د.زوبێر ڕەسول
-
مەبەست لە ململانێی سفری ئەو جۆرە ململانێیەیە کە دواجار هەردوو لایان بەدەستبەتاڵی لێیدەردەچن و ململانێکە نەک لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە، بەڵکو ئەنجامەکەشی بە زۆری بە دۆڕانی هەردوولا کۆتایی دێت.
ململانێی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتیش هەردوو پارتی سەرەکی بەشێکە لەو ململانێ سفرییە و رۆژبەرۆژ بە ئاقارێکی دژاوارتردا تێدەپەرێت بە جۆرێک کە بە هیچ شێوەیەک لە ئاست ئەو دۆخە دژوارەی خەڵک و هەستیارییەی ئەو قۆناخەی ئێستادا نییە.
هەڵبەتە بوونی ململانێی سیاسی لەناو هێزە سیاسییەکاندا دۆخێکی ئاساییە، بەڵام نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت کە بەڕێوەبردنی حوکمڕانی لەلایەن زیاتر لە هێزێکی سیاسییەوە پێویستی بە بوونی رێککەوتنێک لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا هەیە، بە جۆرێک ئەگەر چەندە ناکۆکیش بن، دەبێت لە ئاستێکیدا لەسەر کۆمەڵیک پرس کۆکبن کە تایبەتن بە سەقامگیریی سیاسی و بەرژەوەندیی گشتیی خەڵک، ئەم پرسانە نابێت بخرێنە نێو ململانێی سیاسیی کەرەستەی شکاندنی یەکدی.
لە راستیدا بەشێک لە هۆکاری ئاڵۆزبوونی ئەم دۆخە پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە پارتی و یەکێتی وا نمایش دەکەن کە لەسەر ئاستی جەماوەریدا دژبەیەکن، یاخود جۆرێک لە شاردنەوەی پەیوەندی یان شەرمکردن لە بوونی پەیوەندی لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا هەیە، تا ئاستێک بەشێک لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر نمایشی گوتاری دژایەتیی یەکدی بوونەتە سەرکردە و کارەکتەری سیاسیی دیار!
ئەم جۆرە لە سیاسەتکردن دۆخێکی پۆپۆلیستیی وای دروست کردووە کە بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی ناو حکومەتیش نەتوانن بە ئاشکرا بەرگری لە تیمی حیزبەکەی خۆشیان لەناو حکومەت بکەن. لە راستیدا ئەمە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتداری، بە جۆرێک کە تا سەر بۆ هیچ لایەنێک ناچێتە سەر.
نامەوێت زیاد لە پێویست رەشبین بم، بەڵام لە چوارچێوەی ئەو شێوازەی ململانێدا، پێشبینی هیچ پێشڤەچوون و چاکسازییەکی جیددی ناکرێت کە لە بەرژەوەندیی گشتیدا بێت.
هەرچی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی دەرەوەی هەردوو پارتی دەسەڵاتداریشە دەبێت لەگەڵ خەڵک راستگۆ بن کە ئایا ئەوان دەیانەوێت پارتی و یەکێتی بڕوخێنن، یاخود لە رێگەی میکانیزمی هەڵبژاردنەکانەوە گوشاریان بخەنە سەر و ناچاریان بکەن بە گۆڕانکاری. ئەم هەڵوێستەی لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی تا ئێستا روون نییە. ئەوان لەسەر ئاستی گوتاردا تا ئاستی رووخاندنی ئەو دوو پارتە دەڕۆن، بەڵام لە ئاستی پەیوەندیی ژێربەژێریدا داوای شەریکایەتی لە حوکمڕانیدا دەکەن کە ئەمەش جۆرێکە لە دووفاقیی سیاسی.
دەبێت لایەنە سیاسییەکان لە ئاراستەکردنی ئەو پەیامەدا بۆ خۆیان و بۆ شەقامیش روونتر بن، چونکە هەر یەک لەو دوو ئاراستەیە دوو ئەنجامی جیاوازی لێدەکەوێتەوە کە دەچێتە چوارچێوەی ئەو ململانێ سفرییەی کە هەیە.
بەداخەوە زۆر لایەن هەتا بەشێک لە رۆشنبیرانیش رێککەوتن و هاوئاهەنگیی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار بە مەترسی دەبینن، بەڵام لە راستیدا بەبێ پرسی رێککەوتن و هاوئاهەنگیی ئەو دوو هێزە نە سەقامگیری دەبێت نە دیموکراسی و چاکسازییش، چونکە هەموو ئەم پرسانە پێویستیان بە رێککەوتن هەیە.
رێککەوتنی بژرادەی سیاسی لە هەر وڵاتێکدا تەوەرێکی گرنگی گەشەسەندنی سیاسییە بۆیە ئەگەر ئێمە چاوەڕێ بین کە ئەو فۆڕمەی ململانێ دەتوانێت ئەو دوو هێزە لاواز و شەکەت بکات، ئەوا پێشبینییەکی ساویلکانەیە. ئەوەی لە ئەگەری ئەو ململانێیەدا دەبێتە قوربانی، ئەمە جگە لە ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، دەستوەردانی هێزە هەرێمیەکانیش، تەنیا قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکە، وەک ئەوەی کە ئێستا لە ئارادایە.
هەڵبەتە ئەو رێکنەکەوتنەی هێزە سیاسییەکان لەسەر جیاکردنەوەی ناکۆکییەکانیان لە بەرژەوەندیی گشتی تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا قەیرانی سیاسیی دروست نەکردووە، بەڵکو لەسەر ئاستی بەغداش ئەم قەیرانەی دروست کردووە. گومانی تێدا نییە کە ئەگەر کورد تیمێکی یەکگرتوویان هەبێت، مەبەستم ئەوەیە لە بەغدا لەسەر چەند پرسێک رێککەوتن هەبێت، ئەوا نەک تەنیا لە بەرژەوەندیی پێگەی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵکو لە بەرژەوەندیی گشت لایەنە سیاسییەکانیشە بە ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیشن. چونکە کێشەی دەسەڵاتدارانی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان نە لەسەر فۆڕمی حوکمڕانییە نە لەسەر پرسی چاکسازی و گەندەڵیش، بەڵکو لەسەر لاوازی و پەراوێزخستنی پێگەی هەرێمی کوردستانە کە نەتوانێت لە بڕیاری سیاسی لە عێراقدا کاریگەریی هەبێت.
هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لەژێر کاریگەریی تەواوی سیاسەتی پۆپۆلیستیدایە، کارکردن لەسەر نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە مەبەستی وەبەرهێنانی سیاسی چارەسەری هیچ لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان ناکات، بەڵکو تەنیا بەردەوامی بە کێشەکان دەدات تا ئاستی بنبەستبوونیان. چونکە ئەگەر ئەم دوو هێزە سەرەکییە لەسەر فۆڕمێک و چاکسازی و شێوازێکی حوکمڕانی بۆ هەرێمی کوردستان رێککەوتن نەکەن، لە راستیدا نابێت چاومان لە هیچ دەسکەوتێکی گشتی بێت.
ئەوەی لە هەموویشی جێگەی نیگەرانیی زیاترە ئەوەیە کە ئەم گوتارە پۆپۆلیستییە رۆژبەرۆژ هەواداری زۆرتر لەسەر ئاستی خەڵک بە تایبەتیش گەنجان پەیدا دەکات، بە جۆرێک ئەوەندەی هەواداری نمایشی لایەنە سیاسییەکان و سیاسەتی پۆپۆلیستیی سەرکردە سیاسییەکانن ئەوەندە حەزیان لە زانین و تێگەیشتنی راستەقینەی خودی پرسە سیاسییەکان نییە. ئەم جۆشدانی رای گشتییە وادەکات ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستی پۆپۆلیستی تا ماوەیەکی درێژ بەردەوامیان هەبێت، چونکە ئەم جۆرە سیاسەتانە خەریکە لەسەر ئاستی خەڵکدا بازاڕ پەیدا دەکەن. ئەم بازاڕەش وا لە سیاسییەکان دەکات کە لەسەر بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە سیاسەتانە بەردەوام بن و رەچاوی چارەسەری دروستی کێشەکان نەکەن، چونکە چارەسەری سەرەکی ئەوەیە کە پارتی دەبێت لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکەی ناو حکومەتدا لەسەر فۆڕمێکی چارەسەری بۆ تێپەراندنی ئەو دۆخەی ئێستا بگەنە رێککەوتن. ئەگەر لایەنێک هەوادارانی خۆی بە پێچەوانەی ئەمەوە جۆش بدات، ئەمە ئەگەری رێککەوتنی ئەو دوو لایەنە لاواز دەکات و بەردەوامی بە ململانێ سفرییەکانی نێوان هەردوو لا دەدات.
ئەوەی لەم دۆخە ناهەموارەدا دەکرێت جەختی لەسەر بکرێتەوە ئەوەیە کە گوتاری لادان و رووخاندنی دەسەڵات چارەسەری ئەم دۆخە ناکات، بەڵکو ئاڵۆزتریشی دەکات، پاساوی زیاتریش دەداتە دەست ئەم دوو لایەنە کە بە گومانتر و توندوتیژتر مامەڵە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و شەقامیش بکەن.
هەڵبەتە ئەمە جگە لەوەی ئایا لادانی ئەو دوو لایەنە سیاسییە کە قوڵاییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییان هەیە هەروا ئاسان دەبێت، یان سەردەکێشێت بۆ شەڕێکی ناوخۆیی؟ لە راستیدا ئەمە بە دەگمەن لە شیکردنەوە سیاسییەکاندا رەچاو دەکرێت.
ئەمریکییەکان ئەو هەموو سامانە گیانی و ماددییەیان لە عێراق خەرجکرد، کەچی وەک ئەوەی هیچیان نەکردبێت وایە. لەم بارەیەوە چەندان نموونەی دیکەی نزیک هەن، بۆیە من باشترکردن و ریفۆرمکردنی ئەوەی کە هەیە ئاسانتر دەبینم لە رووخاندن و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی، ئەمە جگە لەوەی تائێستا ئێمەی کورد لە سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی هیچ ئەزموونێکی حوکمڕانی سەرکەوتوو نەبووین.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق