هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی (زمان بڕین) له‌ کچە شاعیرێكی کورد ده‌كه‌ن

ليست هناك تعليقات



هه‌فته‌ی رابردوو هێزە ئەمنییەکان ئێران تەرانە محەمەدی، شاعیری لاوی خەڵکی بانەیان رفاندووە و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان لێكردووه‌ كه‌ زمانی ده‌بڕن.
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی ١١ی كانوونی دووه‌می ٢٠٢١، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری بانە شاعر و نوسەری لاوی کورد تەرانە محەمەدی بە نازناوی (تەنیا) یان رفاندووە و بردوویانە دەرەوەی شار و وێرای سووکایەتی و بێڕێزی پێکردن یەکێک لە ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان کە بە زمانی فارسی قسەی کردووە هەڕەشی بڕینی زمانی لە تەرانە کردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی محەمەدی رایگەیاند" تەنیا به بنەماڵەکەی وتووە، هێزە ئەمنییەکان چوار کەس بوون و ئۆتۆمبێلێکی جۆری MVM بە رەنگی سپی و شووشە (جام) رەشیان پێ بووە، لە بەرده‌م ماڵەکەمان به‌ ئازارو لێدان خراومه‌ته‌ ناو ئۆتۆمبێلەکە و بردوویانمەتە دەرەوەی شار و دوای بێڕێزی و سووکایەتی و هەڕەشە لێکردن هێناویامەتەوە لە گەڕەکێکی نزیک گەڕەکەکەی خۆمان دایانبەزاندووم".

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی قسەکانیدا وتی" تەنیا محەمەدی لە ماوەی مانگی رابردوودا چەندین جار بە ژماره‌ی نەناسراو په‌یوه‌ندی پێوه‌كراوه‌ و هەڕەشەی لێکراوە، چەندین جاریش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و هێزی ئینتزامی بانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لێکراوە".

رفاندنی ئەو کچە شاعیرە دوای ئەوەی بووە کە ناوبراو لە لایڤێکی ئینیستاگرامی لەگەڵ شاعیری فارس زمان هیلا سدیقی وتبووی "شیعرێک بە زمانی هاوبەش (فارسی) دەخوێنم" و لە وڵامی هیلا سدیقی کە وتبووی "مەبەستتان لە زمانی هاوبەش چییە؟ ئەو قسەیە بەو مانایەیە کە ئێوە خۆتان به‌ ئێرانی نازانن بەڵکو خۆتان بە خەڵکی کوردستانێکی سەربەخۆ دەزانن" وتبووی "بەڵێ ئێوە راست دەکەن من خۆم بە خەڵکی کوردستان دەزانم" و هەروەها بەشداری لە لایڤێکی ئینیستاگرامی هونەرمەندی ناوداری کورد نەجمەدین غوڵامی بووە.

تەرانە محەمەدی تەمەن ٢١ ساڵ و لەدایکبووی شاری بانەیە و ئێستا خوێندکاری مەدەدکاری کۆمەڵایەتی زانکۆی مەهاباد و شارەزایی تەواوی لە سەر زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی هەیە.

تەرانە لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە شیعری وتووە و لە ناو توێژی لاو خاوەن پێگەیە. شیعرەکانی ناوبراو زیاتر لە سەر مافی نەتەوەیی کورد، مافی ژنان، منداڵان و هەروەها دیاردە کۆمەڵایەتییەکان وەک بەشوودانی زۆرەملێیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif