پێده‌چێت ئه‌مریكا ئیدی هێنده‌ پێویستی به‌ گورگه‌كه‌ نه‌مابێت بۆ ترساندنی مه‌ڕی عه‌ره‌بی، چونكه‌ ئێستا مه‌ڕه‌كان چوونه‌ته‌ لای شوانه‌ ئیسرائیلییه‌كە و له‌وه‌ ده‌چێت قۆناغی داهاتوو بۆ دڵنیایی شوانه‌كه‌، قۆناخی راوكردنی گورگه‌ بێت. وه‌ك چۆن ئه‌مریكا ئه‌ندازیاری دروستكردنی تاڵیبان بوو، هه‌ر خۆشی ده‌ستیگرتن و هێنایانی بۆ حوكمی ئه‌فغانستان، كه‌ كاره‌كه‌یان ته‌واو بوو، ئه‌مریكا پاڵی پێوه‌نان. 

لە شەڕی هەشت ساڵەدا باشترین جۆره‌كانی چه‌كی ئه‌مریكی ده‌گه‌یشته‌ ده‌ستی ئێران 
ئاماژه‌كان بۆ كۆماری ئیسلامیش هه‌ر ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ترەمپ ده‌یكرد رۆیشتن بوو به‌و رێگایه‌دا و پێناچێت بایدنیش رێگه‌كه‌ی بگۆڕێت. هه‌مان ئه‌و كارته‌ی بۆ تاڵیبان به‌رزیانكرده‌وه‌ و كردیان به‌پاسا و بۆ رووخاندنی، ئێستا له‌ دواساته‌كانی ته‌مه‌نی ترەمپدا، مایك پۆمپەیۆ هه‌مان ئه‌و كارته‌ی خسته‌وه‌ پێشچاوی ئه‌مریكییه‌كان، یانزه‌ی سێپته‌مبه‌ر دیمه‌نه‌ سیحراوییه‌كه‌ی وروژاندنی شێره‌ برینداره‌كه.

پۆمپەیۆ له‌ دوا وتاریدا وه‌ك وه‌زیری ده‌رەوه‌ی ئه‌مریكا پێش ماڵئاواییكردنی دۆناڵد ترەمپ له‌ كۆشكی سپی و به‌رله‌وه‌ی بایدن بچێته‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات، به‌ گه‌لی ئه‌مریكای گوت ئێران له‌ پشتی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیده‌ بووه‌ و به‌رنامه‌داڕێژه‌ری په‌لاماره‌كه‌ی دوو باڵه‌خانه‌ بازرگانییه‌كه‌ی یانزه‌ی سێپته‌مبه‌ره‌. ره‌نگه‌ زۆربن ئه‌وانه‌ی ئه‌م وتاره‌ و ئه‌و ئاماژه‌یه‌ وه‌ك هه‌ر تۆمه‌تێكی ئاسایی یاخود وه‌ك هه‌ر یه‌ك له‌و وتاره‌ دژه‌ ئێرانییانه‌ ببینن كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌ واشنتۆنه‌وه گوێمان لێده‌بێت. به‌ڵام راستی پشته‌وه‌ی ئه‌و وتاره‌ی پۆمپەیۆ شتێكی دیکەیە. 

"ئه‌مریكا ئه‌ندازیاری دروستكردنی تاڵیبان بوو" 
نزیك به‌ دوو ساڵ پێش ئه‌م وتاره‌ی پۆمپەیۆ، من و هاوڕێیه‌كی رۆژنامه‌نووسم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیزنی خۆیم وه‌رنه‌گرتووه‌ تا ناوی بنووسم سه‌ردانی یه‌كێك له‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی عێراقمان كرد، به‌ ڕێككه‌وت كتێبێكم له‌ كتێبخانه‌كه‌ی بینی كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر بوو عه‌وداڵی بووم، به‌ ته‌نزێكه‌وه‌ پێمووت "خۆ تۆ كتێب ناخوێنیته‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌م كتێبه‌ ده‌به‌م و بۆت ناهێنمه‌وه"‌. بانگی هه‌ردووكمانی كرده‌ ته‌نیشتی خۆیه‌وە و گوتی ئێوه‌ هه‌ر بچن بیره‌وه‌ریه‌كانی فڵان و فڵان بخوێننه‌وه‌، له‌سه‌ر ئایپاده‌كه‌ی فایلێكی (سی ئای ئه‌ی) كرده‌وه ‌و گوتی من ئه‌مانه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌ (هارد دیسكی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی بن لادن) هه‌ندێك په‌ره‌گرافی پێشانداین و كه‌وته‌ باسكردنی كه‌ ئێستا ئه‌مریكا كار له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ده‌كات، دوای كوشتنی بن لادن له‌ هارد دیسكی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی تیایه‌ كه‌ ئێران له‌پشتی قاعیده‌ بووه‌ و سه‌رچاوه‌ی مه‌شق و ته‌مویل و ئاڕاسته‌كردنیان بووه‌، ته‌نانه‌ت به‌ڵگه‌ی سه‌لمێندراوی یانزه‌ی سێپته‌مبه‌ر كه‌ ئێران پێی كردوون. كۆبوونه‌وه‌كانیان و داڵده‌دانی خۆیان و ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان به‌ ژن و مناڵه‌كانی ئوسامه‌شه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌مریكا ئیدی سیاسه‌تی به‌رانبه‌ر به‌ ئێران ده‌گۆڕێت، لاوازی ده‌كات، كێشه‌ له‌ناوخۆی دروست ده‌كات تاوەکو ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نامێنێت.

هارد دیسكی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی بن لادن ئه‌و به‌ڵگانه‌ی تێدایە‌ كه‌ ئێران له‌پشتی قاعیده‌ بووه‌ 
ده‌مه‌وێ‌ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و چاوه‌ڕوانیانه‌ی كه‌ پێیان وایه‌ بایدن ده‌رگا به‌ رووی ئێراندا ده‌كاته‌وه‌ و لانی كه‌م ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌و قۆناخانه‌ی پێش هاتنی ترەمپ، جۆرێكه‌ له‌ خه‌یاڵ. ستراتیژی ئه‌مریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئیداره‌ی هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ ده‌ده‌ن، نه‌ك نه‌رمونیانی بایدن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif