هەوڵی تیرۆرکردنی چوار چالاکڤان شکستیهێنا

ليست هناك تعليقات



سەرچاوە نزیکەکان لە چالاکڤانانی سەر بە بزاڤی میللیی داخوازیکاری 'چاکسازی و لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران و بکوژانی خۆپێشاندەران' ئاشکرایانکرد، شەوی هەینی، لە چەندین ناوچەی جیاوازی عێراق، هەوڵی تیرۆرکردنی چالاکڤانانی بزاڤەکە دراوە.

سەرچاوەکان گوتوویانە، ئنتیسار جەلوبی چالاکڤان، لە دوای تەقەکردن لە ئۆتۆمبێلەکەی لە رۆژهەڵاتی بەغدا، شانی برینداربووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

ئینتیسار جەلوب جاسم محەمەداوی، لە دایکبووی ساڵی 1958ی شاری بابلە، مامۆستایە و جێگری سەرۆکی رێکخراوی 'بزوور رەحمان'ی ناحکومییە، کە پشتگیری ئافرەتان و منداڵان دەکات. ئەو کە بەرپرسی پەیوەندییە دەرەکییەکانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە لە ئەنجوومەنی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە.

لە شارۆچکەی مەشخاب لە پارێزگای نەجەف، چەکدارانی نەناسراو تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کرد کە هەردوو چالاکڤان، عەلی موسەوی و زەید عێراقی تێدابوون، دوو چالاکڤانەکە بە سەلامەتی لە هێرشەکە رزگاریان بوو.

عەلی موسەوی، دیارترین رووخساری میدیایی و مافناسی داخوازانی بەرزکردنەوەی دەنگی داواکارییەکانی 'شۆڕشی تشرین'ە لە عێراق. ئەو شۆڕشەی ساڵی رابردوو بۆ کۆتاییهێنان بە گەندەڵییەکانی دەسەڵاتداران و چینی سیاسی وڵات و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقدا بەرپابوو.

هەرچی زەید عێراقییە، ئەویش لە رووخسارە دیار و میدیاییەکانی گەنجانی ناڕازیی وڵاتەکەیە، لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوودا، لەلایەن هێزی پاراستنی پارێزگاری نەجەفەوە، دەستدرێژی کرایە سەر.

لە شاری زیقار، بۆمبێکی چێنراو لە نزیک ماڵی کەرار ئەمین، چالاکڤانی شارەکە تەقییەوە و زیانی بە ماڵەکەی و ناوچەکانی دەوروبەری گەیاند.

پڕۆسەکانی هێرشکردنە سەر چالاکڤانان و هەوڵی کوشتنیان، لە کاتێکدا کە خەریکە خۆپێشاندەرانی باشووری عێراق، گوڕوتین بەبەری خۆپێشاندانەکاندا دەکەنەوە، پاش هەفتەیەک لەو هێرشەی ئەندامانی رەوتی سەدر کردیانە سەر مانگرتووانی ناو گۆڕەپانی حەبووبی لە شاری ناسڕیە، کە هەشت کوژراو و دەیان برینداری لێکەوتەوە.

هاوکات شەوی هێزە ئاسایشییەکانی بەغدا، هەوڵی خۆپێشاندانێکیان لە گۆڕەپانی تەحریری شارەکەدا شکستپێهێنا، کە بۆ یادکردنەوەی ساڵڕۆژی بەرپابوونی خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو بوون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif