داواکراوەکەی عەسائیب رادەستی ئاسایشی حەشدی شەعبی کراوە

ليست هناك تعليقات


ئاژانسی هەواڵگریی و دژە تیرۆری عێراق لە نووسراوێکدا رادەستکردنەوەی "گیراوی سەرەکیی عەسائیب ئەهل حەقی" بە ئاسایشی حەشدی شەعبی راگەیاندووە، کە دوێنێ شەو دەستگیرکردنی بووە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس لە سەرهەڵدانی پشێوی پێکدادان لەنێو شاری بەغدا.

نووسراوەکەی هەواڵگری و دژە تیرۆری عێراق، ئەمڕۆ شەممە 26-12-2020 دەرچووە. تێیدا بەڕێوەبەری ئێشکگری بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و دژە تیرۆر، ئاگاداری ئاژانسەکەی کردووەتەوە لەوەی لە کاژێر 22:00ـی شەوی رابردوو، هێزەکانیان لەو کەرتە کشاونەتەوە کە بەرپرسیاریەتییان پێسپێردرابوو. تایبەت بوو بە گردبوونەوەی عەسائیب ئەهل حەق، پاشئەوەی لەگەڵ ئەواندا رێککەوتوون بە رادەستکردنی گیراوەکەیان بە ئاسایشی حەشدی شەعبی. 
شەوی رابردوو لە بەغدا گردبونوونەوەی کۆمەڵێک چەکدار کە خۆیان وەک عەسائیب ئەهلی حەق ناساند، دۆخی ئاسایشی شارەکەی تێکدا، پاش ئەوەی حوسام ئەلئەزیرجاوی، سەرکردەی عەسائیب لەلایەن دەزگای دژە تیرۆری عێراقەوە، بەتۆمەتی دەستهەبوون لە مووشەک تەقاندن بەرەو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، دەستگیرکرا.

پاش دەستگیرکردنی سەرکردەکەیان و ژمارەیەک ئەندامی دیکەی هەمان گرووپ بەهەمان تاوان، چەکدارانی عەسائیب داوای رووبەڕووبوونەوەی حکومەتی مستەفا کازمییان کرد و دووپاتیانکردەوە ئەگەر قەیس خەزعەلی رێبەریان داوایان لێبکات، بۆ رووبەڕووبوونەوەی حکومەت ئامادەن.

گردبوونەوەی چەکدارەکانی عەسائیب و هەڕەشەکانیان، هێزەکانی دژە تیرۆری عێراقی هێنایە سەر شەقامەکانی شارەکە، دواتر مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەکلاکەرەوە، بەرلەوەی بە یاوەریی ژمارەیەک بەرپرس، بچێتە ناوچە جیاوازەکانی بەغدا.

ئارامبوونەوەی دۆخەکە و نەتەقینەوەی پێکدادانی نێوان چەکدارەکانی عەسائیب و هێزەکانی حکومەتی عێراق، وەک نووسراوەکەی هەواڵگری دەریدەخات، بەهۆی رێکەوتنی هەردوولاوە بووە لەسەر رادەستکردنەوەی حوسام ئەلئەزیرجاوی بە هێزەکانی حەشدی شەعبی.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق