پێشانگای کتێب و چوار تێبینی

ليست هناك تعليقات



کردنەوەی پێشانگای کتێب کارێکە جێگای دەستخۆشییەو یەکێک لە پێوستیەکانی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ھۆشیارو چاوکراوەو قسەکەرە، بەڵام بۆ ئەوەی پێشانگای کتێب بە ئامانجی خۆی بگات گرنگە ڕەچاوی چەند خاڵێکی تێدا بکرێت:

یەک: پێشانگای کتێب بەتایبەت ئەگەر "نێودەوڵەتی"بێت، دەبێت نوێترین چاپکراوەکانی دەزگاو خانە بەشداربووەکانی تێدا بێت، خوێنەر بۆیە ڕوو لە پێشانگای کتێب دەکات بۆ ئەوەی دەستی بەو سەرچاوەو کتێبانە ڕابگات کە لە بازاڕدا بەردەست نین، خوێنەر بۆیە سەردانی پێشانگا دەکات بۆ ئەوەی دەرگای بەدەستھێنانی ئەو کتێبانەی لێبکرێتەوە کە بە ئاسانی لەبازاڕی ناوخۆدا دەستی ناکەوێت، نەک ئەوەی کاتێک داوای ناونیشانی کتێبێک لە یەکێک لە خانە بەشداربووەکانی پێشانگایەکی نێودەوڵەتی بکرێت،لە وەڵامدا "بزنس کارت"ێک بداتە خوێنەرو بڵێت ئەو کتێبانە لێرەوە دەست ناکەون و دواتر پەیوەندی بکە بۆت دەھێنین!

دوو: داشکاندنی نرخ، دەبێت بە وردی حساب بۆ داشکاندنی نرخی کتێب و ناونیشانە جیاوازەکان لە لایەن خانەو دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەشداربووی پێشانگاکەوە بکرێت ، دەبێت ئیدارەی پێشانگاش پێشوەخت دیسپلین و ڕێکای تایبەتی لەو ڕوەوە ھەبێت، داشکانی نرخ بە مەتاتی نابێت، ناکرێت ئەو کەسانەی سەردانی پێشانگای کتێب دەکەن، نرخی ڕاستەقینەی کتێبەکان و ڕێژەی داشکاندنەکەیان لا شەفاف و ڕوون نەبێت، نا ڕوونی نرخ و ڕێژەی داشکاندنی نرخ زیانی گەورە لە پیشانگای کتێب دەدات و کڕیار ناچار دەکات بە وریاییەوە پەنجە بۆ کتێب و سەرچاوە جیاوازەکان ڕابکێشێت، پێویستەو گرنگیشە نرخی ڕاستەقینەو ڕێژەی داشکاندنەکە لە سەر ھەموو ناونیشان و کتێبە جیاوازەکان دابنرێت، بۆ ئەوەی کڕیار بە ئاشکرا ھەست بەو سودە مادییە بکات کە لە کڕینی کۆمەڵێک کتێب و سەرچاوەی جیاوازەوە پێکەوە دەستی دەکەوێت.

سێ: پێویستە زۆرترین خانەو دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بیانی لە سەرتاسەری جیھاندابەشداری پێشانگا ببن،بە بەرنامە، ھەموو ئەو سەرچاوە زانستیانە بھێنرێنە پێشانگاکەوە کە جێگای بایەخی زانکۆو ناوەندە ئەکادیمیەکانن، بەتایبەت کە ئێستا نزیک بە ٣٥ زانکۆی حکومی و ئەھلی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەن و ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری خوێندنی باڵایش ھەیە چ لە ناوخۆو چ لە دەرەوە.

چوار: دانانی "ئەپ"ێک بۆ خانەو دەزگا بەشداربووەکان و نوسینی ناونیشانە بەشداربوەکانی کتێب و سەرچاوەکان تیایدا، بۆ ئەوەی کڕیار بە بەرچاو ڕوونی زیاترەوە سەردانی پێشانگا بکات و بە ئاسانترین شێوەو بە کەمترین کات بتوانێت بە زۆرترین ناونیشان ئاشنا ببێت.

کردنەوەی ھەر پێشانگایەکی کتێب ناتوانێت وەک پێویست خزمەتی ھۆشیاری کۆمەڵگە بکات، لانیکەم، ئەگەر ڕەچاوی ئەو چەند خاڵەی تێدا نەکرێت کە ئاماژەمان پێدا، پێشانگای کتێب پێش ئەوەی وەک بزنس چانسێک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، پێویستە خزمەتکردن بە ئاستی ھۆشیاری تاک و کۆمەڵگەی تێدا لەبەرچاوبگیرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif