که‌سوکارى قوربانییه‌کانى خۆپیشاندانه‌کان سکاڵا تۆمار ده‌که‌ن

ليست هناك تعليقات


 
هاوڵاتى، شاناز حه‌سه‌ن

هه‌رێم عه‌لى، بۆ کرینى له‌فه‌یه‌ک داواى پاره‌ له‌باوکى ده‌کات، به‌ڵام پێى نادات تا نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌که‌یان، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ى پاره‌ى پێبێت ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌و ته‌رمه‌که‌ى گه‌ده‌رێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌که‌یان.
هه‌رێم عه‌لى، بچوکترین قوربانى خۆپیشاندانه‌کانه‌ که‌ ته‌مه‌نى 13ساڵه‌ و چوار برا و یه‌ک خوشکى هه‌یه‌ و کوڕه‌ بچوکى ماڵ بووه‌، دانیشتووى قه‌زاى سه‌یدسادق بوو، ڕۆژى خۆپیشاندانه‌کان چووه‌ته‌ ناو بازاڕ بۆ له‌فه‌ کڕین به‌ر فیشه‌کى هێزه‌ ئه‌منیه‌کان ده‌که‌وێت و گیان له‌ده‌ستده‌دات .
ماوه‌ى 10 رۆژ خۆپیشاندان له‌ پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان و راپه‌رین و چه‌ندین قه‌زاى دیکه‌ ئه‌نجامدرا به‌هۆى خراپى دۆخى دارایى و دواکه‌وتنى موچه‌وه‌، به‌ڵام له‌ زۆربه‌ى ناوچه‌کان گرژى و ئاڵۆزى لێکه‌وته‌وه‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان گازى فرمێسک رێژیان به‌کارهێناو به‌شێک له‌ باره‌گاى حزبه‌کان به‌ فیشه‌ک وه‌ڵامیان دایه‌وه‌.
به‌پێى ئامارێکى سه‌نته‌رى 122له‌ سه‌ره‌تاى خۆپیشاندانه‌کانه‌وه‌ 92که‌س برینداربوون و 55 که‌سیان له‌نه‌خۆشخانه‌ى شار له‌سلێمانى چاره‌سه‌ریان وه‌رگرتووه‌ حه‌وت خۆپیشانده‌رى بریندار گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و 30 که‌سیان له‌ شوێنى رووداوه‌کاندا له‌قه‌زاکاندا چاره‌سه‌ریان بۆ کراوه‌.
عیرفان عه‌لى، به‌ڕێوه‌به‌رى کارگێڕى سه‌نته‌رى 122، له‌ لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" تائێستا 92 برینداربوون و 55که‌سیان گه‌یاندراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ و ئه‌وانه‌ى دیکه‌ له‌لایه‌ن تیمه‌کانمانه‌وه‌ له‌ شوێنى خۆیاندا چاره‌سه‌ریان بۆ کراوه‌، تائێستاش ته‌نیا دوو بریندار له‌نه‌خۆشخانه‌کاندا ماون و بارى ته‌ندروستیان جێگیره‌".
عیرفان عه‌لى ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ له‌وانه‌یه‌ که‌سى دیکه‌ هه‌بێت بریندار بووبێت یا گیانى له‌ده‌ستدا بێت، به‌ڵام تیمه‌کانیان پێى نه‌گه‌شتبێت.
هێمن براى هه‌رێم عه‌لى ته‌مه‌ن 13 ساڵ که‌ له‌شارۆچکه‌ى سه‌ید سادق بووه‌ قوربانى، له‌ لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت" رێگه‌ ناده‌م خوێنى براکه‌م به‌هه‌ده‌ر بڕوات و هه‌قى ده‌سێنم، ئاماده‌م بچمه‌ په‌رله‌مانى عێراق و له‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ و مافى مرۆڤ داواى هه‌قى براکه‌م بکه‌م".
هێمن ئه‌وه‌شى باسکرد ڕۆژێک پێش ئه‌و رووداوه‌ ئاگاداریان کردووه‌ که‌ براکه‌ت بچوکه‌ به‌شدارى خۆپیشاندانه‌کان ده‌کات با نه‌چێت و تووشى رووداوێک ده‌بێت بۆیه‌ " منیش پێم وت و وتى باشه‌ کاکه‌ گیان ناچم".
باسى پێش شه‌هید بونى هه‌رێمى براى کردو وتى"ئه‌و رۆژه‌ش تا کاتژمێر دوو له‌ماڵه‌وه‌ بووه‌ و سه‌رقاڵى گۆڕینى سه‌قفى ژورى میوانه‌که‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ براکانى ترم، به‌ڵام بۆ له‌فه‌ خواردن چۆته‌ ده‌ره‌وه‌ و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ به‌ فیشه‌کى هێزه‌ ئه‌منیه‌کانى سه‌ر به‌ یه‌کێتى کوژراوه‌".
هێمن جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌" سکاڵاى یاسایی تۆمار ده‌که‌ین و له‌سه‌ر هێزى ئه‌منى و هێزه‌کانى یه‌کێتى که‌ له‌و ناوچه‌یه‌ بون و له‌وکاته‌دا به‌رپرس بون".

که‌سوکارى خۆپیشانده‌ره‌ قوربانییه‌کان ده‌ڵێن سکاڵا له‌سه‌ر لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌کان و ده‌زگا ئه‌منى و حزبییه‌کان تۆمار ده‌که‌ن.
هه‌روه‌ها یه‌کێکى تر له‌ خۆپیشاندانه‌کاندا که‌ بووه‌ته‌ قوربتانى هیوا فواد ته‌مه‌ن 21 ساڵه‌ له‌ ناحیى ته‌کیه‌ که‌ تاقانه‌ى شه‌ش خوشکه‌ و هه‌شت ساڵ پێش ئێستا برایه‌کى دیکه‌ى له‌ کێشه‌یه‌کى عه‌شایه‌ریدا کوژراوه‌ ئه‌وه‌ش به‌وته‌ى که‌سوکاره‌که‌ى.
محه‌مه‌د تۆفیق، خاڵى هیوا فواد، له‌ لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" هیوا دواى خۆپیشاندانه‌که‌ چۆته‌ ده‌ره‌وه‌و هه‌واڵى بریندار بونى ئامۆزایه‌کى ده‌بیستێت و به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ به‌رێده‌که‌وێت، له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ى ته‌کیه‌ فیشه‌کى به‌ر ده‌که‌وێت و دواى چه‌ند خوله‌کێک گیان له‌ده‌ست ده‌دات".
خاڵى هیوا وتیشى" خوشکه‌که‌م هه‌شت ساڵ پێش ئێستا کورێکى دیکه‌ى له‌ کێشه‌ى عه‌شائیریدا جه‌رگى سوتا و ئێستاش به‌هه‌مان شێوه‌ جه‌رگى سوتایه‌وه‌ دوو کوڕه‌که‌ى له‌ده‌ستدا".
محه‌مه‌د تۆفیق، ئه‌وه‌شى باسکرد له‌لایه‌ن کۆسره‌ت ره‌سوڵ سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى یه‌کێتى و عه‌لى باپیر ئه‌میرى کۆمه‌ڵ و حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان سه‌ره‌خۆشییان لێکراوه‌.
خاڵى هیواى ئه‌وه‌شى دوپاتکرده‌وه‌"ئه‌وانه‌ى که‌ باره‌گا ده‌سوتێنن حزبه‌کان خۆیان ده‌یاناسن و چاوپۆشیان لێده‌که‌ن و گه‌نجى بێتاوان و منداڵى هه‌ژاران ده‌کوژن".
خاڵى هیوا فوئاد ئه‌وه‌شى ئاشکرا کرد که‌" ئه‌و که‌سه‌ى که‌ به‌رپرسى ناو شار بوه‌ ئامۆزاکانى هیوا ئاگاداریان کردۆته‌وه‌ و پێیان وتووه‌ تۆ خوێنێک قه‌رزاریت و به‌ فه‌رمانى تۆ ته‌قه‌ى لێکراوه‌،" بۆیه‌ سکاڵا تۆمار ده‌که‌ین، یاسا هیچمان بۆ نه‌کات، به‌ کێشه‌ى عه‌شایه‌رى تۆڵه‌ى خۆمان ده‌که‌ینه‌وه‌".
هاوکات، ئه‌دهه‌م یه‌حیاى ته‌مه‌ن 24ساڵ دانیشتووى چه‌مچه‌ماڵ که‌ خاوه‌نى سێ برا و دوو خوشکه‌ بۆ کڕینى پێداویستیه‌کان ده‌چێته‌ بازاڕ و به‌وته‌ى که‌سوکاره‌که‌ى" له‌ ڕێگه‌دا به‌ر فیشه‌کى لقى 19ى پارتى ده‌که‌وێت و گیان له‌ده‌ستده‌دات".
زانا مه‌نوچه‌ر، خاڵۆزاى ئه‌دهه‌م، چیرۆکى ژیانى ڕۆژانه‌ى ئه‌دهه‌مى گێڕایه‌وه‌ و وتى" ئه‌دهه‌م و دوو برا و باوکى به‌کارى شوانیه‌وه‌ سه‌رقاڵ بوون و هه‌موو رۆژێک کاتژمێر دوو چوونه‌ته‌ لاى مه‌ڕو ماڵاته‌کانیان و تا شه‌و نه‌گه‌ڕاونه‌وه‌ ئه‌مه‌ کارى هه‌موو ڕۆژێکیان بووه‌".
باسى له‌وه‌کرد" ئه‌و ڕۆژه‌ پێداویستى بازاڕیان هه‌بووه‌، بۆیه‌ باوکى ناردویه‌تیه‌ بازار و پێداویستیه‌کانى کریوه‌ و له‌ رێگه‌ى گه‌رانه‌وه‌یدا تێکه‌ڵ خۆپیشانه‌دران بووه‌ و به‌ره‌و لقى 19ى پارتى خۆپیشانده‌ران ڕۆیشتوون، له‌وێ ده‌بێته‌ ته‌قه‌ و ئه‌دهه‌م بووه‌ته‌ قوربانى".
ئه‌دهه‌م له‌ پۆلى دووى ناوه‌ندى وازى له‌ خوێندن هێناوه‌ و یارمه‌تى باوکى داوه‌ بۆ په‌یداکردنى بژێوى ژیانى خێزانه‌که‌یان، خاڵۆزاکه‌ى وتى:"له‌دادگاى چه‌مچه‌ماڵ سکاڵامان له‌سه‌ر به‌رپرسى یه‌که‌مى له‌ لقى 19ى پارتى له‌ناو چه‌مچماڵ تۆمار کردووه‌".
یه‌کێکى دیکه‌ له‌ قوربانى خۆپیشاندانه‌کان، شڤان محه‌مه‌د ته‌مه‌ن 20 ساڵ و دانیشتووى قه‌زاى کفرى خاوه‌نى پێنج خوشک و برایه‌که‌.
باوکى شڤان به‌هاوڵاتى وت:" کوره‌که‌م چووه‌ برا بچوکه‌که‌ى بهێنێته‌وه‌ و له‌و شوێنه‌دا باره‌گاى هیچ حزبێکى لێ نه‌بووه‌، ته‌نها هێزى پێشمه‌رگه‌ى لیواى 136ى گه‌رمیانى لێبووه‌و کوڕه‌که‌ى من پێوه‌ بووه‌".
محه‌مه‌د شکور ئه‌وه‌شى باسکرد" سکاڵامان له‌سه‌ر تۆمارکردن له‌ دادگاى کفرى، داواکارین که‌یسه‌که‌ به‌لاڕێدا نه‌برێت و یاسا سه‌وه‌ر بێت و بکوژى سه‌ره‌کى ده‌ستگیربکرێت و دادگا بڕیارى خۆى بدات".
تائێستا له‌ناوو قوربانییه‌ خۆپیشانده‌ره‌کاندا که‌ به‌"شۆڕشى گه‌نجان" ناویان ده‌برێت دوو پێشمه‌رگه‌ش بونه‌ته‌ قوربانى، یه‌کێکیان ئاوات تاڵب له‌ پێنجوێن که‌ پاسه‌وانى باره‌گاى ناوچه‌ى پارتى بووه‌و ئه‌وه‌ى دیکه‌یان هه‌مزه‌ حه‌مه‌د له‌ قه‌زاى دوکان.
ئاوات تاڵب 15ساڵه‌ پێشمه‌رگه‌ى پارتى بووه‌و خێزانداره‌ و دوو کچى هه‌یه‌، دوو که‌سى نزیکى ئاوات تاڵب بۆ هاوڵاتى چیرۆکه‌که‌یان به‌م شێوه‌یه‌ گێرایه‌وه‌ که‌" له‌ به‌رده‌م بیناى پارتى له‌ پێنجوێن له‌ ده‌وامى فه‌رمى خۆیدا بووه‌ و شه‌هید بوه‌، سکاڵامان له‌سه‌ر بکه‌رى ئه‌نجامده‌رى ئه‌و تاوانه‌ هه‌یه‌ و ئه‌مڕۆ ده‌چنه‌ مه‌رکه‌زى پۆلیس و سکاڵا تۆمار ده‌که‌ین".
هه‌روه‌ها ئه‌و دوو که‌سه‌ى بنه‌ماڵى ئاوات تاڵب له‌به‌ر هه‌ستیارى باردوۆخه‌که‌ نه‌یانویست ناویان بنوسرێت، جه‌ختیان له‌وه‌شکرده‌وه‌ به‌رپرسانى حزبى و بنه‌ماڵه‌یى پارتى په‌یوه‌ندیان به‌ که‌سوکارى ئاواته‌وه‌ کردووه‌ و هاوخه‌مى خۆیان ده‌ربریوه‌ و دوێنێ یه‌کشه‌ممه‌ ناردویانه‌ به‌دواى ژن و دایکى و باوکى ئاوات تاڵب و بردوویان بۆ لاى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان" سێ ڕۆژ پێش خۆپیشاندانه‌کان هه‌موو دۆسیه‌ و مه‌له‌فه‌کانى ناو بیناکه‌ى پارتى گوازراونه‌ته‌وه‌و خۆیان ئاماده‌کردووه‌ بۆ ئه‌گه‌رى رووداوه‌کانى خۆپیشاندانه‌کان، به‌ڵام گیانى پێشمه‌رگه‌ و پاسه‌وانه‌کانیان به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بووه‌".
"کچه‌ بچوکه‌که‌ى ئاوات تاڵب پێش خۆپیشاندانه‌کان وتویه‌تى باوکه‌ پاره‌ وه‌رده‌گریت و و ده‌توانى سیسه‌مێکم بۆ بکڕى تا له‌سه‌ر بخه‌وم".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif