میلیشیا ھێزی پشت پێ به‌ستن نیه‌

ليست هناك تعليقات

ئەبوبەکر کاروانی

میلیشیا رێكخستنێكی سه‌ربازیی نانیزامیه‌. میلیشیاکان زیاتر لە کاتی قەیرانەکان و شەڕی ناوخۆدا سەرھەڵدەدەن. مێژووی سەرھەڵدانیشیان کۆنەو بۆ سەردەمی ڕۆمانەکان درێژ دەبێتەوە. زیاد لە پێناسێکیش بۆ چەمکی میلشیاو ناساندن بۆ جۆر و ڕۆڵی، لە سۆنگەی جیاوازی دۆخ و پاڵنەرو گۆشەنیگای فکریەوە خراوەتە روو. ھەندێک جار دەوڵەت خۆی بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە سوپاو ھێزە چەکدارەکانی لەکاتی جەنگەکاندا دروستی دەکات، لە وێنەی سوریا.

بەڵام ئەگەر ئێمە واز لە وردەکاری ئەم بابەتە بێنین و بچینە سەر ئەو خەسڵەتانەی میلیشیاگەری، کەھەر بەبیستنی وشەکە، دەچێتە زەینی مرۆڤی ئاساییەوە، دەڵێین: میلیشاگەری بەشێوەوەیەکی گشتی ئاماژەیە بەدۆخێك، کەتیایدا سەروەری یاساو ئازادیەکان و مافەکانی مرۆڤ لە قەیرانی ڕاستەقینەدان. چونکە لە زۆربەی کاتدا میلیشا نوێنەرایەتی ناسنامەیەکی گروپیی داخراوی ئاینیی، مەزھەبیی، ئیتنی و سیاسی دەکات. ھێزێکی بەسیاسی کراوە. گەر ڕوپۆشێکی ڕواڵەتیی یاسایشی بۆ دروست بکرێت، ناتوانێت ببێتە نوێنەری پڕۆژەیەکی سیاسی کۆمەڵگەیی دروست و ھەمەلایەنە.

لە ڕوویەکی ترەوە، مێژوو ئەزموونی چەندین وڵاتی جۆراو جۆر پێمان دەڵێن، میلیشاگەری تێکەڵەیەکە لە دەمارگیری و رق و سەربازی کرێ گرتەو دڵرەقی و وەلائی سیاسی کوێرانەو حساب نەکردن بۆ یاساکانی جەنگ. لەگەڵ ھەموو ئەوەشدا بەگشتی، میلیشیا بۆ ئامانجێکی کاتی پێکدەھێنرێت. بەڵام کاتیەکە لە وڵات و دۆخێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە. لەو وڵاتانەی دەوڵەت تیایاندا شکست دەخوات، یاخود بە لۆژیکی مافیا بەڕێوە دەبرێن و نوقمی گەندەڵی و نالێپرسراوێتی سیاسین، کاتەکە زۆرتر دەخایەنێت، بەجۆرێك ھەندێ جار وەك ھێزی ئاسایی دێنە پێش چاو، ھێزی سەربازی بەسیاسی کردوو لایەنگریش، با ئاوەڵناوی میلیشیاشی پێوە نەبێت، لە جەوھەردا فۆرمێکی ناولێنەنراوی ئەون.

لە ئێستادا فۆرمێکی جیاوازتری میلیشیامان لە ھەموو ئەوانەش ھەیە کە ئاماژەیە بەڕق و جیاکاری و ھەست بەپەراوێز کەوتن یاخود خۆ بە باڵابینین و ناسنامەگەرایی ھەناوی کۆمەڵگەیەك، وەك ئەوەی لە شوێنێکی وەکو وڵاتە یەکگرتووەکاندا دەیبینین؟! ھەرچۆنێك بێت بوونی میلیشیا ئاماژەیە بە: (ناسەقامگیری، سەقامگیری فشەڵ، ترسی شەڕی ناوخۆ، لاوازی گیانی بەیەکەوە ژیان و نەبوونی پرۆژەی نیشتمانی راستەقینە، دەستێوەردانی دەرەکی).

میلیشیا بە حوکمی زۆر ھۆکار ئەگەر بشتوانێت لە ھەندێک کاتدا ھەڵگری بوغز و ڕقی نەتەوەیی بێت، ناتوانێت ھەڵگری خەونی نەتەوەیی و پڕۆژەی نیشتمانی گەورە بێت. ھەر لەم روانگەشەوەیە میکیاڤیللی وەك بیرمەند و سیاسەتمەدارێك، کە له‌ سه‌رده‌می خۆیدا بەکردەوە، سه‌رپه‌رشتی پێكهێنانی میلیشیای كردووه‌، دید و ئه‌زموونی خۆیمان، له‌به‌ر ڕوناكی و به‌ره‌نجامی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی میلیشیاکان به‌شداریان تێدا كردووه‌، بۆ ده‌خاته‌ ڕوو. له‌ دیدی ئه‌ویشەوە لەوە تێده‌گه‌ین، میلیشیا تەنھا ده‌توانێ له‌ هه‌ندێ شه‌ڕی سنوردار و به‌ هاوكاری هێزه‌كانی تر سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت. بەدەر لەمە له‌ شه‌ڕی گه‌وره‌ و له‌به‌رده‌م له‌شكره‌ به‌هێزه‌كاندا، هه‌ر زوو تێكده‌شكێ و شپرزه‌یی و لێكهه‌ڵوه‌شاوه‌یی دووچاری ریزه‌كانی ده‌بێت.

میكیاڤیلی لە ڕوانگەی بەرەنجامی ھەندێ لە شەڕەکانی وڵاتەکەی لەکاتی خۆیدا، کەمیلیشیاکانیش بەشداریان تێدا کردووە، ئاستی تواناو سروشتی میلیشیامان بۆ ھەڵدەسەنگێنێ و دەڵێت: "میلیشیاكان به‌ مه‌به‌ستی پاسه‌وانی كردنی ئه‌و رێگایه‌ ده‌چنه‌ فلۆره‌نسا له‌ شاری براتۆكۆم بوون، به‌ڵام هه‌ر له‌ یه‌كه‌م هێرشی سه‌ربازه‌كانی ئیمپراتۆردا هه‌را كه‌وته‌ نێوانیان و كه‌سیان سۆراخی ئه‌وی تریانی نه‌ده‌زانی! هه‌ر زوو شاره‌كه‌یان له‌ده‌ست ده‌رهێنرا و تێكشكان، بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌رگریه‌ك بكەن". ڕەنگە بۆ کوردێك، کاتێك ئەم دێڕانە دەخوێنێتەوە، یەکسەر ١٦ ی ئۆکتۆبەر و تێکشکانی ھێزی پێشمەرگەو بەدەستەوەدانی کەرکوکی بەو ئاسانیە بەبیردا بێت. ‌ئەمەش دەیسەلمێنێت، ھەروەك ئاماژەمان پێدا، بە گشتی، میلیشیاكان به‌رگه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌وره‌ و چاره‌نووسساز ناگرن و توانای به‌دیهێنانی ئامانجی نیشتمانی باڵایان نیه‌ وگرەویان لەسەر ناکرێ، (چونکە هیچ كاتێك ناتوانی سوپایه‌كی ئازا و هه‌میشه‌ سه‌ركه‌وتووت هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و سو‌پایه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی گه‌لی نه‌پاراستبێت و نه‌یخستبێته‌ سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی و دڵسۆزیی بۆ نیشتمان نه‌بێت.

ئه‌و سوپایه‌ی هه‌رده‌م سه‌ركه‌وتووه‌، كه‌ هی گه‌لێك بێت و هه‌میشه‌ ئاماده‌ی قوربانیدان و گیان به‌خشین بێت له‌پێناو ئازادی و بڕوا سیاسیه‌كاندا). میلیشیاش بە حوکمی زۆر شت ئاسان نیە ھەڵگری ئەم خەسڵەت و ناسنامەو سروشتە بێت. ھێزی بە سیاسی نەکراو، دەتوانێت لەسەر ئاستی نیشتمانیدا پارێزەری باوەڕی سیاسی و بەرژەوەنی نیشتمانی بێت. ھێزێك، کاری سیاسی و حیزبیی لە ڕیزەکانیدا قەدەغە کرابێت و وەلائی تەنھاو تەنھا بۆ گەل و نیشتیمان و دەوڵەت بێت.
ئەزموونی کوردی باشورو ھەرێمی کوردستانیش، بە تایبەتییش لەدوای ڕاپەڕینەوە، ئەو ڕێساو بەرەنجامگیریەی میکیاڤیللی پشت ڕاست دەکاتەوە. چەکی کوردی لەوساتەوەی بووە بە ئامرازی شەڕی ناوخۆ، با لە ھەمانکاتدا بەرامبەر دوژمنە نەتەوەییەکانیش بەکار ھێنرابێت، ھۆکارێکی شێواندن و بچوککردنەوەی پڕۆژەی نیشتیمانیی کوردستانی و لاوازکردنی توانای بەرگری لەخۆکردن بووە! ئێستاشی لەگەڵدا بێت بۆ پاراستنی خاك و کەرامەت گەلەکەمان، بێ یارمەتی دەرەکی، گرەو لەسەر ئەم ھێزە ناکرێت. ئەمە لە کاتێکدا گەندەڵیەکی بەرفروان لە ناویداو بەناوی ئەوەوە کراوەو بارگرانیەکی گەورەشی لەرووی داراییەوە بۆ حکومەت دروست کردووە!! واتە جگە لەوەی بێ یارمەتی دەرەکی بۆ بەرگریکردن لە ھەرێم و گەلەکەی گرەوی لەسەر ناکرێت، لە ڕێی ئەو بارگرانیە زۆرو ناسروشتیەش کە لەسەر بودجەو حکومەت ئەم و بەگشتی ھێزەچەکدارەکانی تر دروستیان کردووە، پێگەی ھەرێمی لەرووی سیاسی و ئابوریشەوە لاوازکردووە!!

ناکۆکیە سیاسیەکانیش ھێندەی ترئەم دۆسیەیان ئاڵۆز کردووە! بەڵکو بوونی ھێزەکانی ھەفتاو ھەشتا ھاندەرێکی گەورەی قوڵبونەوەی ناکۆکی و بەدابەشمانەوەی ھەرێم و تەشەنەکردنی گەندەڵین، کە سەرجەم ئەم شتانەش زەبری گەورە لە ستراتیژیەتی لەسەر پێ خۆ وەستان و بەرگری لەخۆکردن و پرۆسەی دواخراوی نیشتیمان و نەتەوەسازی و خەمڵاندنی ناسنامەیەکی نیشتمانی دەدەن. ئەم بابەتەش ھی پڕو پاگەندەو پەردەپۆش کردن و بەڵگە داتاشین نیە. نابێت بەشەرعیەت پێدانی یاسایی ڕووکەشیش، خۆمان بخڵەتێنین و وابزانین ھەرێم پێکھاتەی میلیشیایی تێپەڕاندووە، چونکە ھەر ھێزێك لەدەرەوەی دەزگای فەرمی و تایبەتمەندی حکومەتەوە توانرا بجوڵێنرێت وفەرمانی بۆ دەربکرێت و ھێزەکەش گوێڕایەڵی نیشاندا، وە بۆ ململانێ و بەرژەوەندی دەرەوەی نیشتیمانی و حیزبیی و گروپی بەکار ھات و شوناسەکەی تێکەڵ بەئینتیمای حیزبیی کرابوو، وە مەترسی بوون بونەلایەن لەشەڕی ناوخۆی لێ دەکرا، پێناسەی میلیشیای بەسەردا دەچەسپێ؛ چونکە عیبرەت بەناوەرۆکە نەك ناو! ھەموو ئەمەش باس لە پێشمەرگەی ئاسایی نیە کەسەربە توێژە ھەرەبێ بەشەکەی کۆمەڵگەیە،

بەڵکو باس لەو نوخبە حیزبیی وئابوری و سەربازیەیە، کەخواست و ویستی یەکخستنەوەو دووبارە بیناکردنەوەی ھێزەکانی لەسەربناغەیەکی نیشتمانی پتەو نیەو لەدرێژەدان بەم دۆخە خاوەن بەرژەوەندییە! ھەرئەمەش وایکردووە، نەتوانێت لەچوارچێوەی ئەرکە نیشتیمانیەکان وپێویستیەکانی پرۆسەی نیشتیمانسازی، بیربکاتەوەو رەفتار بکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق