داواکاری گشتیی: ئەوانەی فەرمانگە و بارەگا دەسووتێنن، دەبێت سزابدرێن

ليست هناك تعليقات


 
داواکارى گشتیی هەرێمى کوردستان داوا لە فەرمانگە حکومی و حیزبییەکانی سنوورى سلێمانى، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان دەکات لە ماوەى هەفتەیەکدا خەمڵاندنى کۆى زیانى سەر باڵەخانە و بارەگاکانیان بنێرن کە بەر هێرشى خۆپێشاندەران کەوتوون، مەبەست لێى داواکردنى قەرەبوو و تۆمارکردنى سکاڵاى یاساییە لەسەر ئەو کەسانەى وەکو دەگوترێت رێچکەى داواکاریەکانیان بەرەو تووندوتیژى بردووە.

ئازاد حەسەن، سەرۆکى داواکارى گشتیی هەرێمى کوردستان دەڵێت "بەلاڕێدابردنى خۆپێشاندان دەچێتە قاڵبى ئاژاوەگێڕی و دەبێت سزابدرێن، ئەمڕۆ چاوەڕێبووین سکاڵاکان بێن، بەڵام بەهۆى رێگاوبانەوە دواکەوتوون. بە داواکارانى گشتیى ئەو سنوورانەمان گوتووە، سکاڵا و زیانەکانمان بۆ بنێرن".

دواى دوو رۆژ تیمی رووداو چووە نێو بارەگا سووتاوەکەى کۆمەڵى ئیسلامى لە خورماڵ، لەوێ جگە لە ئاسن و دیوار شتێک نەماوە بە ساخى. ئاگر و بەنزینی خۆپێشاندەرە تووڕەکان، بە چەند خولەکێک باڵەخانەیەکى سێ نهۆمى، قوتابخانەیەکى ئایینی و پەخشى رادیۆى پەیامى قورئان و دەیان کەلوپەلى دیکەى کرد بە خۆڵەمێش.

سیروان محەممەد، بەرپرسى ئەنجوومەنى کۆمەڵى ئیسلامى لە خورماڵ دەڵێت "بە ناو و دیمەن لامانە کە لەناو خۆپێشاندەرانەوە خەڵک هەیە باوکى نەماوە و ئێمە مانگانە 100 هەزارمان بۆ ناردوون، خەڵک هەیە پێشمەرگە و کرێچییە، ئێمە هاوکاریمان کردوون و ئەوانیش دەمانسووتێنن".

هەفتەى داهاتوو لیژنەیەکى پەیوەندیدار لە پارێزگاى سلێمانییەوە بۆ خەمڵاندنى کۆى زیانى گیانى و ماددى دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن، لە دەیان خۆپێشاندانى دیکە کارى لەو جۆرە کراوە و گلەییش ئەوەیە قەرەبوو دیارنەبوو.

یوسف ئەنوەر، کارگێڕی لقى 19ى پارتى دەڵێت "مووچە و قووتى خەڵک لە ناوچە و لاى پارتى نییە، ئێرە بارەگایەکى مەدەنییە، کەس تۆمەتبار ناکەین، بەڵام دەزانین کێ خەڵکى هانداوە".

لە ناوچەکانى خۆپێشاندان 149 فەرمانگە و بارەگا زیانیان پێگەیشتووە، بەپێى خەمڵاندنى سەرەتایی، دواى فەرمانگە حکومییەکان فەرمانگەکانى پارتى، کۆمەڵ و گۆڕان زۆرترین زەرەرمەند بوون، جیا لەوەش تاوەکو ئێستا هەشت قوربانى و نزیک بە 100 بریندار هەن.

هاوکات، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2020، چەند چالاکڤانێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان کە دیارترینیان عەبدوڵڵا مەلا نووری، ئەندامی پیشووتری پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و شێرکۆ محەممەد ئەمینن، داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەن پاڵپشتی لە خۆپێشاندانی گەنجان بکەن و بۆ ئەو مەبەستە رۆژی هەینی، 11-12-2020 خۆپێشاندانی "ناتووندوتیژ"ی فراوان لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن.

ئەو چالاکڤانانە ناوی خۆیان ناوە "کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان" و داوا لە ژنان، گەنجان، مامۆستا، فەرمانبەر، کاسبکار، خوێندکار و رۆشنبیران دەکەن بەشداریی خۆپێشاندانەکە بکەن. داوا لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتیش دەکەن لەگەڵیان بەشداربن لە خۆپێشاندان. بڕیارە خۆپێشاندانەکەش لەبەردەم بینای پارێزگاری سلێمانی بەڕێوەبچێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif