پەرەگرافێك لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانیدا

ليست هناك تعليقات

 


هەموان پەیام بڵاودەکەنەوە و قسەی خۆیان و ڕای خۆیان لەسەر دۆخەکە دەڵێن و دەنوسن، بەتایبەت لە بۆنە گشتیەکاندا، زۆربەی پەیامەکانم خوێندەوە بە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمیشەوە، دەمەوێت لە نێو پەیامەکەیدا لەسەر پەرەگرافێك بوەستم کە ئەمەیە 

(بەداخەوە ناكۆكيی سیاسيی نێوان لایەنە سياسييه‌كان بەردەوامە، باری ژیان و دەروونیی خەڵكی كوردستان بە شەڕێكی ئاستنزمى سۆشیاڵمیدیا خراپتر كراوە! زۆركردنی ئەو جیاوازییە سیاسیيانە، هێزی سیاسيی هەرێمی كوردستان زۆر لاواز ده‌كات و دەبێتە هۆی پەرتكردنێكی گه‌وره‌ى كۆمەڵگە، ئەوەش سەقامگیريی كۆمەڵایەتی و ئاسایش لە هەرێمی كوردستان تێك دەدات و پێویستە بە زووترین كات ڕابگیرێت) 

لێرەدا نامەوێ باس لەوادەی نێچیرڤان بارزانی بکەم لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵکو دەمەوێ بڵێم، سەرۆکی هەرێم وەك پۆستێکی باڵای گشتی پەیوەندی بە تاك بەتاکمانەوە هەیە، لەدەرەوەی ململانێ سیاسیەکان و حیزبایەتی، چونکە هەموان پێکەوە لەم هەرێمە دەژین کە ئەو سەرۆکایەتی دەکات. 

من کەمجار پەیامێك دەبینم لە ئاست پرسەکاندا بەرپرسانە مامەڵەی کردبێت، بەڵکو هەرپەیامەو بە جۆرێك بەلایەنداری پەیامەکەی خۆی بچوك کردۆتەوە، بەڵام لەو پەرەگرافەدا سەرۆکی هەرێم ڕوون و بێ لایەنانە قسەیەکی جدی کردوە، ئەویش ناکۆکی ناوخۆیی و کاریگەریە سلبیەکەی، وە نزمی ئاستی ململانێکان. 

مرۆڤ دەبێت بەو جۆرە بیربکاتەوە، بەوجۆرە پەیام بدات، کە ململانێکان ئەگەرچی حیزبەکەی خۆشی تێیدا بەشدارە بەڵام داننان بە بوونی ئەو ناکۆکیە و کاریگەریە خراپەکەی جێگای لەسەر وەستانە، بەبێ ئەوەی ناکیەکە ئاراستەی بەرامبەر بکات. 

کاتێك ئەو پەرەگرافە دەخوێنیتەوە هەست بەبێتاقەتی و بێزاری نوسەرەکە دەکەیت، هەست دەکەیت چۆن بە نیگەرانیەوە دەنوسێت و چ بێزاریەك دەردەبڕێت کە ناکۆکیەکان گەشتوونەتە ئەو ئاستە نزمە، بەتایبەت لە سۆشیال میدیادا، ئەو بەروونی دەڵێت ئەو زمانەی ئێستا ناکۆکەکان قسەی پێدەکەن و جەنگی ڕاگەیاندنی پێ گەرم ئەکەن ئاستێکی نزمی ململانێیە، بەبێ ئەوەی باسی بەرامبەر بکات بەڵکو بەگشتی باس دەکات و ئەمەش ئاماژەیەکی بەرپرسانەیە بۆ کەسێك لە پۆستی باڵادا بێت. 

ئەگەرچی من زۆر تێبینیم هەیە لەسەر سەرۆکی هەرێم، چونکە ئەو دەیتوانی ڕۆڵێکی گەورە بگێڕێت و نەیگێڕاوە، دەتوانێت ئەرکی گەورە جێبەجێ بکات و نەیکردوە، خەریکە خۆی پەراوێز دەخات لە کاتێکدا پێگەی سەرۆکایەتی هەرێم دەتوانێ ڕۆڵی جدی بگێڕیت لە ئاشتەوایی سیاسیدا، دەتوانێت ببێتە کۆکەرەوە، دەتوانێت بەیەك دووری لە حیزبەکانەوە بوەستێت و لەو کاتەدا ناکۆکەکان ململانێکان بۆ ئاستێکی نزم دادەبەزێنن، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، ئەو ڕەنگە یەکێكبێ لەو سیاسیانەی دابڕانی تەواوی لە هیج حیزبێك نەبێت، حیزبەکان کاتێك ناکۆکیش دەبن لەگەڵی گۆشتی دەخۆن بەڵام ئێسقانی ناشکێنن، بۆیە دەبێت وردتر دیراسەی قۆناغی داهاتوو بکات و جدیتر لە پێگەی خۆی وردبێتەوە کە دەتوانێ چی بکات، چۆن بیکات و کەی دەستپێ بکات، چونکە دوور نیە قۆناغی داهاتوو ناکۆکیەکان تەنها لە سۆشیال میدیادا نەمێننەوە، دوور نیە فراوانی نێوان حیزبەکان زیاترببێت لە فەراغی نەبوونی کۆکەرەوەدا، بۆیە لە ئێستادا هەرێم چەند پێویستی بە ڕێککەوتنی بەغدایە، دوو هێندە پێویستی بە ڕێککەوتنی نێوخۆییە، تا درزەکان زیاتر نەبن و حیزبەکان بەجۆرێك لەیەك دوور نەکەونەوە کە دەنگیان بەیەك نەگات، دەبێت سەرۆکایەتی هەرێم ببێتە وێستگەی کۆکردنەوەی ناکۆکەکان، ناکرێت قبوڵی بکات کە شیعەکان نزیکتربن لە حیزبە کوردیەکانەوە تا خودی حیزبە کوردیەکان خۆیان، بۆیە پێویستە سەرۆکی هەرێم ببێتە کلیلی چارەسەری دوورکەوتنەوەکان، هەر بۆئەوەی ئەم دووریانە نەبنە هۆی زیانی گەورە بۆ هەرێم، سەرۆکایەتی هەرێم وەك ئەو پەرەگرافەی کە ئاماژەم پێداوە بیربکاتەوە، دەتوانێ زۆر دەرگای داخراو بکاتەوە و زۆر دەرگای کراوەش کە بەزیانی هەرێمن دابخات. 

من دەزانم ئەوە تەنها بە سەرۆکی هەرێم ناکرێت و پێویستی بە بەدەمەوەهاتنی هێزە سیاسیەکانە، بەڵام بەرای من دەرگاکان هێندە قایم دانەخراون بەسەر کەسایەتی نێچیرڤان بارزانیدا تا نەکرێنەوە، تەنها کەمێك سەلیقە دەتوانێ زۆر کاری گەورە بکات، لانیکەم ناکۆکیەکان لە سۆشیال میدیای بێزارکەرەوە بەرێتەوە نێو هۆڵی کۆبوونەوەکان، ئەمەش یەکەمین کلیلی دۆزینەوەی رێگا چارەکانە، خۆ بە پێچەوانەشەوە هەر هێزێك بەدەم بانگەوازی ئاشتی و پێکەوەبوونەوە نەڕوات خۆی دەخاتە بەردەم پرسیارگەلێك و خەڵکیش بە ویژدانێکی زیندوەوە داوەری دەکات، چونکە لە پانتاییە میدیایی و ڕۆشنبیریەکەدا هێندە خەڵکی بە ویژدان هەیە بزانێ کێ بەرپرسانە مامەڵەدەکات و کێش نابەرپرسانە. 

بۆیە ئەوەی گرنگە ئەوەیە پێگەی سەرۆکی هەرێم بخرێتە خزمەت چاکەی گشتی و ئاشتەوایی سیاسیەوە، بۆ ئەوەی لە سەردەمی ئەم هەموو قەیرانە دروستکراوانەدا قەیرانی ناکۆکی ناوخۆیی تەقینەوەی زیانبەخش بەدوای خۆیدا نەهێنێت. 

عوسمان عبدللە 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق