سیاسەتوانێكی باكوری كوردستان دەڵێت: تەنها ئەمریكا دەتوانێت ڕێگری بكات لە هێرشی دووبارەی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان و توركیا و ڕووسیا بەتەمای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی بەڕێوەبەریی خۆسەری رۆژئاوان.
سێدكێ زیلان ڕایگەیاند: پرسی رۆژئاوای كوردستان پرسێكی زۆر گرینگە چونكە خاوەن پێگەیێكی فەرمی نییە وەك مۆدێلی هەرێمی كوردستان. هەرێمی كوردستان بەشێوەی ئاشكرا لەلایەن وڵاتانی ناوچەكەوە دژایەتی ناكرێت، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری كوردی لە سووریا لەلایەن توركیاوە بەبیانووی شەڕی تیرۆر هێرشی دەكرێتە سەر.
ناوبراو دەڵێت: ئەم دژایەتی كردنە لەگەڵ بەڕێوەبەریی خۆسەر لەلایەن وڵاتانی هەرێمییەوە لە دانوستانەكانی ئاشتیدا وەكوو گفتوگۆكانی ئەستانە و سۆچی پلانی بۆ دادەڕێژرێت، نموونەكەشی هەڵكردنی چرای سەوزی ڕوسیا بوو بۆ توركیا و داگیر كردنی عەفرین بوو.
سێدكێ زیلان وتی: ئێران و ڕوسیا رۆڵی سەرەكیان لەسوریا هەیە و توركیا ناوەناوە لەلایەن ڕوسیاوە بۆ هێرش كردنە سەر كوردەكان مۆڵەتی پێدەدرێت و لەبەرامبەردا لەسەر ئیدلیب لەگەڵ ڕوسیا مامەڵە دەكات.
ئاماژەی كرد بەو دەورەی كە هاوپەیمانان دەیبینن لە پاراستنی ئیدارەی خۆسەر لە باكوری سوریا ” ئەگەر ئەمریكا و هاوپەیمانان نەبوونایە وڵاتانی ناوچەكە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان دەخستە مەترسیەوە و لە ناویان دەبرد، هەڵبەت ئەم بابەتە هەرێمی كوردستانی عێراقیش دەگرێتەوە”.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: عەین عیسا ناوچەیێكی ستراتێژیك بۆ كوردەكانە و داگیر كردنی ئەم ناوچەیە لەلایەن توركیاوە دەبێتە هۆی دابڕانی جزیرە و كۆبانێ لە یەكتر و سیناریۆكەی عەفرین دووپات دەبێتەوە.
وەبیری هێنایەوە: تەنها ئەمریكا دەتوانێت ڕێگری بكات لە هێرشی دووبارەی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان.
ئەم سیاسەتوانە كوردە زیاتر وتی: لەئێستادا گەیشتنە ئەنجامی دانوستانی لایەنە كوردیەكانی سوریا بۆ داهاتووی كوردەكان زۆر گرینگە و پێویستە بەزووترین كات بەپێی ڕێككەوتنەكانی هەولێر و دهۆك كوردی سوریا یەكبگرن.
ئەم مافناسە كوردە جەختی كردەوە: كوردەكان لە دوو لاوە گوشاریان خراوەتە سەر. هەم لەلایەن توركیاوە هەڕەشەیان لەسەرە و هەم حكوومەتی ناوەندیی سوریا مەترسییان بۆ دروست دەكات و لەم نێوانەشدا ڕوسیا بەدوای بەرژەوەندییەكانی خۆیدایە. هەر یەك لەم هێزانە دان بە بوونی هێزی كوردیدا بنێن دۆخی كوردی سوریا سەقامگیر دەبێت.
سێدكی زیلان ئەوەشی وت: كوردەكان هیوایان بە هێزی هاوپەیمانان و وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریكایە كە مۆڵەت نەدەن ڕوسیا و توركیا و حكومەتی سوریا هێرشیان بكەنە سەر.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق