سەروەت و سامانە زەبەلاحەکەی قەزافی چی لێهات؟

ليست هناك تعليقات



جارێکی دیکە سۆراخکردنی پارە دیارنەماوەکانی موعەمەر قەزافی، سەرۆکی پێشووی لیبیا کەوتەوە بەرباس، فیلمێکی دۆکۆمێنتاری لەبارەی چارەنووسی ئەو پارە زەبەلاحەی قەزافییەوە بڵاوکرایەوە، کە بەبڕوای هەندێک سەرچاوە زیاتر لە 600 ملیار دۆلارە. هەندێکی دیکەش باس لە بڕی زۆر زیاتر دەکەن.

ئەوە جاری یەکەم نییە ئەو بابەتە دەوروژێنرێت، پێشتر و لە ساڵی 2018دا، داواکاری گشتی بەلجیکا دۆسێیەکی بۆ دیارنەمانی نزیکەی 10 ملیار دۆلار لە بانکەکانی وڵاتەکە بەناوی قەزافییەوە کردەوە، لە کاتێکدا سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە کە قەزافی لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتەکەیدا، پارەیەکی زۆری لە لیبیاوە گواستووەتەوە دەرەوە.

موعەمەر قەزافی ماوەی زیاتر لە 42 ساڵ، دەسەڵاتداری یەکەمی لیبیا بوو، ئەو چەندین پۆستی جیاوازی بۆ خۆی داتاشیبوو، لەنێویاندا سەرۆکی یەکێتیی ئەفریقیا کە یەکێک لە خەونە بەدینەهاتووەکانی ئەو بوو.

قەزافی ساڵی 1969 لە رێگەی کۆدێتایەکی سەربازییەوە دەسەڵاتی لیبیای گرتەدەست و کۆتایی بەدەسەڵاتی شا ئیدریس هێنا و کۆماری لیبیای دروستکرد، لەکاتی سەرۆکایەتیکردنی یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ئەفریقیا بە نەوت، ئەو هەمیشە جێگەی مشتومڕ و ناکۆکی قووڵ بوو لەگەڵ دونیای رۆژئاوادا. لە 20ی ئۆکتۆبەری 2011 لە تەمەنی 69 ساڵیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە پاسەوانە کەسییەکانی، لە شاری سێرت کوژرا.

قەزافی تۆمەتبارە بە بەتاڵانبردنی سامانی زۆری وڵاتەکەی لە ماوەی سەرۆکایەتی لیبیادا، لە دوای کوژرانی، سۆراخی زۆر بۆ ئەو پارە خەیاڵییانە دەکرێت کە حکومەتی لیبیا لە ساڵانی دەسەڵاتی ئەودا بەدەستیهێنابوون.

179 فڕۆکە بۆ گواستنەوەی پارە

لێکۆڵینەوە بنکۆڵکاری و فیلمە بەڵگەییەکە کە تەلەفزیۆنێکی هۆڵەندی بەرهەمی هێناوە، گەشتێکی دوورودرێژی بۆ سۆراخکردنی پارەکانی قەزافی، کە لەبنەمادا هی خەڵکی لیبیابوون، ئەنجامداوە، میشا ویسل و تۆماس، کە دەرهێنەری کارەکەن، بەو بەرهەمە هەڵایەکی گەورەیان لە هۆڵەندا نایەوە، کە هەمووی شوێنکەوتنی سەرەداوەکانی چارەنووسی ئەو ملیاران دۆلارەن، کە لەبەردەستی قەزافیدا بوون و وەک هەڵم چوون بە ئاسماندا.

ساڵی 2011 کاتێک قەزافی بۆی دەرکەوت، شۆڕشی خەڵکی وڵاتەکە لە دژی دیکتاتۆریەت و دەسەڵاتەکەی راستییە و چیدی توانای سەرکوتکردنی ئەوانی نەماوە، 179 فڕۆکەی بازرگانیی لیبیا، لەژێر تاریکایی شەوانی وڵاتەکەدا، دەستیان بەگواستنەوەی ملیاران دۆلار بۆ باشووری ئەفریقیا کرد، ئەوکات چەند مانگێکی کەمبوو لیبییەکان لە دژی قەزافی راپەڕیبوون.

فیلمەکە کە ناونراوە "سۆراخکردنی ملیارەکانی قەزافی"، بەڵگەنامەی مەترسیدار و راستی نەدرکێنراو ئاشکرا دەکات، هێشتا تەنیا پڕۆمۆی کارەکە بڵاوبووەتەوە و بەمنزیکانە بە تەواوی پەخشدەکرێت.

بەپێی ئەو بەرهەمە، قەزافی متمانەی بەبانکە نێودەوڵەتییەکان و چەکی بانکەکان نەبووە، بۆیە زۆربەی داهاتی وڵاتەکەی لای خۆی بە کاش گلدەدایەوە، کاتێک کێشەکانی زیادیان کرد، پارەکانی بۆ چەندین وڵات نارد، مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 12 ملیار دۆلاری بۆ باشووری ئەفریقیا ناردبێت.

نزیکەکانی قەزافی، لە فیلمەکەدا قسەیانکردووە، ئەوان دەڵێن قەزافی بەنیازنەبووە لەگەڵ پارەکانیدا بۆ دەرەوەی وڵات هەڵبێت، بەڵکو ئەو پلانی هەبووە بۆ بەردەوامبوون لە شەڕ، هەرچەندە ناچاربێت لە وڵاتەکەش رابکات. ئەو وایدانابوو ئەو پارانە لە دژی بەرهەڵستکارەکانی بەکاربهێنێت و بەپێی پلانەکەی پێویستی بەپارەی زۆر هەبووە. ئەو کەسانە گوتوویانە قەزافی چەندین ساڵبوو پارەی لە وڵاتەکەدا کۆدەکردەوە، بەڵام دواتر بڕیاریدا رەوانەی ئەو وڵاتانەیان بکات، کە دۆست و هاوڕێی زۆربوون تێیاندا.

تاوەکو ئەمڕۆش چارەنووسی بەشێکی زۆری ئەو پارانە نەزانراوە، چونکە پارەکان کە گەیشتوونەتە وڵاتەکە، لە کۆنتێنەری تایبەتدا کۆکراونەتەوە، دواتر رەوانەی شوێنی نادیارکراون لە باشووری ئەفریقیا، هەرچی زانیارییەک لەسەر گەشتی فڕۆکە لیبییەکان هەیە، لەوکاتانەدا کە قەزافی نزیکبووە لە رووخانەوە، لە تۆمارەکانی فڕۆکەخانەکانی باشووری ئەفریقیا رەشکراونەتەوە، بەوەش سەرەداوەکانی لێکۆڵینەوە لە چارەنووسی پارەکان لە تۆمارەکانی فڕۆکەوانیدا نەماون، هێڵێکی یەکجار زۆری گەیشتن بە شوێنی پارەکانی لیبیا بزربوون.

باشووری ئەفریقیا وەک تاوانباری یەکەم

فیلمەکە تۆمەتی دەستگرتن بەسەر پارەکانی لیبیادا، دەداتە پاڵ 'پارتی کۆنگرەی نیشتمانیی' دەسەڵاتداری باشووری ئەفریقیا، چونکە هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە خولی دیارنەمانی پارەکە لەو وڵاتەدا بەبنبەست دەگەن، لەوانەیە بەدەستهێنانەوەیان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی نێودەوڵەتی پێویست بێت. لە کاتێکدا دانیشتووانی لیبیا گیرۆدەی دەستی دەیان تەنگژەی جیاوازبوون.

ئەو دوو دەرهێنەرە لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا، باسیان لە هۆکاری بایەخدان بەچارەنووسی پارەکانی لیبیا داوە، ئەوان دەریانخستووە چیرۆکەکە کاتێک دەستیپێکردووە کە تۆماس بلوم، گەشتیکردووە بۆ لیبیا، لەپێناو تۆمارکردنی پڕۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا بۆ تەلەڤزیۆنی هۆڵەندی، لەوێ هەژاریی زۆری خەڵک لە وڵاتێکدا، کە یەکێکە لە دەوڵەمەندترینەکانی جیهان، سەرنجی دەرهێنەرە هۆڵەندییەکەی راکێشاوە.

بلوم دەڵێ لەوێ گوێم لە هەندێک دەنگۆ بوو، لەبارەی چارەنووسی پارەکانی لیبیاوە، کە رەوانەی دەرەوەی وڵاتەکە کراوە لەلایەن قەزافی خۆیەوە، بەرلەوەی بکوژرێت، ئەو پارانە وەک لیبییەکان باسیدەکەن، کەس چارەنووسیان نازانێت، هەربۆیە ئەو کات، دەرهێنەرەکە وەک خۆی دەڵێ پرسیم: "بۆچی ئێمە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئەو پارانە نەکەین".

لە فیلمەکەدا کەسانی دەوڵەتانی جیاواز دەردەکەون، هەندێک مشتومڕدروستکەر و خاوەن رابردووی گوماناوین، لە کاتێکدا حکومەتی لیبیا لە باشووری ئەفریقیا سۆراخی چارەنووسی ئەو پارەیە دەکات، کە بەر لە چەند ساڵێک لە لیبیاوە چووەتە باشووری ئەفریقیا و حکومەتی لیبیاش بەڵێنیداوە، بڕی 10٪ی پارەکە، بکاتە پاداشتی ئەو کەس یان دامەزراوەیەی چارەنووسی پارەکە و شوێنەکەی دەستنیشان بکات.

پاداشتە زۆرە راگەیەندراوەکەی حکومەتی ئێستای لیبیا، هەندێک کەسی هانداوە بۆ ئەوەی لە باشووری ئەفریقیا بەدوای پارەکەدا بگەڕێن، ئەوان لەو وڵاتە لە سۆراخکردنی بەردەوامن و لە فیلمەکەشدا دەردەکەون، هەندێکیان باسی ئەوە دەکەن پاداشتەکە چەندان ملیار دۆلار دەکات، بۆیە بەشوێنیەوەن.

لە نێو کەسە خاوەن رابردووە گوماناوییەکانی ناو فیلمەکەدا، ئیریک گوید، دەردەکەوێت. ئەو تونسییەکی نزیک لە دەسەڵاتی پێشووی لیبیا بوو، میانگیری کڕینی چەک بوو بۆ حکومەتی لیبیا لەسەردەمی قەزافیدا، ئێستا سەرقاڵی گەڕانە بەدوای پارەکەی لیبیادا.

هەندێک کەسی باشووری ئەفریقی لە بەرهەمەکەدا دەردەکەون، ئەوان لەناو خۆی وڵاتەکە و لە ناو 'پارتی کۆنگرەی نیشتمانیی' ئەفریقیی دەسەڵاتداری وڵاتەکەدا، گوشارەکانیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی پارەکە بگەڕێنرێتەوە لیبیا، بێگومان ئەوانیش چاویان لە پاداشتە زەبەلاحەکەیە، بەڵام خۆ هێشتا حکومەتی باشووری ئەفریقیا دانیبەوەدانەناوە، کە پارەکانی قەزافی گەیشتوونەتە ناو سنوورەکانی ئەو وڵاتەوە.

کوژرانی شایەتحاڵێک و بکوژەکانی

وێڕای نهێنی تەواوی گواستنەوەی دۆلارەکانی لیبیا بۆ باشووری ئەفریقیا، بەڵام هەندێک کەس توانیوویانە وێنەی کۆنتێنەرە گەورەکانی لە تەختەدروستکراو بگرن، کە پڕی دۆلارەکانی لیبیایە کاتێک گەیشتووەتە باشووری ئەفریقیا، ئەو وێنانە بۆ هەندێک کەس نێردراون، لە نێویاندا سیخوڕێکی سڕبی کە لە باشووری ئەفریقیا دەژی.

بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ سیخورە سڕبییەکەدا کردووە، ئەو چەندین وێنەی کۆنتێنەرە پڕ پارەکانی پێشانی دەرهێنەرەکانداوە، کاتێک گەیشتووەتە باشووری ئەفریقیا، بەڵام ئەو سیخوڕە دوای چەند رۆژێکی کەم لە چاوپێکەوتنەکە، بە کوژراوی دۆزرایەوە و گومان لەوە دەکرێت دوو کەس ئەویان کوشتبێت، بەڵام تائێستا بکوژەکان بێسۆراخن.

دوای چەند رۆژێک لە کوژرانی سیخوڕەکە، پۆلیسی باشووری ئەفریقیا تەرمی دوو پیاوی بە کوژراوی دۆزییەوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەریان رانەگەیەنراوە، گومان هەیە ئەە دوو کەسە کوژراوە، بکوژی سیخوڕە سڕبییەکە بن.

دەرهێنەری سەرەکی فیلمەکە کە ناوی تۆماس بلومە، وەڵامی پرسیارێکی داوەتەوە پاش تەواوکردنی کارەکەی. پرسیارەکە دەڵێ: "بۆچی چارەنووسی پارەکانی لیبیا بەنادیاری ماوەتەوە تائێستا؟". ئەو دەڵێت "هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە جاکوب زوما، سەرۆکی ئەفریقیای باشوور لە نێوان 2009 تاوەکو 2018، بەرپرسی دەستبەسەرداگرتنی پارەکەی لیبیایە، پێویستیشە پارتی کۆنگرەی نیشتمانی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکات، چونکە تەنیا ئەو دەتوانێ چارەنووسی ئەو هەموو پارەیە دەستنیشان بکات".

پاداشتەکە ئەرکەکەی قورستر کردووە

دەرهێنەرە هۆڵەندییەکە وایدەبینێت، پاداشتی راگەیەندراوی حکومەتی لیبیا بۆ دۆزەرەوەی پارەکە، پڕۆسەکانی گەڕان و سۆراخکردنی پارەکەی زەحمەتکردووە، بلوم دەڵێت: "ئەمڕۆ بۆ لیبیا ئاشتی لە هەموو شتێک گرنگترە، دوای ئەوە حکومەتی لیبیا دەتوانێت بەفەرمی داوا لە باشووری ئەفریقیا بکات، پارەکانی بۆ بگێڕێتەوە، چونکە حکومەتی لیبیا نابێ چاوی لە کاری خەڵکانێک بێت، کە لەخۆشیی پاداشتەکە دوای پارەکە کەوتوون".

لە فیلمەکەدا، مێژووی پەیوەندییە قووڵەکانی نێوان قەزافی و 'پارتی کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقیا' خراوەتە روو، بەتایبەت کە بۆ چەندین ساڵ، نیلسۆن ماندێلای سەرۆکی ئەو حیزبە، ئیلهامبەخشی قەزافی بوو، هەردوو سەرکردە دوای هاتنە دەرەوەی ماندێلا لە بەندیخانە، یەکتریان بینی.

ماندێلا چەند جارێک گلەیی ئەوەی لێکراوە کە پەیوەندی ناسرووشتیی لەگەڵ قەزافیدا هەبووە، ئەو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە، دەڵێ ئەوەی چاوەڕێدەکات هاوڕێکەم دوژمنی دوژمنەکەم بێت، لەرووی سیاسییەوە کاڵفامە.

قەزافی بە پارە پشتگیری هەڵمەتەکانی 'پارتی کۆنگرەی نیشتمانیی باشووری ئەفریقیا'ی لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەدا کردووە، لیبیا هەژموونێکی گەورەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا هەبوو. بەڵام ئەو هەژموونە لەگەڵ دەسەڵاتی سابۆ مبیکی، سەرۆکی باشووری ئەفریقیا لە 1999 تاوەکو 2008، لاوازبوو. مبیکی دژی هەوڵەکانی قەزافی وەستایەوە، کە دەیویست خۆی بە 'شای ئەفریقیا' بناسێنێت.

پارەکانی قەزافی لە بەلجیکا

دوور لەو فیلمە پڕ وردەکارییەی سۆراخکردنی پارەکانی لیبیا لە باشووری ئەفریقیا، ساڵی 2018 داواکاری گشتی بەلجیکا، بڕیاری لێکۆڵینەوەی لە چارەنووسی نزیکەی 10 ملیار دۆلاری لیبیا لە بانکەکانی خۆیدا دەستپێکرد، ئەو پارەیەش لە سەردەمی قەزافیدا لە چوار بانکی وڵاتەکەدا، هەڵگیرابوون.

لە دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکانی داواکاریی گشتی بەلجیکا، هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەڤانی ئەو وڵاتە، باسیان لەوەکرد پارەکانی ناو ئەو چوار بانکە، بەدەستلەپشتدانی دەوڵەتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی هێرشکردنە سەر قەزافی، بردراونەتە دەرەوەی بانکەکان و لەو گرووپە چەکدارییانەدا خەرجکراون، کە رۆڵیان هەبوو لە شەڕکردن و خستنی دەسەڵاتی قەزافیدا.

هەندێک سەرچاوە گوتیان، پارەکەی لیبیا گەیشتووەتە دەستی کەسایەتییە گەورە سیاسییەکانی لیبیا و بازرگانانی چەک و ئەو کەسانەی تائێستاش لە شەڕکردن لە وڵاتەکەدا بەردەوامن.

ئەحمەد قەزاف ئەلدەم، کەسایەتی نزیکی سەرۆکی کۆچکردووی لیبیا و سەرۆکی 'بەرەی تێکۆشانی سیاسی لیبیا' لە دوای قەزافییەوە، لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2018دا ئاشکرایکرد، 600 ملیار دۆلاری لیبیا لە دوای قەزافی بەجێمان و دەوڵەتانی رۆژئاوا نزیکەی 277 ملیاریان بەهەدەرداوە.

پارەکەی ئەفریقیا لە شاری گۆتنگە

ئەوە تەنیا دەرهێنەرە هۆڵەندییەکان نین باس لە پارەکانی قەزافی دەکەن لە باشووری ئەفریقیا، بەڵکو زۆر سەرچاوەی دیکەش هەمان شت دووپاتدەکەنەوە، بەڵام هەموو جارێک نزیکبوونەوە لە پارەکە، سەرەداوەکان دەئاڵۆزکێنێت و هیچ بەدەستەوە نادات.

بەپێی راپۆرتێک حکومەتی باشووری ئەفریقیا ئاگادارە لەوەی بڕی 179 ملیار دۆلاری لیبیا، بەشێوەیەکی نایاسایی لە وڵاتەکەدا هەیە و ئەو پارەیە لە کۆگاکانی شاری 'گوتنگ' هەڵگیراون، ئەمە جیا لە ملیۆنان تۆن زێڕ و شەش ملیۆن قیرات ئەڵماس.

کەسێک بەناوی ئیریک ئیسکەدەر گۆید، لە ئابی 2014دا کۆمپانیایەکی بەناوی 'گرووپی ئەفریقی بۆ راوێژکارییەکان' لە واشنتن دروستکردووە، بەمەبەستی دۆزینەوەی بڕی 250 ملیار دۆلار و بڕی زۆری زێڕ و ئەڵماسی دیارنەماوی سەردەمی موعەمەر قەزافی.

ئیسکەندەر واژۆی دەسەڵاتدارانی لیبیای بەدەستهێناوە، بۆ وەرگرتنی 10٪ی هەر پارەیەک، کە دەیدۆزێتەوە. ئەمەش وەک پابەندبوونی حکومەتی لیبیا بەو بەڵێنەی پێشتر دابووی.

دۆزینەوەی پارەکان لە فەرەنسا

پێدەچێ قەزافی تەنیا وڵاتێکی وێران و جەستەی نیشتمانێکی خوێناوی بۆ لیبییەکان بەجێنەهێشتبێت، بەڵکو ئەو بەشێوەیەک بێسەروبەرەیی لە وڵاتەکەدا خستەوە، هەڵەکانی ناوی وا بەئاسانی راست نابنەوە.

قەزافی ئەگەر بەدەستی خۆی پارەیەکی زۆری وڵاتەکەی رەوانەی دەرەوە کردبێت و ئێستا چارەنووسی دیار نەبێت، لە نێو وڵاتەکە و لە بانکەکانیدا، دەیان ملیار دۆلاری بەجێهێشت، کە دواتر کەوتنە بەردەستی خەڵک و چەکدارە یاخییەکان و هەمووی بەتاڵانبران، ئەمساڵ چەردەیەک لەو پارانە لە فەرەنسا دۆزرانەوە.

پۆلیسی فەرەنسا رایگەیاند لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، دەستیان بەسەر 160 ملیۆن یۆرۆدا لە پارەکانی لیبیادا گرت، پاش ئەوەی ئەو پارانە لە ساڵی 2017دا لە بانکی شاری بەنغازی دزراون.

ئەفسەرەکانی پۆلیسی فەرەنسا، سەرەداوەکانی پارەکەیان کاتێک کەوتە بەردەست، کە دوو هاوسەریان دەستگیرکرد سەرقاڵی فرۆشتنی بڕێک پارەی کاخەزی دڕاوبوون، ئەوان دەیانویست پارەکە بەکەمتر لە بەهای خۆی بگۆڕنەوە.

پۆلیس ئاشکرایکردبوو، پارەکە لە نێو ژێرزەمینێکی بانکەکەی بەنغازیدا دۆزراوەتەوە، کاتێک ژمارەیەک چەکدار بەڕێکەوت 160 ملیۆن یۆرۆیان دۆزیووەتەوە، کە هەندێکی تێکچووە.

پۆلیسی فەرەنسی بۆی دەرکەوتووە، ئەو پارەیە ساڵی 2010 لە بانکێکی ئەڵمانیا کێشراوەتەوە و لە بانکی بەنغازیدا هەڵگیراوە، دواتر لە کۆی پارە دزراوەکە 80 ملیۆن یۆرۆ بە سەلامەتی و لەبەرئەوەی تێکنەچووە، حەواڵەی چەند بانکێکی دیکە کراوە.

پۆلیسی ئەوروپا لێکۆڵینەوەی لە ئاراستە و چارەنووسی پارە ساخڵەمەکە دۆزراوەکە لە بانکەکەی بەنغازیدا کردووە، بۆی دەرکەوتووە هەندێک لەو پارانە، لەبەرئەوەی ژمارەی زنجیرەییان لای بانکە ئەڵمانییەکە بەردەستبووە، بەکەمتر لە بەهای خۆی بەبڕی 20 تاوەکو 40 لەسەد، لەلایەن مافیای تورکییەوە لە بازاڕدا فرۆشراونەتەوە.

هاوینی 2018 ئەو پارانە لەسەر خاکی ئەوروپا دەرکەوتوون، هەندێکیان بەدەست کەسانی خاوەن وڵاتینامەی تورکییەوە بوون، هەندێکی دیکەش بەدەست کەسانی مەغریبییەوە بووە، کە ئەوانیش گوتویانە پارەکانیان لە بەڵێندەرە تورکییەکان وەرگرتووە.

راپۆرتێکی پسپۆڕانی نێودەوڵەتی تایبەت بە لیبیا، تۆمەتی دزینی پارەی داوەتە پاڵ 'سوپای نیشتمانی' لیبیا، چونکە چەکدارەکانی ئەو دەستیان بەسەر بانکەکەی بەنغازیدا گرتووە و دراوی ناوخۆیی و قورسیان بەتاڵانبردووە، ئەمە جیا لە زیوێکی زۆر کە لە هەمان بانکدا بووە.

بلۆککردنی پارە دزراوەکان

لەدوای بەرپابوونی جەنگی ناوخۆیی لیبیاوە، زیاد لە لایەنێک بەتێوەگلان لە بەتاڵانبردنی بانکەکانی وڵاتەکەدا تۆمەتبارە. ترسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گەڕانەوەی پارەکانی لیبیا بۆ ژێر دەستی گرووپە چەکدار و شەڕکەرەکانی وڵاتەکە، وایکرد، جووڵەی بەپەلە بکرێت بۆ بلۆککردنی هەموو پارە و ماڵوموڵکەکانی لیبیا لە بانکەکاندا.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە بڕیاری ژمارە 1973 لە ئاداری 2011، بڕیاری بلۆککردنی سەرجەم پارەکانی لیبیای لە سەردەمی قەزافیدا دەرکرد، بەوەش وەک فەرەحات بن قەدارە، سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندیی لیبیا ئاشکرایکردبوو، کۆی پارە بلۆککراوەکانی لیبیا بریتییە لە 168 ملیار و 438 ملیۆن لە کاشی پارەی بیانی.

مەحمود جبریل، سەرۆکی حکومەتی راگوزەری لیبیا لە ساڵی 2011دا رایگەیاند، بەریتانیا 30 ملیار، فەرەنسا 12 ملیار، ئەڵمانیا 10 ملیار دۆلار، ژاپۆن 4 ملیار و 400 ملیۆن و هۆڵەندا 4 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری لیبیایان بلۆک کردووە.

پارەکانی لیبیا لە 35 وڵاتی جیاوازن، کە بەسەر چوار کیشوەری جیاوازدا دابەشبوون، هەندێکیان بریتین لە ماڵوموڵکی وەک ڤێلای گرانبەها، پانکی گەشتیاری و هوتێل لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پشک لە یانەی یۆڤینتۆسی ئیتاڵی و پشک لە کۆمپانیای فیاتی ئیتاڵی، ئەمە جیا لە وەبەرهێنان لە بانکی شاهانەی سکۆتلەندا و کۆمپانیای پیرسۆن.

قەبارەی پارە راستەقینەکە چەندە؟

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 10 ساڵ بەسەر کوژرانی قەزافیدا، کەس نەیتوانیوە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، چونکە کەس قەبارە و بڕی راستەقینەی پارەکە نازانێت. هەندێک سەرچاوە باس لە ترلیۆنان دۆلاری بەتاڵانبراو و بێسۆراخ دەکەن.

زاری هادی شلوف، پارێزەری لیبی و ئەندامی 'دادگای لاهای نێودەوڵەتی' دەڵێت: "حکومەتی قەزافی لە دوای ساڵی 1969ەوە کە دەسەڵاتی وڵاتەکەی بەدەستەوە گرتووە، بەبەهای 3 تریلیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە، نیوەی ئەو پارەیە چووەتە خەزێنەی قەزافی و کوڕەکانییەوە".

هەروەها محەممەد عەبدولمالیک، کە بەرهەڵستکارێکی لیبیی دەڵێ تەنیا سامانی قەزافی 80 ملیار دۆلار بووە، کۆی سامانی هەموو ماڵباتەکەشی لە 150 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

پارەکان بۆ کوێ چوون؟

هێشتا تەنیا سەرەداو لەسەر چارەنووسی پارەکان دەردەکەون و هیچ ئومێدێکی راستەقینە بۆ دۆزینەوەی تەواوەتی نییە، بەتایبەت کە پارەکە بەهەموو لایەکدا پەرتکراوە و هەر جارە و سەرەداوێک لە جێگایەکەوە دەردەکەوێت، ئەوەش دەریدەخات تەخشان و پەخشانی زۆر بەپارەکانەوە کراوە.

بەپێی هەندێک راپۆرت بەشێک لە پارەکانی سەرۆکی پێشووی لیبیا حەواڵەی ئەژمارە بانکیی سەر بە دامەزراوەی لیبیا، بۆ وەبەرهێنان کراون لە لۆکسمبۆرگ و بەحرەین. ئەو دامەزراوە وەبەرهێنەرە لیبییە، پارەکانی خۆی لە چوار ئەژمارەی دامەزراوەی 'یۆرۆ کلییەر'دا لە برۆکسل هەڵگرتووە.

زۆر سەرچاوەی لیبیا پێیانوایە، کۆی ئەو پارەیەی لە رۆژی کوژرانی قەزافیدا تەخشان و پەخشانی پێکراوە لە جیهاندا، زیاتر لە 200 ملیار دۆلار بووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif