بیرەوەرییەکانی ئۆباما، چی لەسەر سەركردەكانی جیهان ئەڵێ

ليست هناك تعليقات



باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە بەشی یەکەمی یادەوەرییەکانی خۆیدا 'زەوی بەڵێندراو'، باسی ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتی جیهانی کردووە و روانینی خۆی بۆ کەسایەتی ئەو سیاسییانە ئاشکراکردووە. هەروەها هەڵوەستەی لەسەر چەندین رووداوی جیاوازی ماوەی سەرۆکایەتی خۆی کردووە، ئاوڕی لە هەندێک رووداو داوەتەوە لە جیهاندا، کە هێشتا کاریگەرییەکانیان بەردەوامە.

ئۆباما، چلوچوارەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 2009 - 2017، لەو ماوەیەی لە کۆشکی سپی بوو، چاوی بەدەیان سەرکردە و سیاسەتڤانی دونیا کەوتووە و مامەڵەی لەگەڵدا کردوون. ئەو لە یادەوەرییەکانیدا کە هەفتەی رابردوو بڵاوبوونەوە، باسی خوو و کردارە تایبەتییەکانی هەندێک لەوانی کردووە، لە نێویاندا ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، کە ئۆباما ئەوی بە 'حاکمێکی تووندی ویلایەتی شیکاگۆ' چواندووە. نیکۆلا سارکۆزی، سەرۆکی پێشووی فەرەنسای بە خاوەنی 'وتارە زیادەڕۆکان' ناوبردووە.

ئۆباما چی دەگێڕێتەوە؟

میدیاکانی ئەمریکا پێیانوایە ئۆباما ئاسانترین رێگەی بۆ کۆکردنەوەی سامان دۆزیوەتەوە، چونکە ئەو پاش چەند ساڵێک دانیشتن لە پشتی مێزەوە و ئاوڕدانەوە و نووسینەوەی ئەو رووداوانەی لە هەشت ساڵی سەرۆکایەتییەکەیدا روویانداوە، سەرچاوەی داهاتێکی نایابیان خستووەتە بەردەستی.

ئۆباما لە توویتێکدا لەبارەی کتێبەکەوە دەڵێ "ئامانجمە راپۆرتێکی راستگۆیانە لەبارەی ماوەی سەرۆکایەتیمەوە بخەمەڕوو، لەگەڵ ئەو نەتەوانەش کە لەگەڵیاندا تێدەکۆشین، هەروەها چۆن دەتوانین چارەسەری دابەشبوونەکانمان بکەین و وا بکەین دیموکراتیەت خزمەت بە هەمووان بکات".

ئۆباما سێ ملیۆن دانەی لە کتێبەکەی 'زەوی بەڵێندراو' چاپکردووە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا بۆ 24 زمان وەرگێڕدراوە، رۆژنامەی 'تایمز'ی ئەمریکی دەڵێ، لە یەکەم رۆژدا کۆپییە ئینگلیزییەکە تەنیا لە ئەمریکا و کەنەدا 890 هەزار دانەی لێفرۆشراوە و ئەوەش نزیکەی بەدەستهێنانی 20 ملیۆن دۆلارە.

نرخی هەر دانەیەکی بیرەوەرییەکانی ماوەی سەرۆکایەتی ئۆباما، 20 دۆلاری ئەمریکییە، چاپکراوی دەزگای 'بینگوین راندام هاوس'ە، پێشبینیدەکرێت کتێبەکە ببێتە پڕفرۆشترین کتێبی یادەوەریی سەرۆکەکانی ئەمریکا.

ئۆباما لە یادەوەرییەکانیدا، باسی چاوپێکەوتن و دیداری سەرکردەکانی جیهانی لە هەموو کون و قوژبنێکی دونیادا کردووە، کە راستەوخۆ چاوی پێیانکەوتووە و لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، لەبارەی دۆسێ جیاوازەکانەوە، گفتوگۆی لەگەڵدا کردوون.

دەیڤید کامیرۆن

لەبارەی کامیرۆنەوە، ئەو سەرۆکوەزیرانە پارێزگارەی خوێندنی لە کۆلێژی ئایتۆن تەواو کردووە و لە ماوەی نێوان 2010 تاوەکو 2016 سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بوو، ئۆباما ئەوی بە "ئارام و متمانەدار" ناوبردووە و دەڵێ ئەو "متمانەیەکی سرووشتیی بەکەسایەتی خۆی هەبوو، کەسایەتییەک کە پێشتر نەکەوتبووە ژێر گوشاری زۆرەوە".

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا هەروەها دەڵێ، لەگەڵ ئەودا هەستم بەئاسوودەیی دەکرد "خۆشم ویست، تەنانەت ئەوکاتانەش کە هەڵوێستەکانمان دژی یەکدی بوون"، وێڕای ئەوەش، باراک ناکۆکییەکانی خۆی لەگەڵ کامیرۆن لەبارەی سیاسەتە ئابوورییەکانییەوە نەشاردووەتەوە.

زیاتر نووسیوویەتی: "کامیرۆن تاڕادەیەکی زۆر بڕوای بە بازاڕی ئازاد هەبوو، ئەو بەڵێنی بەدەنگدەرە بەریتانییەکاندا کە پڕۆگرامە سیاسییەکەی ئەو، ئامانجی کەمکردنەوەی کورتهێنان و دابەزاندنی ئاستی خزمەتگوزارییە حکومییەکانە، ئەمە جیا لە چاکسازی لە رێکخستن و فراوانکردنی رووبەری بازرگانی، کە سەریانکێشا بۆ سەردەمێکی نوێ لە توانای رکابەرییانەی ئابووریی بەریتانیا".

بەڵام وەک ئەو گوتوویەتی، "لەبری ئەوە، وەک ئەوەی پێشبینیدەکرا، ئابووریی بەریتانیا کەوتە ناو سستبوونی قووڵترەوە".

ڤلادیمێر پووتین

ئۆباما باسی لە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا کردووە، دەڵێ ئەو وەک ئەو میرانەی سیاسەت وابوو کە لەسەرەتاکانی ژیانی پیشەییمدا لە ویلایەتی شیکاگۆ ناسیمن.

زیاتر دەڵێ ئەو: "وەک فەرماندەی ویلایەتێک وابوو، کە چەکی ئەتۆمیی هەیە و مافی ڤیتۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان هەیە". ئۆباما کەسایەتی پووتینی بە "تووند و زۆرزان و بێسۆز" ناوبردووە.

یەکەم سەرۆکی رەشپێستی مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، زیاتر دەڵێ "لە راستیدا پووتین نموونەی ئەو کەسانەی بیرخستمەوە، کە دەسەڵاتی شیکاگۆیان بەدەستەوەبوو، ئەوان کەسایەتی تووندی زۆرزان بوون، کە هیچ سۆزێکیان نەبوو، دەزانن چییان دەوێت، هەرگیز لە بازرگانییە تەسکەکەی خۆیان دوورنەکەوتنەوە، ئەوان پێیانوابوو خزمخزمێنە، بەرتیل، سەرانەسەندن، فێڵ و تووندوتیژی جیاواز، رێگەی یاسایین لە بازرگانیدا".

سارکۆزی

ئۆباما لەبارەی نیکۆلا سارکۆزی، سەرۆکی پێشووی فەرەنساوە نووسیوویەتی: "هەموو هەڵچوونە سۆزدارییەکان و وتارە زیادەڕۆکانی" لە خۆیدا کۆکردبووەوە، ئەو کەسێکبوو وەک "کەسایەتییەکانی ناو تابلۆکانی تۆلۆز لۆتێرک". وێڕای ئەوەش، وەک ئۆباما دەڵێ "ئازایەتی و وزە"ی نیکۆلا سارکۆزیم خۆشدەویست.

پاشانیش نووسیوویەتی: "گفتوگۆکردن لەگەڵ سارکۆزی چێژەبەخش و دەمارگربوو، بەردەوام دەستی دەجووڵاند، هەمیشە سنگی دەردەپەڕاند وەک کەڵەشێری پانتام، وەرگێڕەکەی تەنیشتی هەمیشە هەموو سەرنج و ریتمەکانی دەنگی ئەوی دووبارە دەکردەوە. لەگەڵ گواستنەوەی گفتوگۆکان لە ئاساییەوە بۆ زیادەڕۆیی و دواتر ئامانجە سەرەکییەکەی، ئەو هەرگیز لە ئامانجە سیاسییەکەی خۆی دوورنەدەکەوتەوە، ئەو دەبوو هەمیشە سەنتەری رووداوەکان بێت، دەبوو هەمیشەش ئەنجامدانی کارە باشەکانی بدرێتە پاڵ".

ئانگێلا مێرکل

لەبارەی راوێژکاری ئەڵمانییەوە، باراک ئەوی بە "جێگیر، راستگۆ و تووند لەبیرکردنەوەدا" ناوبردووە، لەگەڵ "بە سرووشتی خۆی نەرم".

ئۆباما نایشارێتەوە کە ئەو لەسەرەتاوە، بەهۆی رەوانبێژی و لێهاتووییەکانی لە قسەکردندا، گومانی لە کەسایەتی مێرکل کردووە. زیاتر دەڵێ "مەبەستم بەدگۆیی نییە، بەڵام سەرکردە ئەڵمانییەکە پێیوابوو جەختکردنەوە لەسەر دیماگۆگیەت، دەکرێ شتێکی تەندروست بێت".

رەجەب تەیب ئەردۆغان

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، پێیوایە سەرۆکی ئێستای تورکیا و سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئەو وڵاتە، "نەرمبوو و بەردەوام بەدەنگ داواکارییەکانمەوە دەهات".

لەبارەی رەجەب تەیب ئەردۆگانەوە زیاتر نووسیوویەتی "هەموو کات کە گوێم لێیدەبوو کاتێک دەئاخفت، باڵای خۆی کەمێک بۆ پێشەوە دەچەمایەوە، دەنگیشی پچڕپچڕ بوو، ریتمی دەنگی لەگەڵ پەرچەکردار لەسەر سکاڵا جیاوازەکان یان بەدکارییەکاندا بەرز دەبووەوە، ئەوکات هەستێکی بەهێزم بۆ دروستدەبوو، کە پابەندبوونی بە دیموکراسیەت و سەروەریی یاسا، تەنیا بەمەرجی مانەوەی خۆی لەدەسەڵاتدا، بەردەوامدەبن".

مانمۆهان سینگ

کاتێک ئۆباما سەرۆکی گەورەترین دەوڵەوتی دونیا بوو، مانمۆهان سینگ، سەرۆکوەزیرانی هیندستان بوو، لەبارەی ئەو سەرکردە هیندییەوە، ئۆباما دەڵێ "کارزان، پتەو و زۆر خاوێن بوو"، هەروەها نووسیویەتی "ئەندازیاری وەرچەرخانی ئابووریی هیندستان" بوو.

ئۆباما سەرنجیداوە کە سینگ، "تەکنۆکراتێکی خاکی بوو، متمانەی خەڵکی لە رێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانیانەوە بەدەستهێناوە، نەک لە رێگەی ختوکەدانی سۆزیانەوە، ئەو هەروەها پارێزگاری لە ناوبانگی خاوێنی خۆی کردبوو، چونکە گەندەڵ نەبوو".

ڤاتسلاڤ کلاوس

ئۆباما سەرسامبووە بە ڤاتسلاڤ هاڤڵ، یەکەم سەرۆککۆماری چیک لە دوای شۆڕشی پەمەیی وڵاتەکەیەوە، بەڵام پێیوایە جێگرەوەکەی هاڤڵ، کە ڤاتسلاڤ کلاوسە، زیاتر مشتومڕ دروستکەرە.

ئۆباما گوتویەتی، ترسی لەوە هەبووە کە سەرۆکە جێگەی گومانە سەرکەوتووەکەی ئەوروپا، هاندەربێت بۆ سەرکەوتنی گەلخوازیی راستڕۆ لە هەموو ئەوروپادا. بەرجەستەی ئەوە بکات چۆن تەنگژەی دارایی 2008 و 2009، هەستی نەتەوەیی بووژاندووەتەوە و ویستی دژە کۆچبەرانی پەمپداوە، هەروەها گومانی خستووەتە سەر تێکەڵبوونی ئەوروپی.

ئەو زیاتر دەڵێ: "شەپۆلی هەڵچووی پڕ لە ئومێدی دیموکراتیەت و ئازادبوون و تێکەڵبوون، کە لەدوای شەڕی ساردەوە هەڵچووبوو، دامرکایەوە".

زیرەکترین سەرکردەی کەنداو

لە یادەوەرییەکانیدا، وەک ئەوەی میدیای جیهانی بەش بەشی جیاوازیان لێ بڵاوکردووەتەوە، ئۆباما هەڵوێستەکانی خۆی لەسەر هەندێک رووداوی گرنگی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕیوە، لە نێویاندا ئەو خۆپێشاندانانەی ساڵی 2011 لە هەریەکە لە میسر و بەحرەین روویاندا. هەروەها خوێندنەوەی شێخ محەمەد بن زاید، جێنشینی ئەبوزەبی لەبارەی روانینی ئەوەوە بۆ رووداوەکانی ناوچەکە.

ئۆباما لەبارەی ئاهەنگگێڕانی میسرییەکان لەپاش دەستلەکارکێشانەوەی حوسنی موبارەک، لە سەرۆکایەتی میسر، نووسیوویەتی "دەمزانی وێڕای هەموو کەشە ئاهەنگی و گەشبینەکانی ئەوکات، بەڵام ئەوەی میسر تەنیا سەرەتایەک بوو بۆ ململانێ لەپێناو رۆحی دونیای عەرەبیدا، ئەو تێکۆشانەی ئەنجامەکانی دوور لە دڵنیایی مانەوە".

ئەو زیاتر دەڵێ: "گفتوگۆیەکی خۆمم لەگەڵ محەممەد بن زاید، جێنشینی ئەبوزەبیدا بیرکەوتەوە، ئەو دەسەڵاتداری راستەقینەی ئیمارات بوو، کاتێک راستەوخۆ دوای وازهێنانی موبارەک قسەمان کرد، بیرمکەوتەوە ئەو، گەنج، لێزان، نزیک لە سعودییەکان و تەنانەت لەوانەیە زیرەکترین سەرکردەی کەنداو بێت، وشەکان ناتوانن باسی ئەو بکەن کە چۆن هەواڵەکانی ناوچەکەی وەردەگرت".

ئۆباما زیاتر دەڵێ: "محەممەد بن زاید پێیگوتم، لێدوانەکانی ئەمریکا لەبارەی میسرەوە هەمیشە لە کەنداو لە ژێر چاودێریدان، بەنیگەرانی زیاترەوە تەماشا دەکرێن. چی روودەدات ئەگەر خۆپێشاندەران داوای وازهێنانی شا حەمەدی شای بەحرەینیان کرد؟ ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەمان ئەو لێدوانانە دەدات کە لەسەر میسر داونی؟".

ئۆباما لەبارەی وەڵامەکەی خۆیەوە نووسیوویەتی "پێمڕاگەیاند من هیوام دەخواست لەگەڵ ئەو و ئەوانیدیکەشدا کاربکەم، بۆ خۆپاراستن لە هەڵبژاردن لە نێوان ئیخوان موسلمین و پێکدادانە تووندەکانی نێوان حکومەت و گەلانی ناوچەکەدا". ئۆباما لە زاری بن زایدەوە دەڵێ "وەک دەبینی، پەیامە ئاشکراکە هیچ کاریگەریی لەسەر موبارەک دروست ناکات، بەڵام کاریگەریی لەسەر ناوچەکە دروستدەکات".

ئۆباما زیاتر دەڵێ، محەمەد بن زاید هۆشداری دامێ لەوەی "ئەگەر میسر بکەوێت و ئیخوان بگەنە دەسەڵات، هەشت سەرکردەی دیکەی ناوچەکە دەکەون". زیاتر نووسیوویەتی: "هەرلەبەرئەوەش رەخنەی لە بڵاوکراوەکەی من گرت، ئەو گوتی ئەمریکا وا خۆیپێشاندەدات کە هاوبەشێکە ناتوانین پشتی پێ ببەستین بۆ داهاتووی دوور. دەنگی ئەو ئارامبوو، هەستمکرد ئەو، هێندەی هۆشداریدەدا، هێندە داوای هاوکاریی نەدەکرد. هەرچییەک روویدا، رژێمی پێشووی میسر، ئامادەنەبوو بەبێ شەڕ، واز لە دەسەڵات بهێنێت".

دوودڵیی لە رووداوەکانی بەحرەین

لەبارەی رووداوەکانی بەحرەینەوە، کە ساڵی 2011 و لەگەڵ هەڵچوونی شەپۆلەکانی بەهاری عەرەبیدا، ئەو وڵاتەش خۆپێشاندان و داواکاری گۆڕانکاری بەخۆوە دەبینی و شیعەکانی ئەو وڵاتە، لە دژی شا و دەسەڵاتە سوننەکەی وڵاتەکە هاتنە سەرشەقام، ئۆباما دۆخەکەی بەتەمومژاوی ناوبردووە.

ئەو نووسیوویەتی: "رێک وەک ئەوەی محەممەد بن زاید پێشبینیدەکرد، خۆپێشاندانی گەورە دەستیانپێکرد، زۆرینەیان شیعە بوون لە دژی حکومەتەکەی شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە لە مەنامەی پایتەخت. حکومەت بە تووندی وەڵامیدایەوە، دەیان خۆپێشاندەر کوژران و سەدانیش برینداربوون. لەگەڵ هەڵچوونی زیاتری خۆپێشاندانەکاندا بەهۆی تووندوتیژی پۆلیسەوە، شا حەمەد هەنگاوێکی پێشبینینەکراوی نا، کاتێک داوای لە تیمە چەکدارەکانی سوپای سعودیە و ئیمارات کرد هاوکاری بن بۆ سەرکوتکردنی هاووڵاتییەکانی".

ئۆباما هەروەها دەڵێت: "خۆم و تیمەکەم، چەندین کاژێر ململانێمان دەکرد لەبارەی چۆنیەتی کاریگەری دروستکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر رووداوەکانی سووریا و بەحرەین. بژاردەکانی بەردەستمان زۆر کەمبوون". ئاماژەی بەوەداوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەژموونی بەسەر سووریای هاوپەیمانی رووسیا و ئێراندا نەبوو، وەک ئەوەی بەسەر میسردا هەیبوو.

سەرۆک ئۆباما زیاتر دەڵێت: "لەبارەی بەحرەینەوە، کێشەکەی پێچەوانەی سووریا بوو، بەحرەین ساڵانێکی زۆربوو هاوپەیمانی ئەمریکا بوو، میوانداریکەری کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکایە. ئەو پەیوەندییە رێگەی بۆخۆشکردین تاوەکو بەتایبەت گوشار لەسەر حەمەد و وەزیرەکانی دروستبکەین، لاوەکییانە بەدەنگ داواکانی خۆپێشاندەرانەوە بچن و رێ لە تووندوتیژی پۆلیس بگرن".

ئۆباما زیاتر دەڵێ: "لەگەڵ ئەوەشدا، دامەزراوەی دەسەڵاتداری بەحرەین خۆپێشاندەرانی وادەبینی، کە ئەوان دوژمنی هاندراون لەلایەن ئێرانەوە و دەبێ کۆنترۆڵ بکرێن. بەهاوئاهەنگی لەگەڵ سعودی و ئیماراتییەکان، رژێمی بەحرەین ناچاریکردین بە هەڵبژاردن، هەمووان دەیانزانی کە کاتی گوشار هاتووە، سەرکێشیمان بە پێگەی ستراتیژی خۆمانەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکرد بەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سێ دەوڵەتدا، بپسێنین".

ئۆباما دانیبەوداناوە، "وێڕای بڵاوکراوە جیاوازەکانی ئیدارەکەم، کە سەرکۆنەی تووندوتیژییەکانی بەحرەینمان دەکرد و هەوڵماندەدا بۆ میانگیری لە گفتوگۆکان لە نێوان حکومەتەکان و سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی شیعەی میانڕۆ، شکستهێنانمان لە پچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ حەمەد، بەتایبەت لە دوای هەڵوێستمان لەسەر موبارەک، ئەوە ئێمەی رووبەڕووی رەخنەی توند کردەوە".

بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکی و دووڕووییەی بەرۆکی ئیدارەکەی ئۆبامای گرتبوو، لەسەر رووداوەکانی ناوچەکە، ئەو دەڵێ "رێگەیەکی دروستم نەبوو بۆ روونکردنەوەی دژیەکییە دیارەکان، تەنیا داننانەبێت بەوەی کە ئەوکات، جیهان زۆر بێسەروبەربوو، هەروەها داننان بەوەی لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوەدا دەبێ بەردەوام هاوسەنگی بکەم لە نێوان بەرژەوەندییە رکابەرەکاندا، ئەو بەرژەوەندییانەی کە بژارەی ئیدارەکانی پێشوو دروستیانکردبوو، لەگەڵ دۆخە ئاوارتە نوێیەکە، خۆ ئەگەر هەموو جارێک نەتوانم کارنامەی مافەکانی مرۆڤ پێش ئەگەرەکانی دیکە بخەم، ئەوە مانای ئەوە نییە کە من هەوڵنادەم ئەوە بکەم کە لە توانامدایە، بۆ پتەوترکردنی بەها باڵاکانی ئەمریکا".

13 پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا

سەرچاوە جیاوازەکان هەڵوەستەیان لەسەر قسەکانی ئۆباما لەبارەی تورکیاوە کردووە، بەتایبەت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبەردەم ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتدایە و جیهان بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ هاتنی جۆ بایدن بۆ کۆشکی سپیدا دەکات کە پێشتر رەخنەی لە مامەڵەی حکومەتی تورکیا لە زۆر دۆسێی جیاوازدا گرتووە و هەڕەشەی لە سەرۆکی تورکیاش گرتووە، لە کاتێکدا سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ سەرۆکی تورکیادا هەیە و چاوپۆشی لە دەستتێوەردانەکانی لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەکات.

ئۆباما پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەردۆغان لە سەرەتای ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بە "تایبەت" ناوبردووە.

پەیوەندییەکانی تورکیا و واشنتن لە ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتی ئۆبامادا بە هاوشێوەی سەرۆکەکانی دیکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناوبراوە. وەک رۆژنامەی 'خەبەر تورک' ئاماژەی پێداوە، حکومەتی ئەردۆغان سەرەتا لەگەڵ هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکادا پەیوەندییەکانی بەباشی دەستپێدەکات و دواتر بەرەو خراپبوون هەنگاو دەنێت.

هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە ئەردۆغان و ئۆباما، لە ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیی سەرۆکی تورکیادا، 13 جار بەتەلەفۆن قسەیان بەیەکەوە کردووە، کەچی دواتر دۆخەکە وەک خۆی نەماوەتەوە، بەشێوەیەک ئۆباما لە کتێبەکەیدا چوار لاپەڕەی لەبارەی تورکیاوە نووسیووە، کەچی بۆ یەکجاریش باسی لە عەبدوڵڵا گویل، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی تورکیا نەکردووە، هەروەها ناوی رێکخراوەکەی فەتحوڵڵا گولەنیشی نەهێناوە.

ئۆباما دەڵێ: "بەر لە تەنگژەی دارایی، بەجۆرێک تەماشای تورکیا دەکرا، وەک دەوڵەتێک کە دەکرێ جێگەی توێژینەوە بێت بەهۆی کاریگەرییە پۆزەتیڤەکانی جیهانگیری لەسەر ئابوورییە تازەگەشەسەندووەکان لە دونیادا".

زیاتر دەڵێ: "وێڕای مێژووی پڕ لە ناسەقامگیری سیاسی و کۆدێتا سەربازییەکان، بەڵام دەوڵەتە خاوەن زۆرینە موسڵمانەکەی تورکیا، هاوپەیمانیی لەگەڵ رۆژئاوادا دروستکردووە لە پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە، پارێزگاری لە ئەندامیەتی خۆی لە ناتۆدا کردووە، بەردەوام هەڵبژاردنی ئەنجامداوە، خۆی بۆ ئابوورییەکی پشتبەستوو بە بازاڕ گۆڕیوە، دەستوورێکی عەلمانی خاوەن پرەنسیپی نموونەییە لە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیی مرۆییدا".

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پێیوایە گەیشتنی پارتی داد و گەشەپێدان بەدەسەڵاتی تورکیا لە 2002دا لەرێگەی بەکارهێنانی گوتاری گەلخوازی ئیسلامییەوە، "دەستەبژێری سیاسیی عەلمانی دەسەڵاتدار بەسەر سوپای تورکیای، بێزارکرد".

ئەو زیاتر دەڵێ: "سۆزداری ئاشکرای ئەردۆغان بۆ هەریەکە لە ئیخوان موسلمین و حەماس، واشنتن و تەلئەڤیڤی نیگەرانکرد، بەڵام ئەو پابەندبوو بەدەستووری تورکیا و وەفاداربوو بە پابەندییەکانی وڵاتەکەی لە بەرامبەر هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، لێزانبوو لە بەڕێوەبردنی ئابووریی چالاک، هەندێک چاکسازی کەمی دەستپێکرد بەئومێدی بەدەستهێنانی ئەندامیێتی یەکێتیی ئەوروپا".

ئەو پەیوەندییە نەرگسییەی لە نێوان ئۆباما و ئەردۆغاندا هەبوو، کاتێک تێکچوو کە ئاندریاس راسمۆسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، بەئەمینداری گشتی ناتۆ دەستنیشانکرا و ئەوە بڕیارێک بوو، سەرۆکی تورکیا دژی وەستایەوە و داوای لە تیمەکەی کرد رێگری لێبکەن.

ئۆباما ئاشکرایکردووە، ناڕەزایەتییەکانی ئەردۆغان لەسەر راسمۆسن پەیوەندی بەلێهاتوویی یان لێنەهاتوویی سەرکردە دانیمارکییەکەوە نەبوو، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەبوو کە راسمۆسن لە 2005دا، وەڵامی داوایەکی ئەردۆغانی نەدایەوە کاتێک رۆژنامەیەکی دانیمارکی کاریکاتۆری لەسەر پەیامبەری ئیسلام بڵاوکردەوە و سەرۆکی تورکیا داوای رێگری لەو کارەکرد.

باراک ئۆباما زیاتر دەڵێت: "بەرژەوەندییە هاوبەشەکان وایدەخواست من و ئەردۆغان پێکەوە کاربکەین... تورکیا پێشبینیدەکرد ویلایەتە یەکگرتووەکان، پشتگیری بکات لە بەدەستهێنانی ئەندامیەتی یەکێتیی ئەوروپا و هاوکاریی سەربازی و هەواڵگریی پێشکێش بکات، لە ململانێیەکانی لەگەڵ چەکدارە کوردەکاندا، کە لەدوای رووخانی سەدام حوسێنەوە بەهێزتربووبوون، ئێمەش لەهەمانکاتدا چاومان لەوەبوو تورکیا هاوکارمان بێت، لە سەقامگیربوونی عێراق و قەڵاچۆکردنی تیرۆر".

لە دوا تێبینیدا لەبارەی ئەردۆغانەوە، ئۆباما دەنووسێت: "من وەک خۆم وامبینی کە سەرۆکوەزیران ئەردۆغان، کەسێکی راستگۆ و وەڵامدەرە لەگەڵ ویستەکانمدا... بەڵام هەستێکی بەهێزم هەیە کە پابەندبوونی ئەو بە دیموکراتیەت و سەروەریی یاساوە، تەنیا تاوەکو ئەوکات بەردەوام دەبێت، کە ئەو پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەی خۆی بکات".

میسر و موبارەک

سەردەمی سەرۆکایەتی ئۆباما بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵچووترین ناوچەی جیهان بوو، ئەو ساڵانە بەهاری عەرەبی روویدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێرشیکردە سەر هێزەکانی قەزافی لەپێناو دوورخستنەوەی لە دەسەڵات، جەنگی ناوخۆیی سووریا پەرەیسەند و بەر لەوانیش بەهاری عەرەبی بەدوورخستنەوەی سەرۆکی تونس و میسر، دەستیپێکرد.

لەدوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ حوسنی موبارەک لە ساڵی 2009، ئۆباما سەرنجەکانی خۆی بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەخاتەڕوو، ئەو دەڵێ بۆمدەرکەوت دەسەڵاتدارە سەرکوتکەرەکان، "لە کۆشکەکانیاندا گۆشەگیر دەژین، هەموو کاردانەوەیەک لەگەڵیان لە رێگەی ژمارەیەک فەرمانبەری هەست بەستوو و ملکەچی چواردەوریانەوە دروست دەبێت، ئەوان نەیاندەتوانی جیاوازی لە نێوان بەرژەوەندییە کەسییەکانیان و بەرژەوەندیی گەلەکانیاندا بکەن".

لەهەمان ئەو گەشتەی قاهیرەدا، ئۆباما وێنەیەکی خراپی لەسەر سعودیە بۆ دروستبوو، وێنەی وڵاتێک جیاکاری لە نێوان هەردوو رەگەزدا دەکات و یاساکانی ئاینین. ئەو ئاشکرایکردووە کۆشکی شاهانەی ئەو وڵاتە، هەوڵیانداوە خشلی گرانبەهای پێشکێش بکەن.

ئۆباما شۆکبووە بە هەستکردن بەسەرکوتکاری و دڵتەنگی، کە بەهۆی ئەو جۆرە شوێنانەوە دروستدەبن، ئەو دەڵێت "وەک ئەوە بوو لەناکاو بچمە ناو جیهانێکەوە کە هەموو رەنگەکانی تێدا بێدەنگکراون". ئەوەشدەخاتە روو کە هەستی بەمەترسییەکانی ناچارکردنی موبارەک بەدەستلەکارکێشانەوە کردووە، بەڵام دەڵێ ئەگەر لاوێکی میسری بوومایە، خۆم لە نێو خۆپێشاندەراندا دەبینییەوە.

زیاتر دەنووسێت: "لەوانەیە نەتوانم رێگە لە چین و رووسیا بگرم لە تێكشکاندنی ئۆپۆزیسیۆنەکانیان، بەڵام رژێمی موبارەک ملیاران دۆلاری لەپارەی باجدەرە ئەمریکییەکان وەرگرتووە، ئێمە چەکمان داونەتێ و زانیاریمان لەگەڵدا ئاڵوگۆڕکردوون و هاوکاریانبووین لە مەشقدانی ئەفسەرەکانیان، بۆ من رێگەدان بەپێدانی ئەو هاوکارییانە بۆ کەسێک کە بەهاوپەیمانی ناودەبەین، لە کاتێکدا کاری تووندوتیژی و وەحشییانە دژ بە خۆپێشاندەرانی سڤیل ئەنجامدەدات بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە، ئەوە هەڵەیەک بوو نەمدەتوانی چاوپۆشی لێبکەم".

گوشارەکانی لۆبیی ئیسرائیل

ئۆباما لە ساڵانی کارکردنیدا لە کۆشکی سپی، پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەگەڵ بینیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هەبوو، بەتایبەت لەبارەی رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کە ئەمریکا میانگیربوو تێیدا.

ئۆباما دەڵێ، ناتانیاهۆ سیاسییەکی لێهاتوو بوو، لە دوای 2004ەوە کاتێک بوومە ئەندامی ئەنجوومەنی پیران پەیوەندیم لەگەڵیدا هەبوو.

لەبارەی ناتانیاهۆوە دەڵێ "تێڕوانینی ئەو بۆ خودی خۆی، روانینبوو لەخۆی وەک بەرگریکەری یەکەمی گەلی جوو لە بەرامبەر کێشەکاندا، ئەمە وایکردبوو بیانوو بۆ هەموو کارێکی خۆی بهێنێتەوە لەپێناو مانەوە لەدەسەڵات، هەروەها شارەزایی ئەو لە دونیای سیاسەت و میدیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، متمانەی زیاتری لەسەر ئەو بۆچوونانە لا دروستکردبوو، ئەو متمانەیە وایکردبوو دڵنیابێت لەوەی دەتوانێ بەرگەی هەر گوشارێک بگرێت کە ئیدارە جیاوازەکانی ئەمریکا بیخەنە سەری".

ئۆباما لە کتێبی 'زەوی بەڵێندراو'دا، راشکاوانە دەڵێ هەستی بەبێئومێدی کردووە لە لۆبیی پشتگیریکەری ئیسرائیل، کە لە ئەنجوومەنی گشتی ئەمریکی - ئیسرائیلدا هەن و ناویان (ئایپاک)ە. ئەو دەڵێ ئایپاک بووبووە راستڕۆی هاوشانی سیاسەتەکانی ئیسرائیل. پرسیار دەکات لەسەرئەوەی ئاخۆ ئەوان لێکۆڵینەوەیان لە بنەچەی من کردووە، لەبەرئەوەی ئەمریکییەکی بنەچە ئەفریقی بووە؟.

ئۆباما لەبارەی دەنگدەرە جووەکانی ئەمریکاوە کە زۆرینەیان دەنگیان بەودا لە هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، سەرسامیی خۆی بەوان پێشاندەدات، دەڵێ "ویستی ئەوەیان هەیە پێشکەوتووترین بن" لە هەر گرووپێکی دیکەی نەتەوەیی و ئاینی.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif