موچە یان خزمەتگوزاری؟ ونکردنی واقیع

ليست هناك تعليقات


ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
-
ڕێگا ڕاستەکە ون دەبێت ئەگەر کێشە و ناڕەزایەتی شەقام لە پرسی موچەدا بچوک بکرێتەوە، واتە میللەتێکی ماددی دەبینین ئەگەر بەڕێکخستنەوەی موچەی مانگانە ئەو هەموو ناتەواوی و کەموکورتیانەیتری لەبیر بچێتەوە کە لە ئیدارەدانی حکومەتی هەرێمدا هەیە.
لەڕاستیدا تێگەشتن لەدوو پرسی جیاواز (موچە)و (خزمەتگوزاری) لەلای میللەتی کورد و خۆپیشاندەرانی بەڕێز تێگەشتنێکی تائەندازەیەک ناڕاستە. گریمان حکومەتی هەرێم هەموو مانگێک بەبێ لێبڕین و پاشەکەوت! دەتوانێت موچەی موچەخۆران دابەش بکات بەڵام ئەم موچەیە چەندە زۆریش بێت هێشتا کەمترە لەو پێداویستیانەی حکومەت و کاربەدەستان بەڕێگای جیاوازتر لە هاوڵاتیانی وەردەگرنەوە، واتە کێشەی میللەت لەبنەڕەتدا موچە نییە بەڵکو کارەبا، ئاو، گرانی بازاڕ، گرانکردنی چارەسەرییە تەندروستییەکان، خراپی ڕێگاوبانەکان، گرانی کرێی نیشتەجێبوون، دابەشنەکردنی زەوی بۆ کەمدەرامەتەکان، ساغنەکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و گران کەوتن لەسەر هاوڵاتیان، ناعەدالەتی، بوونی گەندەڵییەکی زۆر، نەبوونی هیچ پێشینەیەک بۆ هاوڵاتیان، نەبوونی هەرسێ بۆری "نەوت، غاز، ئاو"ە لەماڵەکاندا وەک زۆرێکی وڵاتانی ناوچەکە، بوونی بێکارییە، ئینجا موچە!

ڕوونتر بڵێین: ئەوەی وایکردووە موچە بەشی خێزانەکان نەکات، بوونی ئەو هەموو بۆشاییەیە کە لەسەرەوە باسم کردووە، کاتێک موچەخۆرێک تەنها داواکاری ئەو موچەکەی بێت؛ ئەوا موچەکەی چەندە زۆر بێت زۆر بەزوویی لەو خاڵە کەموکورتیانەی حکومەتەوە کە هەمووی بووەتە پارە لێوەرگرتنەوە، پارەکانیان تەواو دەبێت و ناگاتە سەری مانگ تاکو موچەی مانگێکیتر دێت. ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەو هەموو بۆشاییە قورسەی بۆ تەواوی هاوڵاتیان "نەک تەنها موچەخۆر" ئاسان بکردایەو بۆیانی فەراهەم بکردایە، ئەوا موچەخۆران دەیانتوانی بە پارەیەکی کەمتریش لەموچەکانیان ژیانی خۆیان دابین بکەن.

خۆپیشاندان بەشێکە لەهەموو پرۆسەیەکی دیموکراسی، بەڵام پێموانییە هەموو خۆپیشاندانێک تەنها لەسەر داواکاری موچە وەرگیرابێت؟! ئەوەندەی لەدوای ساڵی 2014ەوە لەدۆخی تێکچووی باشووری کوردستان دەڕوانم کە موچەخۆران خۆپیشاندانیان کردووە هەمیشە ئەوە هوتافیان بووە کە تاکو موچەکانیان پێنەدرێت ناچنەوەسەر کارەکانیان!، ئەی لەڕاستیدا نابێت خۆپیشاندان کەلێنی تەندروستیش پڕ بکاتەوە؟ ئەی نابێت خۆپیشاندان پەستان بخاتەسەر حکومەت هێزی کاری ناوخۆیی بخاتەگەڕ و بێکاری خەڵاس بکات؟ ئەی نابێت خۆپیشاندان ناچارکردنی حکومەت بێت تاکو قەرەچاوشارکێی کارەبا ببڕێنێتەوە؟ و ....هتد؟

بەجۆرێک لەجۆرەکان، ئێستا مەشهەدی خۆپیشاندانەکان و هوتافی خۆپیشاندەرانیش هەر موچەکەیە و هەموو ناتەواویەکانیتر نەک دوای موچە دێت بەڵکو هەر باسیشیان ناکرێت، ئەمەش وادەکات حکومەتیش میللەت و هاوڵاتیان بەموچەوە سەرقاڵ بکات و بیر لەکەموکورتییەکانیتری حکومەت نەکەنەوە.
خوڵاسەی کەلام ئەوەیە: ئەگەر هەموو ناتەواوی حکومەت تەنها موچەیە ئەوا خۆپیشاندان بۆ موچە دروستە و مافی خۆپیشاندەرانە. بەڵام ئەگەریش لەخۆپیشاندانەکانی ئەم چەند ڕۆژەی کوردستان بڕوانین کە باسی ناتەواوی و کەموکورتییەکانیتری حکومەت ناکرێت، بەڕاستی بەقازانج بۆ حکومەت شکاوەتەوە کە واپیشان دەدرێت میللەتی ئێمە تەنها کێشەی موچەی هەیە نەک خزمەتگوزاری و شتیتر.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif