زانیاری لەبارەی ڤایرۆسە گۆڕاوەکە لە هەرێم

ليست هناك تعليقات



هەر ڕۆژەی وڵاتێک بڵابوونەوەی ڤایرۆسە گۆراوەکەی تێدا رادەگەیەنرێت. بەراورد بە جۆری پێشوو، ئەم جۆرە گۆڕاوە بەرێژەی 70٪ خێراتر بڵاودەبێتەوە و تەنانەت رەنگە منداڵانیش توش بکات. رێکاری توندتر و کەرەنتینەی کردووەتەوە میوانی هەندێک وڵات، بەڵام هەواڵی دڵخۆشکەر ئەوەیە بە گوتەی پسپۆڕان ناتوانێت خۆی لە داوی پێکوتەکان رزگاربکات و تائیستاش بەرۆکی هەرێمی نەگرتووە.

لە 8ـی مانگی 12ی رابردوو، جۆرێکی گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا راگەیەندرا ، تا ئیستا زیاتر لە 40 وڵات گەشتەکانیان بەرووی ئەم وڵاتەدا داخستووە و ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکەش دەستیانکردووە بە داخستنی فرۆکەخانەکانیان بە ڕووی گەشتیارانی ئەو وڵاتانەی کە ڤایرۆسە گۆڕدراوەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە.

بازدان (Mutation)ی جینێتیکیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا
دکتۆر موراد حەسەن، دکتۆرا لە فارماکۆلۆجی و بایۆسایەنس، دەڵێت "لەو ڕۆژەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ مرۆڤ گوازراوەتەوە، بە هەزاران گۆڕانکاریی جینێتیکیی تێدا ڕوویداوە. زۆربەی ئەو گۆرانکارییانە سادە بوون و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر جۆر، دڕیی و کوشندەیی ڤایرۆسەکە نەبووە. نوێتریین گۆرانکاریی جینێتیکییش کە لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا ڕوویداوە، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا دەستنیشانکراوە."

دکتۆر موراد ئاماژە بەوە دەکات " ئەم ڤارێنتە نوێییەی ڤایرۆسەکە، لە ئەنجامی بازدانی جینێتیکی کە بە بازدانیVUI-2020/01 ناودێرکراوە، بەرهەمهاتووە. وەک هەموو ڤاریەنتەکانی پێش خۆی، ئەم ڤاریەنتە نوێیەش خاوەن پەنجەمۆرێکی جینێتیکیی تایبەتی خۆیەتیی و بەشێوەیەک کە دەکرێ شوێنپێی بە ئاسانی هەڵبگیرێت و سەرەداوەکانی بەردەست بن. لە ئەنجامی ئەم بازدانەدا، ٢٣ گۆڕانکاریی جینێتیکیی لە ڤایرۆسەکەدا ڕوویداوە. لەم ٢٣یە، ١٧یان گۆڕانکاریی جینێتیکیین کە بە نەن-سینۆنەمەس(non-synonymous substitution)ناسراون.
بە وشەگەلێکی سادەتر، بەو مانایە دێت کە ١٧ گۆڕانکاریی لەو ترشە ئەمینییانە ڕوویداوە کە وەک خشتی دیواری پڕۆتینەکانی ڤایرۆسەکەن."

کاریگەرییەکانی گۆڕانەکە لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا
لەبارەی کاریگەری ئەم گۆڕانەشەوە لەسەر ڤایرۆسەکە موراد حەسەن باس لەوە دەکات " بەشێوەیەکی ئاسایی، زۆربەی بازدانە جینێتیکییەکان دەبنە هۆی کزکردن یان لەناو چوونی ڤایرۆسەکان. بەڵام پێدەچێت ئەم بازدانە نوێیەی لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا ڕوویداوە، بووبێتە هۆی ئەوەی کە خێڕاتر بگوازرێتەوە. ئەمەش لە ئەنجامی گۆڕانکاریی لەو پڕۆتینەی کە سپایکی ڤایرۆسەکە پێکدێنن، چونکە سپایک ئەو کلیلەیە کە ڤایرۆسەکە بۆ کردنەوەی دەرگای خانەکانی لەشی مرۆڤ بەکاریدەهێنێت. هەر گۆڕانکارییەکیش لە سپایکدا، دەبێتە هۆی خێراکردن یان هێواشکردنەوەی گوێزانەوەی ڤایرۆسەکە.
بەگوێرەی نوێترین لێکۆڵینەوە لەسەر ڤاریەنتە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەم ڤاریەنتە بە ڕێژەی لە %٧٠ خێراترە لە ڤارینتەکانی پێش خۆی لە گوێزانەوەی نێوان مرۆڤەکاندا."

کۆڤید20 یان ڤایرۆسی گۆڕراو؟
لە ئێستادا لە هەندێک سەرچاوە و پێگەوە ناوی کۆڤید20 بۆ ئەم جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسی کۆرنا بەکار دێت، سەبارەت بەوەی ئایا ئەم ناوە لە رووی زانستیەوە ناوێکی دروستە بۆ ئەم جۆرە گۆڕاوە، دکتۆر موراد بە پەیسەری راگەیاند " نەخێر، کۆڤید 20 بوونی نییە. هەمان کۆڤید-19 یە و تۆزێک گۆڕانکاری جێنێتیکی تێیدا رویداوە."

کاریگەری پێکوتەکان لەسەر ڤایرۆسە گۆڕاوەکە
بەشێکی بەرچاوی پسپۆڕان دەڵێن ڤایرۆسەکە ترسی زۆری نییە و بە ڤاکسینە بەرهەمهاتووەکان کۆنترۆڵ دەکرێت.

ریچارد نەهەر لە ناوەندی زانستەکانی زانکۆی باسڵ لەبارەی ڤایرۆسەکەوە دەڵێت، "لە ئێستادا هیچ نیشانەیەکی مەترسیدار نابینم". ئەندرێس بێرگسالەریش لە ئەکادیمیای زانستەکان لە ڤیەنا پێی وایە، ئەمە مایەی سەرهەڵدانی دۆخێکی زۆر خراپ و لەناکاو نیییە.

پسپۆرە کوردەکەش لەم بارەیەوە دەڵێت" ئەوەی جێگای دڵخۆشییە، هیچ بەڵگەیەک بەدەست نەهاتووە نیشانی بدات کە، ڤایرۆسەکە کوشندەترە وەیا نیشانەکانی کاریگەرترن لەسەر مرۆڤ. ئەوەی ئەم ڤاریەنتە لەوەی پێش خۆی جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە، منداڵانیش دەکرێ دووچاری ببن، بەڵام کاریگەریی و سەختیی نیشانەکانی لەسەر ئەم توێژەی کۆمەڵگا، هەر بە سوکیی دەمێننەوە. جیاکەرەوەیەکی تریش ئەوەیە کە کەسی توشبوو زۆر بەخێرایی نیشانەکانی نەخۆشیی کۆڤیدی تێدا دەردەکەوێت، واتە وەکو ڤارینتەکەی پێشوو نییە؛ ماوەیەکی پێ بچێت تاکو نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەرکەون."

دکتۆر موردا ئاماژەی بەوەشداوە "کۆمپانیاکانی ڤایزەر و بایۆئێنتێک لە لایەک و کۆمپانیای مۆدێرنا لە لایەکی تر، مکوڕن لەسەر ئەوەی کە ڤاکسینەکەیان بۆ خۆپارێزیی دژی ئەم ڤاریەنتەش کار دەکات. ئەم بڕوا بەخۆبونەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڤاکسینەکانی تریان، کە بۆ ڤایرۆسەکانی تر بەرهەمهاتوون، دژی هەموو ڤارینتەکانیان کاریگەر بوون. بۆ ئەم ڤایرۆسەش، ئەگەری هەمان سیناریۆ لەئارادایە. خۆ ئەگەر ئەم ڤاکسینە نەتوانێ مرۆڤ لەم ڤاریەنتە بپارێزێت، ئەوا هەموارکردنەوەی ڤاکسینەکە لە یەک تا دوو هەفتە تێناپەڕێت."

ئەو وڵاتانەی ڤایرۆسە گۆڕاوەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە
ڤایرۆسە گۆڕاوەکە تائێستا لە 34 وڵاتی جیهان بڵاوبووەتەوە و پێشبینی دەکرێت بە خێرای بگاتە وڵاتانی دیکەش.
لەدوای دۆزینەوەی ڤایرۆسە گۆڕاوەکە لە بەریتانیا، هەر ڕۆژەی ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە ڤایرۆسەکە تێیاندا بڵاودەبێتەوە روو لە زیادبوون دەکەن و تورکیا لە یەکەمین ڕۆژی ساڵی نوێدا بووە وڵاتی ژمارە 33 کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە گۆڕاوەکەی کۆرۆنای بە فەرمی راگەیاندبێت.

تاوەکو ئێستا زۆربەی تووشبووان لە وڵاتانی ئەوروپان و لەوانەش بەریتانیا، بەلجیکا، ئیسپانیا، سوید، سویسرا، دانیمارک، فینلاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئایسلاند، ئیتالیا، ئێرلاند، ماڵتا، هۆڵەندا، پورتوگال و نەرویج.

لە کیشوەری ئاسیاش، چین، هندستان، ژاپۆن، ئوردن، لوبنان، ئیسرائیل، پاکستان، سێنگاپور، کۆریای باشوور، ئیمارات، تایوان و ئوسترالیا.

لە کیشوەری ئەمریکا، وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا، بەرازیل و چیلی تێیاندا بڵاوبووەتەوە.

هەرێمی کوردستان و جۆرە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا
ئەمڕۆ شەممە، 2ی کانوونی دووەم 2021، دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ پەیسەر رایگەیاند " خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی جۆرە گۆڕاوەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا تۆمار نەکراوە."

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشدا لە هەرێمی کوردستان " پشکنین و گەڕان بەردەوامە بۆ زانینی هەبوونی ڤایرۆسە گۆڕاوەکە."

لەبارەی گرتنەبەری ڕێکارەکانیش گوتی، "دەستمان کردووە بە گەرتنەبەری ڕێکارەکان و هەر رێکارێکیش پێویست بێت ئێمە ئامەدەین و خاوەنی ئەزمونێکی باشی ماوەی رابردووین."

سەبارەت بە تۆمارکردنی حاڵەتیش بەم جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسەکە لە عێراقدا، دکتۆر سامان بەرزنجی باسی لەوە کرد "تا ئێستا بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە هیچمان پێنەگەیشتووە."
هەر سەبارەت بەم بابەتە، ئەگەر لە عێراق حاڵەت تۆمارکرا، لەهەرێمی کورستانیش کەرەنتینە رادەگەیەنرێتەوە، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەدا، بەپێی پێشهاتە نوێیەکان گرتنەبەری ڕێکارەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.
راپۆرتی پەیسەر پرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق