چۆن ئەھریمەن لەدایکبوو؟

ليست هناك تعليقات


بەختیار علی
-
ھونەری حوکمکردن، تەنیا و تەنیا جانەوەری خولقاندوە
«سان جۆست»

لە زۆر لە نوسینی پێشوودا تا ئەندازەیەک بەدرێژیی باسم لەو تێزە سەنتراڵەی کەپیتالیزمی خۆرھەڵاتی و کەپیتالیزمی کوردی کردوە، وەک جۆرە سیستمێک کە پێویستیان بە «مرۆڤ» نییە. بەوەدا سەرمایە لە ناو ئەم سیستمەدا لە ھێزی کار و بەرھەمی ئیشی مرۆڤەکانەوە نایەت، نرخی مرۆڤ و نرخی کارکردنی و نرخی ژیانی لە نزمترین ئاستدان.

ئەوەی لە ئێستادا لە کوردستان و عێراقیش بە گشتی ڕودەدات سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە مرۆڤ بۆ ئەم جۆرە لە کەپیتالیزم شتێکی زیادە و دەتوانێت دەستبەرداری بێت. ئەمە خاڵی تایبەتمەندی و بەھێزی ئەو جۆرە کەپیتالیزمەیە، بەڵام ئەو خاڵەشە کە تەواوی پڕۆژەکەی لە ئاستیدا ھەرەسدەھێنێت. بەپێی ئەم یاسایە کە ئینسان بۆ سیستەم بوونەوەرێکی زیادی بێبەرھەم و بەرخۆرە، نەدانی موچە نیشانەی قەیران نییە، بەڵکو جەوھەری سیستمەکەیە، خواست و ئامانج و گەشەی سروشتی ئەم شێوە لە کەپیتالیزمی بەربەرییە. جەوھەری ئەم سیستمە ئەوەیە لە کاتی زۆرێتی و خۆشگوزەرانیدا کۆمەڵگا دەگۆڕێت بۆ ئامێرێکی ترسناکی بەرخۆریی، بۆ کۆمەڵگایەک لە مرۆڤی تێرنەخۆر و مەسرەفگەرا، لە کاتی کەمھێنان و قازانج کزیشدا بەشە زیادەکانی خۆی فڕێدەدا، برسیکردنی خەڵک و فەرامۆشکردنی ئینسانەکان بۆ چارەنوسی تاریکی خۆیان دەبێت بە خەسڵەتی سیستەم.

لە ئێستای ئەم بارودۆخەدا بە گشتی موچەخۆران لە دیدی سیستمەوە زیادەیەکن کە بوون و نەبوونی سەرمایە بەوانەوە گرێ نەدراوە، موچەخۆران بەرخۆری ناو سیستمەکەن و لەو کەپیتالە دەبەن کە دەشێت گەڵاڵەبکرێت. سەرمایەی بەشەری لێرەدا ھیچ نییە جگە لە بار بەسەر سەرمایەی ئابوورییەوە.

ئەم جۆرە لە کەپیتالیزم دڕندەترین جۆری کەپیتالیزمە، کە زۆر لە کەپیتالیزمی ئەوروپی لە سەرەتاکانی گەشەیدا دڕندەترە، لە یاساکانی گەشەی کەپیتالیزمی ئەوروپیدا «بەرھەمھێنانەوەی بەرھەمھێن» شوێنێکی گرنگی گرتووە، چونکە کرێکار وەک ھێزێکی بەرھەمھێن دەبێت ئەوەندە ھێزی ھەبێت بتوانێت بە باشی کاربکات، لێرەوە مانەوەی «ھێزی کار» بە ئەکتیڤی شوێنێکی گرنگی لە ناو سیستمەکەدا ھەیە، بەڵام لەم شێوە کەپیتالیزمە خۆرھەڵاتییەدا کە ھەر لە بنەڕەتەوە لەسەر کولتوورێکی دامەزراوە کە مرۆڤی بۆ گرنگ نییە، فەرامۆشکردن و بایەخ نەدان بە مان و نەمانی خەڵک بەشێکی گرنگی مۆراڵ و کولتوورێتی.

ئێمە ئێستا شێوازێک لە کەپیتالیزم دەژین کە تەنیا بە برسیکردنی مرۆڤەکان تا ئەوپەڕی دەتوانێت سەرمایە گەڵاڵەبکات. ئەمەی تێیدا دەژین قەیرانی مۆدێلێکی حوکم نییە، بەڵکو قەیرانی مۆدێلێکی کەپیتالیزمە.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە لە جێگایەکی وەک کوردستاندا چۆن دەگەینە سەر ئەم فۆرمە لە کەپیتالیزم، وەک دەستپێک دەبێت لەو پرۆسێس و قۆناغ بەندییە بڕوانین کە سەرمایە لەم سی ساڵەی دواییدا گەشەی تێدا کردوە.

ڕاستە نوخبەی کەپیتالیستی لە کوردستان ناوکەیەکی خێڵەکی و بنەماڵەیی ھەیە، بەڵام بۆ ئەوەی لەم دۆخەی ئەمڕۆ تێبگەین، پێویستیمان بە خوێندنەوە و تێڕامانی زیاتر لە گەشەی ئەم نوخبەیە ھەیە. ئەم نوخبەیە لایەنیکەم بە چوار قۆناغی جیاوازدا ڕۆیشتووە تا گەیشتۆتە ئەم فۆرمە لە کەپیتالیزمی دڕندە و بێباک و فاشیستی کە ئەمڕۆ دەیبینین. سەرەتا نوخبەیەکی سیاسی ڕووتە کە کۆنترۆڵی ئەو دەزگا لاواز و کارتۆنییەی کردوە کە ناوی حیزبە، نوخبەیەکە لەسەر شانی دروشمە نەتەوەیی و سیاسییەکانی سەردەمی خەبات دژ بە دیکتاتۆرییەتی بەعس گەورە بووە، سوار دروشمە ڕەنگاوڕەنگەکانی ناسیونالیزم بووە، وەک زۆربەی بزاوتە ناسیونالیستییەکان بە فرۆشتنی خەونی گەورە و وەھمی گەورە دەستی پێکردوە. لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەم نوخبەیە لە دەستەیەکی سیاسی بێدەسەڵاتەوە گەشەدەکات بۆ دەستەیەکی سیاسی فەرمانڕەوا و حاکم، واتە قۆناغی دووەمی ئەم نوخبەیە گواستنەوەیە لە کۆنترۆڵی حیزبەوە بۆ کۆنترۆڵی دەوڵەت و دەزگاکانی. ئەم گواستنەوەیە لە «نوخبەیەکی سیاسییەوە» بۆ «نوخبەیەکی حاکم» پێش مەرجی ھەرە گەورەی گواستنەوە و وەرگەڕانە بەرەو «نوخبەیەکی کەپیتالیستی». بەبێ کۆنترۆڵکردنی دەزگای دەوڵەت، زامنکردنی پرۆسێسی گواستنەوە لە نوخبەیەکی سیاسییەوە بۆ نوخبەیەکی کەپیتالیستی کاری نەکردەیە، دەوڵەت لە کوردستان ھیچ نییە جگە لەو ماشێنەی ئەم پرۆسێسی ئاڵوگۆڕەی لە ناودا ئەنجام دەدرێت.

بە کورتی ئەو دەزگایەی کە پێیدەگووترێت حکومەتی ھەرێم لەسەرەتاوە یەک وەزیفەی سەرەکی ھەیە، ئەویش ئەوەیە ڕۆڵی ئەو قۆزاخەیە دەبینێت لە ناویدا نوخبەی سیاسی لە کرمێکی سیاسی بچوکەوە گەشەدەکات بۆ ئەوەی ببێتە مێروویەکی باڵدار و چزوداری کەپیتالیستی.

سەرەتا ئەمجۆرە لە کەپیتالیزم تەنیا لە ناو دەزگاکانی دەوڵەت و بە ڕێگای بەکارھێنانی گرێبەست و بەخشینی ئیمتیازات و دزین لە پارەی دەوڵەت دەست پێدەکات، بوونی بەوەوە گرێدراوە کە سەرچاوە ئابوورییەکەی لە ڕێگای دزین لە گومرگەکان و پارەی گشتی دابیندەکات، ھێشتا سەرمایەیەک نییە بتوانێت بە تەواوەتی لە شێوازە سادەکانی گەندەڵییەوە بگوازێتەوە بۆ فۆرمێکی مەکیاژکراو و بۆیەکراوی وەک فۆرمی بیزنس و سەرمایەگوزاری و کۆمپانیا دروستکردن. ئەمە بەو شێوازە سنووردار و شەرمنە دەمێنێتەوە، تا دەوڵەتی بەعس دەڕوخێت و سەردەمێکی نوێ دەست پێدەکات و بودجەی گەورە لە بەغداوە دێت، لەدوای ئەوە ئەم نوخبەیە وەک مانگایەکی شیردەر سەیری حکومەتی ھەرێم دەکات، وا لێی دەڕوانێت کە دەکرێت تا دەتوانێت بیدۆشن.
لەم قۆناغەدا دەوڵەت و سەرمایە یەک یەکتری تەواودەکەن، دەوڵەت بایەخێکی گرنگی ھەیە و شوێنی یەکەمی زامنکردن و کۆکردنەوە و بەگەڕخستن و شەرعییەتدانە بە کەپیتاڵ.

لە ھەناوی دەوڵەتدا ئەم نوخبەیە لە نوخبەیەکی فەرمانڕەواوە گەشە دەکەن و لە نوخبەیەکی سیاسی فەرمانڕەواوە دەبن بە نوخبەیەکی ئابووری، بەڵام لەم قۆناغەدا پێویستییەکی زۆریان بە دەوڵەت ھەیە، پێویستیان بە وەدەستھێنانی متمانەی ناوەوە و دەرەوە ھەیە تا کەشێکی لە بار بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە بڕەخسێنن، ھێشتا سروشتە بەربەرییەکەیان تەواو خۆی ئاشکرا نەکردوە، پێویستییەکی زۆریان بە سەرمایەدارەکانی ناو بازاڕ و دەرەوەی دەسەڵات ھەیە تا کەناڵی گواستنەوەی پارە لە ناو دەوڵەتەوە بۆ ناو بازاڕ مسۆگەربکەن، ئیدی تەریب بە ھەموو کەسایەتییەکی ناو دەسەڵات گروپێک لە کەپیتالیستی بچوک و وابەستە و پارەگێڕ لە دەرەوە دروستدەبێت، ئەم دەستە کەپیتالیستییە وردە وردە لەدەرەوەی دەزگاکانی دەوڵەت سێبەری گەورە و درێژ و بەھێز بۆ خۆی دروستدەکات، ئەم پرۆسێسە پێویستی بەوە ھەیە کە ئەم جۆرە سەرمایەیە لە سەرمایەیەکی دزراوەوە وەربگەڕێت بۆ فۆرمێکی نوێ، فۆرمێکی قەبووڵکراوتر، فۆرمێک باشتر و ئاسانتر لەگەڵ سروشتی کەپیتالیزمی ئەمڕۆی دونیادا بگونجێت، بۆ فۆرمی بزنس و بازرگانی و ئاوەدانیی و کاری میدیایی. بەم پرۆسێسە نوخبەی کەپیتالیستی ھەم سەرچاوەکانی داراریی خۆی وندەکات و ھەم فۆرمێکی قەبووڵکراو دەبەخشێتە خۆی.

بە کورتی ھێدی ھێدی کایەی سیاسی لەوەدەکەوێت جێگا ھەرە گرنگەکەی ئەم نوخبەیە بێت، ھەژموونی بەسەر کایەی سیاسیدا تەنیا بۆ پاراستنی ھەژموونێتی بەسەر کایەی ئابووریدا، واتە بۆ دابینکردنی سوپا و پۆلیس و پاسەوانە بۆ زامنکردنی پرۆسەی گۆڕینی سەرمایەی دەوڵەت و موڵکییەتی گشتییە بۆ سەرمایەی ئابووریی و موڵکییەتی تایبەت تایبەت.

لە جێگایەکی وەک کوردستان کە پێشتر سەرمایەی تایبەت و کەپیتالی شەخسی بڕە سەرمایەیەکی زۆر کەم و بێجوڵە و بچوک بووە، بەبێ کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت پرۆسەی گۆڕینی کۆی سەرمایەی گشتی و موڵکییەتی گشتی بۆ موڵکداریی تایبەت کاری نەکردەیە، ئەم پرۆسێسە گەورەترین و خێراترین و نامرۆڤانەترین پرۆسێسە لە مێژووی ئابووری کوردستاندا، سەرانی ھەرە سەرەوەی حیزبەکان و ئیدارە دەوڵەتییەکان ئەندازیاری پڕۆسێسی «تەیبەتاندن ـ خێخێە» و لوتکەی ھەرەمی کەپیتالیستە دڕندە و تازەکانن، ئەوان ئەو کەناڵەن کە پارەی گشتی لە ھەناوی دەوڵەتەوە دەگوازێتەوە و دەیگۆڕێت بۆ فۆرمی کەپیتالی شەخسی. ڕەنگە لە مێژوودا کەم ڕوویدا بێت بەو خێرایی و بە پرۆسەیەکی وازەق و زۆرەملێ تەواوی موڵکییەتی گشتی بخرێتە سەر فۆرمی موڵکییەتی شەخسی.

لەم قۆناغەدا ململانێ لە سەر دوو تەوەر چڕدەبێتەوە، تەوەرێکیان عەقڵییەتێکی یۆتۆپی خورافی حوکمیدەکات، وادەزانێت ئەوەی ڕوودەدات بە ھۆی ھەندێ کەموکورتی ئیدارەدان و لادانی ئەخلاقی ھەندێ کەسەوە دروستبووە و گەندەڵی دیاردەیەکە لە ڕێگای ڕیفۆرمی دەوڵەت و ئیدارات و چاودێری پەرلەمانییەوە چاکدەکرێت. ئەم تێڕوانینە خورافییە لەوەوە ھاتووە پێی وایە دەوڵەت دەتوانێت دەزگایەکی گشتی بێت و تەعبیر لە قازانج و خواستی ھەموو کۆمەڵگا بکات و لە دەرەوەی ململانێ ئابوورییەکان جۆرە حوکمێکی دادپەروەرانە دابمەزرێنێت کە دەکرێت ببێت بە زامن بۆ دامەزراندنی جۆرێک لە حوکمڕانی ھاوسەنگ و مرۆڤدۆست. ئەم عەقڵییەتە ھەر لە بنەڕەتدا نەیتوانیوە لە سروشتی بەربەریانەی کەپیتالیزمی خۆرھەڵاتی تێبگات، لێرەوە پڕۆژە ڕیفۆرمیستییەکانی لەسەرەتاوە کۆمیدیی بوون و ھەمیشەش ھەر بە کۆمیدیا تەواو دەبێت. کێشەی ئەم عەقڵییەتە ئەوەیە کە ئەم پرۆسێسە جەوھەرییەی گەشەی سەرمایەداریی بە گەندەڵی تێگەیشتووە، وە پێی وایە لەو بازنە کولتووری و سیاسییەی کوردستاندا دەشێت جۆرێک لە کەپیتالیزم ھەبێت گەندەڵ نەبێت، یان ئەگەر سەرمایەکە لە دەستی یەک بنەماڵەدا نەبوو لەسەرمایەداریی دەکەوێت. پێی وایە ئەگەر گومرگەکان لە لایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵکران و پارەی نەوت گەڕایەوە خەزنەی دەوڵەت کۆتایی بە نادادپەوەریی دێت و کەپیتالیزم بەرگە دڕندە و بەربەرییەکەی خۆی دادەماڵێت. خاوەنانی ئەم وەھمە شەڕ لەسەر ڕیفۆرمکردنی دەوڵەت دەکەن، بێئەوەی لەو ڕاستییە تێگەیشتبن ڕیفۆرمی لەوجۆرە تەنیا بە نەھێشتنی فۆرمی کەپیتالیستی دەوڵەتدا تێدەپەڕێت. بەشی ھەرە زۆری ئەم ڕیفۆرمیستانە ئەوانەن کە دژی مۆنۆپۆڵکردنی کەپیتالن لە دەستی تاقمێکی بچوکدا و داوای فراوانکردنی بازنەی کەپیتالستەکان دەکەن و داواکەیان دابەشکردنێکی عادیلانەتری سەرمایەیە لە نێوان سەرمایەدارەکان خۆیاندا، نەوەک لە نێو خەڵکدا.

تەوەری دووەمی ململانێ لەم قۆناغەدا لە نێوان کەپیتالیستە بچوک و لاواز و دێرینەکاندایە لەگەڵ ئەو جانەوەرە زەبەلاح و تازانەی لە ھەناوی دەوڵەتەوە دێنەدەرێ. ئەم ململانێیە ململانێیەکی زۆر توند نییە، کەپیتالیستە نوێکان ھەر زوو ئەو کەپیتالیستە پیر و لاوازانە قووتدەدەن یان دەیانکەن بە شەریکەبەش ، یان دەیانگۆڕن بۆ کەناڵێکی شاردراوە بۆ سپیکردنەوەی سەرمایە. لێرەوە دەتوانین بڵێین تاکە فۆرمی کەپیتالیزم کە ئێستا لە کوردستاندا ھەیە، ئەو فۆرمەیە کە لە ھەناوی دەوڵەتدا گەشەیکردوە و پەرەیسەندوە. واتە کەپیتالێکی سەد دەر سەد سیاسییە، ھەر خودی نوخبەی سیاسییە، بە پرۆسێسێکی شێوەگۆڕکێ «میتامۆرفیسم» بۆتە نوخبەیەکی کەپیتالیستی.
لەگەڵ گەشەکردنی ئابووری نەوتدا ئەم نوخبەیە دەچێتە قناغێکی نوێوە، ڕاستەوخۆ بوون و نەبوونی دەبەسترێتەوە بە کۆمپانیا گەورەکانی نەوتەوە.

دەرھێنانی نەوت لە سەرەتادا وەک پڕۆژەیەکی حکومی دەست پێدەکات، لەگەڵ فراوانبوون و گەورەبوونی بازنەی دەرھێنانی نەوتدا، توێژی باڵادەست و سەرەوەی ئەم نوخبەیە لەوە دەردەچێت بوون و قازانجی خۆی تەنیا بە بزنسی بچوک و پڕۆژەی خانووبەرە و بازرگانیکردنی لۆکاڵ و کۆمپانیاکانی تەلەفونەوە ببەستێتەوە و دەبێت بە فۆرمێکی نوێی کەپیتالیزم کە دەیەوێت لەسەر ئاستی ئینتەرناسیونال یاریبکات و ببێت بە بەشێک لە تۆڕی سەرمایەی جیھانی، بە جۆرێک بتوانێت لەسەر ئاستی دونیا کەپیتالی خۆی بجوڵێنێت.

لەم قۆناغە تازەیەدا کە کەپیتال قۆناغی سەرەتایی گەڵاڵەبوونی لە ھەناوی دەوڵەتدا تێپەڕاندوە، پێی وایە ئیتر دەتوانێت لە پشتی دەوڵەتەوە، ڕاستەوخۆ وەک پەیوەندی کەپیتالیست بە کەپیتالیستەوە کاربکات. لەم قۆناغەدا بەستنەوەی سامانە سروشتییەکان و کێڵگەکانی نەوت بە فۆرمێکی ئیدارەی دەوڵەتییەوە دەبێتە ڕێگری گەورە لە پڕۆسێسی گۆڕینی سەرمایەی گشتی بۆ سەرمایەی تایبەتی. گەورەترین ئاڵوگۆڕ لەم فۆرمەدا ئەوەیە چیتر کەپیتاڵ لە ناو دەوڵەتەوە نایەتەدەرەوە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرمایەی شەخسی، ئەم فۆرمە لە گەندەڵی یان لە گەڵاڵەی سەرمایە دەبێت بە فۆرمێکی کلاسیکی. لەم قۆناغەدا نوخبەیەک سەرھەڵدەدات کە ئیشیان جیاکردنەوەی «سەرمایەی نەوتە» لە «سەرمایەی دەوڵەت».

ئەگەر لە قۆناغی پێشوودا دەوڵەت و ئیداراتی دەوڵەت گرنگ بوون بۆئەوەی پرۆسەی سەرمایەی گشتی بخرێتە سەر فۆرمی موڵکییەتی تایبەت، لەم قۆناغە دەوڵەت دەبێت بە قاوغەیەکی بۆش، بە تەختە شانۆیەکی بێسوود کە تارماییەکان لەسەری ھەندێ تێکستی کۆمیدیی نمایشدەکەن، کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسی دەبەستن، کۆبوونەوە دەکەن، شاند دەنێرن... کۆمەڵێک شانۆگەریی پوچ کە وەزیفەیەکی گرنگیان ھەیە، شاردنەوەی ئەو پرۆسێسانەی لە پشتەوە کەپیتالیستە ڕاستەقینەکان پێی ھەڵدەستن. پرۆسێسی گەورە لێرەدا پرۆسێسی داگیرکردنی سەرچاوەکانی نەوتە لەلایەن تاقمێکی بچوکی کەپیتالیستەوە کە لە سەری سەرەوەی ھەرەمەکان، ئەم نوخبەیە کە لە کوردستاندا سەرۆکی حیزبەکان و ئیدارەی سیاسی حیزبەکان پێکیدەھێنن، نەوەک پێویستیان بە مرۆڤە سادە و ئینسانەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا نییە، پێویستییان بە بەشی ھەرە زۆری دەزگاکانی دەوڵەتیش نییە.

بوون و نەبوونی خوێندنگە یان زانکۆ، بوون و نەبوونی کشتوکاڵ یان پیشەسازی نرخێکی لای ئەم نوخبەیە نییە. چونکە ئەم دەزگایانە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر ئەو تاقمە حوکمڕانە نییە، واتە ھاوشان بە سەرھەڵدانی ئەم فۆرمە لە کەپیتالیزم بە گشتی ھەم مرۆڤ، ھەم ئیدارە کۆمەڵایەتییەکان، ھەم ژیانی کولتووری نرخێکی نامێنێت.

ئەم نوخبەیە لە نوخبەیەک سەرمایەداریی ناو دەوڵەتەوە دەبن بە نوخبەیەکی فاشی کە ڕاستەوخۆ بە میلیشیایەکی چەکداری تایبەت، بە بانکی تایبەت، بە دیپلۆماتییەتی تایبەت بەخۆی لە پشت دەوڵەت و حیزب و کۆمەڵگاوە ئیشدەکات. ئەم جۆرە لە کەپیتال لە ھەموو ئەم پێکھاتانەدا «حیزب، دەوڵەت، کۆمەڵگا» پێویستی تەنیا بەو بەشانە ھەیە کە دەیپارێزن و دایدەپۆشن. ھەموو کۆمەڵگا پڕدەکات لە تەم و دوکەڵ و دەنگەدەنگ تا ڕوخساری خۆی لە ژێر چەندەھا گەمەی سیاسی و موزایەداتی نەتەوەییدا بشارێتەوە. لەدوای سەرھەڵدانی ئەم نوخبەیەوە، ئەوانەی تەعبیر لە ڕۆحی کەپیتالیزم دەکەن نوخبەیەکن چیتر لە ھەموو ئۆرگانە گرنگەکانی کۆمەڵگا جیابوونەتەوە و پەیوەندییەکی شەڕانگێزانەیان بە ھەموو بەشەکانی کۆمەڵگاوە ھەیە، تا بشێت و بکرێتیش ئەم پرۆسەیە تا ناکۆتا درێژیدەکەنەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif