بەشێک لە گشت

ليست هناك تعليقات


 دكتۆرە ئاڤێستا كمال
-
-هۆکارەکان

بەر لە هەموو شتێک هۆکار هەیە بۆ هەموو چاکە و خراپەیەک بۆ هەموو باشی و بەدبەختییەک هۆکار پێش هەموو دوالیزمەکانە و ئەو بڕیاردەدات چی دەگوزەریت بۆ نموونە حاڵی ئێستای هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵێک هۆکار گەیشتوەتە ئەم دۆخە تاڵە لەو هۆکارانە :

- هەڵگەڕانەوەی بەهاکان و خۆگونجاندن

سەردەم سەردەمی درۆ، دزی ، دووڕووی ، بەرژەوەندیخوازییە ، لێزان ئەوکەسەیە دەتوانێت خەڵک هەڵخەڵەتێنێت ، زیرەک ئەوەیە زۆرترین بدزێت ، کارامە ئەوەیە زۆرترین چەواشە بکات ، بەڕێزترین ئەوەیە ترسنۆک بێت و لەژێر جۆرەها ناونیشاندا ببێتە پاڵەوان بەدبەخت ئەوەیە پێی بڵێیت ئەبێت ڕاستگۆ ، دەستپاک ، خۆنەویست و بەجەرگ بیت ئەمە نوێترین مۆدێلی خۆ گونجاندنە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا

- نەوەی ئێستا و نەوەی پێشوو نەوەی ئێستا وەک ئەوانەی پێشوو نییە موقەدەساتی نییە ، ئەو پێزانینی بۆ هیچ خەباتێک نییە ، چونکە ئەو ئێستا ئەنجام دەبینێت ، کە ئەو ئەنجامەش هیچ نییە جگە لە وەهمێک ، کە گەورەکان بە گرنگی دەزانن .

-دونیای گریمانەی و دونیای واقع

نەوەی ئێستا سەرجەمی لە دونیای گریمانەی پەپجی و سان ئەندرێسو سۆشیاڵ میدیادا ڕۆچوە لەو دونیایەدا تاک دەتوانێت هەموو شتێک بکات و خۆی پاڵەوانە بۆیە لە ئەرزی واقعیشدا ئەو بوێرییەی بۆ دروست دەبێت و پێی وا دەبێت دەتوانێت هەموو شت بکات .

-پەروەردە و ڕامکردن

سیستمی پەروەردە لەوپەڕی کێشەدایە گومانێکی بەهێزی لەسەر شکستی خۆی درووستکردوە نەوەی ئێستاش دەیەوێت دەرچێت لەو پەروەردەیەی ، کە باوانی ڕامکردوە و دەیەوێت دەنگی خۆی هەبێت .

- خەونی کوردی و سەرابی واقع

خەونی کوردی بریتییە لە ( وەرگرتنی شەهادەیەک ، کڕینی سەیارەیەکی ئاخر مۆدێل ، ژنێک یان مێردێکی عەیارە بیست و چوار ، بوونی خانویەک یان شوقەیەکی موڵک ، ئیشێکی ئامادەی بێ ماندووبوون کە پارەیەکی بەلێشاو بهێنێت ) ئەمەش لە خۆیەوە درووست نەبوە هەڵتۆقینی دەوڵەمەندی تازە پیاکەوتوو و کچە مۆدێل و کوڕ/کچە مەسوول دەستێکی باڵایان هەبووە 

- مێشک شتنەوە و بیرنەکردنەوە

شتنەوەی مێشک لە هەموو بەهایەکی ئینتما بە بینینی گەورەکان ، کە هیچیان بۆ گرنگ نییە تەنها بەرژەوەندییەکانیان نەبێت و بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی هەموو شتێکی ناچیزە بکە دەبیتە خاوەنی خۆت!!!

- داماڵینی کەرامەت و

کەرامەت کاتێک بوونی هەیە ، کە هەستبکرێت هەیە ، کە زەوتکراو و نەبوو ، کە بە ئازادی لە دایکنەبووبیت هیچ مانایەکی نابێت لەمەشەوە خەڵک گیرفانی دەبێت بە سەنگی مەحەکی و هیچ کەرامەتێک لە لاڵانەوە و زەلیل بوون لەبەر کامێراو دەرگای پارەدارێکدا نایگەڕێنێتەوە.

- جەوری ڕۆژگار و هەوری پەمەیی

وێناکردنی وڵات وەک شامی شەریف و چاوپۆشی لە چۆنێتی بەڕێکردنی ڕۆژی کەسیکی ئاسایی و نیشاندانی وەک ئەوەی هەموو کەس لە بەختەوەریدا دەژی دەبێتە هۆکاری کەوتنەخوارەوە لەسەر هەورە پەمەییەکان و بەمەش خەڵک ناچار دەکرێت لە دووفاقییەکدا بژی کە هەموو ڕۆژێک پارچەیەک لە ڕۆح و تەندرووستی ئەقڵی لەدەستدات.

-ئامانج

ئامانج شتێکە گەورەترە لە تاک پڕۆژەیەکە پڕە لە بیرکردنەوە و هوشیاری ، تانوپۆیەکە زۆر بەوردی چنراوە پەروەردەی بۆ سەر ڕێخراوە ، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێمە ئامادەی ئەم ئامانجەین؟ بۆ نموونە کام ئامانج گەورەترە بونیادنانی مرۆڤ و وڵات و هاووڵاتی یان مەرگ لە پێناو بژێوی.

-پێش ئەنجام

پێش ئەنجام ئەوەیە خۆمان بۆ ئامانجەکان یەکلابکەینەوە ، پەروەردە بکەین ، تێڕامان لە وشیاربوونەوەمان بکەین ، بەراوردبکەین لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا ، خۆمان پاکبکەینەوە لە قین و ڕاکردن بە دوای تۆڵەدا ، نەچینە ژێرباری بیرکردنەوەی خەڵکی تر بۆمبابارانی پەروەردەی سەقەتی قوتابخانە و مزگەوت و تیڤی و سۆشیاڵمیدیا و مۆدێلەکان....هتد ڕابگرین .

- ئەنجام

خۆی لە دوای هۆکار و پێش ئەنجامەکانەوە بە سانای دەردەکەوێت و پێویستی بە من و تۆ نییە لە سەرەتاوە دیاریبکەین.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif