نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێمى كوردستان به‌ ماڵ و نيشتمانى خوشك و برايانى مه‌سيحيش ده‌مێنێته‌وه

ليست هناك تعليقات


بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح و سەری ساڵی زاینییەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هيوادارم ئه‌م جه‌ژنه‌ ته‌بايى، ئاشته‌وايى، لێبورده‌يى و يه‌كترقبووڵكردنى زياتر له‌ عێراق، ناوچه‌كه‌ و جيهان، بۆ ته‌واوى مرۆڤايه‌تى له‌گه‌ڵ خۆيدا بهێنێت". دەشڵێت "هەرێمی کوردستان بە ماڵ و نیشتمانی خوشک و برایانی مەسیحیش دەمێنێتەوە".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە رێوڕەسمی گەورەی جەژن بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید 19 ئەنجامنادرێت، "بەڵام بێگومان یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح بە شکۆدارییەوە لە دڵی هەموواندا دەکرێتەوە و بەرز رادەگیرێت".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە "هه‌رێمى كوردستان وه‌كو هه‌ميشه‌ به‌ لانه‌ى ته‌بايى و فره‌يى و پێكه‌وه‌ژيانى هه‌موو پێكهاته‌كانى و به‌ ماڵ و نيشتمانى خوشك و برايانى مه‌سيحيش ده‌مێنێته‌وه".

نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی کریستیان و دەڵێت "هاووڵاتیانی مه‌سيحى دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بين و هه‌موو هه‌وڵ و توانايه‌ك ده‌خه‌ينه‌گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ى ناوچه‌ زيانبه‌ركه‌وتووه‌كانيان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا ئاوه‌دان بكرێنه‌وه‌ و شوێنه‌وارى شه‌ڕيان به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌مێنێت، تاوەکو ئاواره‌كانيان بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ و ئارامى، ژيان، دڵنيايى و بووژانه‌وه له‌گه‌ڵ خۆياندا ببه‌نه‌وه، جارێكى دیکە ئاواره‌ نه‌بنه‌وه و هه‌موو مافێكيان پارێزراوبێت".

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

يادى له‌دايكبوونى حه‌زره‌تى مه‌سيح “سڵاوى خواى لێ بێت” له‌ خوشك و برايانى مه‌سيحى له‌ هه‌رێمى كوردستان، عێراق و ته‌واوى جيهان به‌ گه‌رمى پيرۆز ده‌كه‌م، جه‌ژن و پشوويه‌كى خۆش و ئاراميان بۆ ده‌خوازم. هيوادارم ئه‌م جه‌ژنه‌ ته‌بايى، ئاشته‌وايى، لێبورده‌يى و يه‌كترقبووڵكردنى زياتر له‌ عێراق، ناوچه‌كه‌ و جيهان، بۆ ته‌واوى مرۆڤايه‌تى له‌گه‌ڵ خۆيدا بهێنێت.

به‌داخه‌وه‌ ئه‌مساڵ له‌ هه‌رێمى كوردستانيش وه‌ك هه‌موو جيهان به‌هۆى په‌تاى كۆڤيد_19ـه‌وه‌، رێوڕه‌سمى گه‌وره‌ى جه‌ژن ئه‌نجام نادرێن، به‌ڵام بێگومان يادى له‌دايكبوونى حه‌زره‌تى مه‌سيح به‌ شكۆدارييه‌وه‌ له‌ دڵى هه‌موواندا ده‌كرێته‌وه‌ و به‌رز راده‌گيرێت. هيوادارم ياد و جه‌ژنه‌كانى داهاتوومان له‌ كه‌ش و دۆخى باشتردا بگه‌ڕێنه‌وه‌.

له‌م ياده‌ پيرۆزه‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ لانه‌ى ته‌بايى و فره‌يى و پێكه‌وه‌ژيانى هه‌موو پێكهاته‌كانى و به‌ ماڵ و نيشتمانى خوشك و برايانى مه‌سيحيش ده‌مێنێته‌وه‌. هه‌موومان پێكه‌وه‌ به‌ ته‌بايى، يه‌كڕيزى، خۆڕاگرى و قوربانيدان، ڕۆژگارى سه‌خت و كێشه‌ و قه‌يرانى زۆرمان به‌ڕێكردووه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ و په‌تا و قه‌يرانه‌كانيش تێده‌په‌ڕێنين و داهاتوويه‌كى باشتر چاوه‌ڕێمانه‌.

هاووڵاتیانی مه‌سيحى دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بين و هه‌موو هه‌وڵ و توانايه‌ك ده‌خه‌ينه‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى ناوچه‌ زيانبه‌ركه‌وتووه‌كانيان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا ئاوه‌دان بكرێنه‌وه‌ و شوێنه‌وارى شه‌ڕيان به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌مێنێت، تا ئاواره‌كانيان بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ و ئارامى، ژيان، دڵنيايى و بووژانه‌وه له‌گه‌ڵ خۆياندا ببه‌نه‌وه، جارێكى دى ئاواره‌ نه‌بنه‌وه و هه‌موو مافێكيان پارێزراو بێت.

جه‌ژنى له‌دايكبوونى مه‌سيح و ساڵی تازه‌ی زایینی له‌ هه‌مووان پيرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2020/12/24

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق