بنكەی سەربازی ڤیكتۆریا لە بەغداد خاپوور دەكرێت؟‌

ليست هناك تعليقات

رەوشی ئەمنی بەغداد دەكوڵێت، گروپی میلیشیای چەكداری هێزەكانی نمایش دەكات و لە كۆڵانەكانی پایتەخت بڵاوەیان پێدەكات، حكومەتی عێراق بە هەمان شێوە هێزەكانی بڵاوەپێدەكات و تەنانەت لیوا ئەمنییە تایبەتەكانی وەك مغاویر و هێزی ئاڵتونی دەهێنێتە ناوشار و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەڵێت ئامادەین بۆ روبەروو بوونەوەی یەكلاكەرەوە.
ئەمریكا كارمەندانی باڵیۆزخانەكەی دەگوازێتەوە و بەشی زۆریان رەوانەی هەولێر دەكات
هەموو ئەمانەش دوای دەستگیركردنی چەند فەرماندەیەكی سەر بە عاسائیبی ئەهلولحەق روویاندا كە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە هێرشە موشەكییەكەی چەند رۆژی رابردووی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد.

هاوكات هەندێك زانیاری هەواڵگری ئاماژە بەوە دەكەن كە هەواڵگری ئەمریكی زانیاری هەبووە لە ساڵیادی كوشتنی قاسم سلەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسدا پلانێك هەبووە بۆ خاپوركردنی بنكەی سەربازی ڤیكتۆریا كە یەكێكە لە بنكەكانی سوپای ئەمریكا لە نزیك فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد.

چی روویدا؟
شەوی هەینی 25/12/2020 بەغداد بە شڵەشانێكی ئەمنی خێرادا تێدەپەڕی، شڵەژانێك كە نەدەتوانرا گریمانەی پێشهات و رووداوەكانی بكرێت و زۆر بە خێرایی رەوشەكە گۆڕانكاری بەسەردا دەهات.
رووداوەكان دوای ئەوە سەریان هەڵدا كە ژمارەیەك چەكداری عەسائیبی ئەهلی حەق لەلایەن دژەتیرۆری عێراقەوە دەستگیركران، بەتۆمەتی تێوەگلانیان لە هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد كە هەفتەی رابردوو هێرشەكە ئەنجامدرا، بەدواشیدا ژمارەیەكی زۆر چەكداری عەسائیبی ئەهلی حەق لە بەغدا بڵاوەیان پێكراوە و هەرەشەیان دەكرد كە كاردانەوەیان دەبێت لە بەرامبەر دەستگیركردنی هاوكارەكانیاندا.

كازمی لەسەر شەقام رۆژی كردەوە
جەگە لەوەی كە حكومەتی عێراق هێزەكانی بە هەمان شێوە لە بەغداد بڵاوەپێكرد، لیوا تایبەتەكانیشی هێنایە ناوشار لە نمونەی فیرقەی ئاڵتونی و هێزی مغاویر.
هاوكات مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سیفەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان شەو تا بەیانی لە شەقامەكانی پایتەخت مایەوە و هێزە ئەمنییەكانی بەسەر دەكردەوە.
لە پایامێكدا كازمی وتی: ئاسایشی عێراق سپاردەیە لە گەردنمان، مل بۆ سەركێشی و هەنگاوی تاكلایەنە نادەین، بەهێمنی كارمان كردووە بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی گەل و دەزگا ئەمنییەكان و سوپا بە دەوڵەت.
ئاماژەی بەوەشكرد داوای هێوركردنەوەمان كردووە بۆ پاراستنی وڵات لە سەركێشی دیكەی بێهوودە، بەڵام ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی یەكلاكەرەوەین ئەگەر پێویست بكات.
پشتی پەردە
هەر لە چوارچێوەی ئەو شڵەژانە ئەمنییەی دروستبوو، هەندێك زانیاری تایبەت دزەیان پێكراوە كە دەستی هەواڵگری ئەمریكا كەوتوون و بەپێی ئەو زانیارییانەش ئەمریكییەكان زانیارییان هەبووە كە هەفتەی داهاتوو لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سلەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس فەرماندەی حەشدی شەعبی، میلیشیا چەكدارەكان پلانیان هەبووە قاعیدەی سەربازی ڤیكتۆریا موشەكباران و خاپور بكەن كە یەكێكە لە پێگە سەربازییە گرنگەكانی سوپای ئەمریكا و لە نزیك فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادە.

موشەكبارانكردنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا
ئەگەرچی یەكەم جار نییە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد دەكرێتە ئامانج، بەڵام هەفتەی رابردوو دواین هێرش بۆسەر باڵیۆزخانەكە ئەنجامدرا بە جۆرێك كە هێرشێكی موشەكی كرایە سەر باڵیۆزخانەكە و بەشێك لە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە 8 مووشەك ئاراستەی باڵیۆزخانەكە و بەشێكیشان دەڵێن 11 مووشەك ئاراستە كراون، بەڵام هیچ یەكێك لە موشەكەكان نەگەیشتنە ئامانجە دەستنیشانكراوەكەیان كە باڵیۆزخانەی ئەمریكا بوو، چونكە سیستمی بەرگری موشەكی باڵیۆزخانەكە دەستبەجیێ‌ مووشەكەكانی پێكا و بەهۆی كەوتنەخوارەوەشیان لە گەڕەكی كۆماری ناوچەی سەوز زیانێكی مادی زۆر بەر چەند باڵەخانەیەك و چەند ئۆتومبیلێك كەوتن بەبێ‌ ئەوەی زیانی گیشانییان لێبكەوێتەوە.

سەدر: تەنها بۆ خودا دەچەمێینەوە
هاوكات موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێكدا هۆشداری دا و وتی عێراق بووەتە قوربانی ململانێكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران، ئەو ململانێیە بەشێوەیەك زیانی بە عێراق گەیاندووە، كە ئیتر شایەنی بێدەنگبوون نییە.
سەدر لە تویتێكدا رایدەگەیەند: من رووی بانگەوازەكەم لە كۆماری ئیسلامی ئێرانی دراوسێی "خۆشەویست" دەكەم عێراق لە ململانێكانی بەدوور بگرێت و لە تەنگانەشدا پشتی تێ ناكەین، ئەگەر رێز لە سەروەری عێراق و حكومەت و سەربەخۆییەكەی بگرێت، هۆشداریش دەدەمە لایەنی "داگیركار" كە مەبەستی هێزەكانی ئەمریكا بوو عێراق لایەنێك نییە لەو ململانێیە و ئێستا ئێمە خەریكی بونیادنانەوەی عێراقەكەمانین.
هەورەها هۆشداری ئەوەشیدا، عێراق عێراقی عەلی و حوسێنە و پاشكۆیەتی هیچ لایەنێك ناكات و سەرچاوەی شیعەگەرایەتیی راستەقینە و بەرگرییە و ناكەوێتە ژێر باری هیچ لایەنێك و بۆ كەسیش ناچەمێتەوە تەنیا بۆ خودا نەبێت.
راپۆرتی پەیسەر

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif