لەم پرسەدا عێراق زیانمەندترین وڵاتی دونیایە

ليست هناك تعليقات


 
رێکخراوی 'نەتەوە یەکگرتووەکان' رایگەیاند پێویستە عێراق رێوشوێنی 'کەشوهەوای بەپەلە' بگرێتە بەر، لەبەرئەوەی زیانمەندترین وڵاتی دونیایە بەگۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. داوایکرد عێراق لەو بارەیەوە زوو فریای خۆی بکەوێت.

نێردەی 'نەتەوە یەکگرتووەکان' لە عێراق 'یۆنامی'، لە بڵاوکراوەیەکدا گوتی: "عێراق زیانمەندترین دەوڵەتی دونیایە بەگۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بۆیە پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی خێرای کەشوهەوا، لەپێناو پاراستنی ژینگەکەی بۆ نەوەکانی داهاتووی وڵاتەکە".

لێدوانی 'نەتەوە یەکگرتووەکان' لە میانی لووتکەی ویستەکانی کەشوهەوادا هاتن، کە بۆ زیندووڕاگرتنی پێنجەمین ساڵەی واژۆکردنی رێککەوتنی پاریس بەڕێوەدەچێت.

عێراق هەڕەشەی گەورە و جیاواز لەسەر کەشوهەواکەی هەیە، لەنێویدا کەمبوونەوەی ئاو و بە بیابانبوون و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.

حکومەتی بەغدا هەنگاوە سەرەتاییەکانی بۆ پاراستنی ژینگەی خۆی لە ئاڵوگۆڕەکانی کەشوهەوا دەستپێکردووە، پەرلەمانی وڵاتەکە لە ئەیلوولی رابردوودا چوونە ناو رێکەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوای پەسندکرد.

بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە لووتکەکەدا، ئاشکرایکرد وڵاتەکەی بەرەو سەردەمێکی نوێ هەنگاو دەنێت، لەپێناو فرەسەرچاوەکردنی ئابوورییەکەی و هاندان بۆ پشتبەستن بە سەرچاوە نوێیەکانی وزە و گەیشتن بە تەکنەلۆژیای دۆستی ژینگە.

بەپێی رێکەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا، 190 دەوڵەت لە جیهاندا پەیمانیانداوە کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی دەرچوونی ئەو گازانەی دەبنە هۆی قەتیسمانی گەرما بۆ ناو هەوا، بۆ کەمتر لە دوو پلەی سەدی.

راپۆرتێکی ساڵی 2020 کە ئەنجوومەنی نیشتمانی پەنابەران بڵاویکردووەتەوە، ئاشکرایکردووە نزیکەی 15 هەزار کەس لە شارەکانی زیقار، میسان و بەسڕە، لە باشووری عێراق، لە سەرەتای ساڵی 2019ەوە بەهۆی نەبوونی ئاوەوە ناوچەکانی خۆیان بەجێهیشتووە .

ئانتۆنیۆ گۆتیرێز، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە دەوڵەتانی جیهان کرد: "دۆخی لەناکاوی کەشوهەوا لە وڵاتەکانیاندا رابگەیەنن"، چونکە دەرچوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ ناو هەوا، گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی، زیاتر گوتی: "پلەی گەرمای زەوی ئێستا 1،2 لە سەردەمی دەستپێکردنی شۆڕشی پیشەسازی، بەرزترە".

دەرچوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەبڕی زۆر بۆ ناو هەوا، کێشەی زۆر بۆ وڵاتانی دونیا دروستدەکات، گۆڕانکاری لە سرووشتیی زەویدا دەهێنێتە ئاراوە و ناوچە جیاوازەکان رووبەڕووی کەمئاوی و وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو دەکاتەوە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بایەخنەدان بە ژینگە تێیدا، لە چەند دەیەی رابردوو، زۆرترین حاڵەتی گۆڕانی کەشوهەوا و بەبیابانبوونی بەخۆوە بینیووە.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif