سلێمانی و دواین خۆپیشاندانەكان

ليست هناك تعليقات




لە سلێمانی ژمارەیەك لەسەر رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان دەستگیركراون.

رۆژێک بەسەر دوایین خۆپیشاندانەکانی سلێمانی تێپەڕیوە. سلێمانی ئارام بووەتەوە و ژمارەیەک هێزی ئەمنیی زۆر لە شوێنی خۆپێشاندانەکانی رۆژانی پێشوو جێگیر کراون. بە هەموو شێوەیەکیش خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کراوە.

رۆژی هەینی 2020/12/11 نزیکەی 60 خۆپێشاندەر و رێکخەری خۆپیشاندانەکان دەستگیرکران و بەشێکی زۆریشیان تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئازاد نەکراون.

یەکێک لە رێکخەرە دەستگیکراوەکان کە رۆژی شەممە 2020/12/12 ئازاد کراوە 

عوسمان گوڵپی کە یەکێک لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە هەر پێش ئەوەی بگەینە شوێنی خۆپیشاندانەکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراین. هەرچەندە بڕیارمان دابوو خۆپیشاندانێکی هێمنانە بەڕێوە ببەین. بەڵام دیار بوو دەسەڵات بڕیاری دابوو کە رێگە ب ەهیچ خۆپیشاندانێک نەدات، بۆیە دەستگیرکراین. ئاخر کەی رەوایە تۆ سزای خەڵکی بدەیت لەسەر ئەوەی کە هاتووە خۆپیشاندان دەکات و دەڵێت برسیمە، بەڵام بە لاتەوە ئاسایی بێت کە بەرپرسانی دەروازە سنوورییەکان بە ملیۆنان دۆلار بدزن و ئەوان سزا نەدەن؟"

تەنا لە پارێزگای سلێمانی لەنێو دەستگیرکراوەکاندا 12 رێکخەر و چوار رۆژنامەنووس و نزیکەی لە 40 خۆپێشاندەر هەن.

بەرزان شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "خۆپیشاندان مافی خەڵکە، بەڵام هێرشکردنە سەر موڵکی گشتی و ترافیک‌شکاندن قبووڵکراو نییە و ناکرێت لەژێر ناوی خۆپیشانداندا زیان بە موڵکی گشتی بگەیێنرێت. لە سەروو هەمووشیانەوە داواکارییەکانی خەڵک رەوایە و دەبێت گوێ لە خەڵکی بگیرێت."

باڵەخانەیەک کە لەلایەن بەشێک لە خۆپێشاندەرانەوە هێرشی کراوەتە سەر، زیان بە رووکاری دەرەوەی گەیێندراوە. هەندێک لە بەربەستە پلاستیکییەکانی سەر شەقامی سالمیش شکێنراون. ئەوانەش چوونەتە پاڵ ئەو 150 باڵەخانە حیزبی و حکومییەی کە بە پێنج رۆژی خۆپێشاندانەکان سووتێنراون و هێرشیان کرایە سەر.

هەروەها لە خۆپێشاندانەکاندا 8 خۆپێشاندەر و دوو پێشمەرگە کوژراون و زیاتر لە 100 کەسیش بریندار بوون.

ئێستا لە سلێمانی و سەرجەم شارۆشارۆچکەکانی خۆپیشاندان کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەوەی کۆتایی نەهاتووە داواکاریی ئەو کەسانەیە کە هاتبوونە سەر شەقام کە داواکاریی هەموو ئەو کەسانەشە کە لە ماڵەکانی خۆیانەوە ناڕازین و داوای مووچە و باشکردنی ژیان دەکەن.

هەر خۆپیشاندەرانیش دەڵێن ئەگەر ئەو داوایانە لە گوتن بسوێن و هەر جێبەجێ نەکرێن، رەنگە خۆپێشاندانێکی گەورەتریان بەدوادا بێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif