تۆ دەزانی ئەم یاریزانە بە رەچەڵەک خەڵکی کوێیە؟

ليست هناك تعليقات


 لویس سوارێز لە خێزانێکی هەژارەوە چاوی بە دونیا هەڵهێنا، نە خۆی و نە خزمان و کەسوکارانیشی نەیاندەزانی رۆژێک دێت دەبێتە هێرشبەرێکی جیهانی، یاری بۆ یانە گەورەکانی وەک ئایاکسی هۆڵەندی، لیڤەرپوولی ئینگلیزی، بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی دەکات.


لە خێزانێکی هەژارەوە

لويس ئەلبێرتۆ سوارێز دياز، لە 24ـی مانگی یەکی ساڵی 1987 لە شاری سالتۆ لە ئورۆگوای لەدایکبووە، دایکی ناوی ساندرا بوو، باوکیشی ناوی رۆدۆلفۆیە، کە لە چینی هەژاران بوو، بە رەچەڵەک ئەفریقییە، ئەوکاتەی تەمەنی سوارێز 7 ساڵان بوو، دایک و باوکی چوونە مۆنتیڤیدیۆی پایتەخت بۆ کارکردن و دابینکردنی پارووی ژیان. لەسەر شەقام و لە کۆڵانەکانی ئەو شارە سوارێز دەستی بە یاریکرن بە تۆپ کرد، کە لە دواڕۆژدا ئەو کارەی بۆ فریادڕەسی خۆی و خێزانەکەی و لە هەژاری رزگاریان بوو.

سوارێز و خێزانەکەی

خێزانێکی گەورە

سوارێز 7 برای هەیە، کە شایەنی ئەوەن پێیانبڵێن خێزانی وەرزشی.

برا گەورەکەی، کە ناوی پاولۆیە یاریزانی تۆپی پێ بوو، یاری بۆ هەڵبژاردەی گواتیمالا کردووە.

ژیانی منداڵێتیان پڕبوو لە هەژاری و دەردەسەری، تا راددەیەک زەحمەت بوو پارەی کڕینی پێڵاوێکی یاریکردنیان دەستکەوێت، بەڵام ئەوە نەبووە رێگر لە بەردەم سوارێزدا و نەیتوانی بیوەستێنێت لە خەونەکەی، دایکیشی زۆر یارمەتی دەدا و بەردەوام هانی دەدا بۆ ئەوەی یاری بکات و هەر ئەویش بردییە تیپی ئۆرێتا، کە تیپێکی میللی بوو لە مۆنتیڤیدیۆ، کە لە یەکەم یارییدا سوارێز بە یەدەگ یاریکرد و هاتریکی تۆمارکرد، ئیدی ئەوە بووە خاڵی دەستپێکردنی کاروانی وەرزشیی سوارێز.

باوکی بەجێیهێشتن

کاتێک تەمەنی سوارێز بووە 12 ساڵان، باوکی خێزانەکەی جێهێشت، ئیدی ئەرکی بەخێوکردنی خێزانەکە کەوتە دەست دایکی، کە بە یارمەتی داپیرەی سوارێز خێزانەکەیان بەخێودەکرد.

سوارێز وەک قوتابی سەرکەوتوو نەبوو، لە خوێندن شکستی هێنا، بەڵام خەونی بوون بە یاریزانێکی پیشەگەری لەگەڵدا گەورە دەبوو، تاوەکو چووە ریزەکانی یانەی ئینتەرناسیۆنالی ئورۆگوایی.

سۆفیا بالبیی هاوژینی سوارێز

سۆفیا رزگاری کرد

سوارێز هەندێک هاوڕێی زۆر خراپی هەبوو، کە رۆڵێکی زۆر خراپیان بینی لە بردنی سوارێز بەرەو لاساری، کە ئەوکات مێردمنداڵ بوو، ئەو دەستی بە خواردنەوەی مەی کرد، ئەوەندە نەمابوو ژیانی وێران ببێت، بەڵام هەموو شتێک گۆڕا کاتێک سۆفیا بالبیی تەمەن 15 ساڵانی ناسی، کە ئەو کچە کاریگەرییەکی زۆر باشی کردە سەر ژیانی سوارێز و لە لەنێوچوون رزگاری کرد، چونکە لە سۆفیا نەبووایە، کە ئێستا هاوژینیەتی، سوارێز دەبووە دز و مافیا و رێگر لەسەر شەقامەکانی وڵاتەکەی.

کاری شووشتنی ئۆتۆمبێل بوو

لویزیتۆ بەپێچەوانەی زۆر لە ئەستێرەکانی تۆپی پێ شەرم لە رابردووی ناکاتەوە و راشکاوانە باسی ژیانی خۆی دەکات.

ئەو دان بەوەدا دەنێت کە قوتابییەکی خراپ بووە و لە قوتابخانە زۆر کاری خراپی کردووە، کە بە قسەی خۆی هۆکارەکەی هەژاری بووە و دەڵێت "هەندێک رۆژ لە ماڵەوە هیچ نەبووە بیخۆین".

ئەو دەڵێت "کاتێک تەمەنم بووە 11 ساڵان لەگەڵ باپیرمدا دەستم بە کاری شووشتنی ئۆتۆمبێل کرد و ماوەی 3 ساڵ ئەو کارەم دەکرد بۆ ئەوەی پارە بەدەستبهێنم و بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ماڵ خەرج بکەم".

سۆفیا بالبی.. خانمێکی ئاسایی نییە

سۆفیا بالبی، هاوژینی هێرشبەرە ئورۆگواییەکە خانمێکی ئاسایی نییە، لەنێو هەموو نزیکەکانی سوارێزدا خاوەن رێزێکی زۆرە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە سۆفیا زۆر یارمەتی سوارێزی داوە بۆ ئەوەی تواناکانی لە تۆپی پێدا بەرەوپێشبچن و ببێتە ئەستێرەیەکی بەناوبانگی تۆپی پێ.

سوارێز لە منداڵیدا و بەدیاریکراوی لە تەمەنی 15 ساڵیدا ناسیویەتی، کە ئێستا هاوژینیەتی و دایکی 3 منداڵیەتی، کە بنیامین تەمەنی 4 ساڵانە، دیلڤیناش تەمەنی ٧ ساڵانە، منداڵێکی دیکەشیان هەیە، تەمەنی ساڵێکە.

سۆفیا بالبی لە خانەوادەیەکی بەناوبانگ و دەوڵەمەندە، سوارێزی خۆشویست بەر لەوەی ئەو کوڕە ببێتە ئەستێرەیەکی بەناوبانگ، واتا کە سۆفیا ئەوی خۆشویست هێشتا لەسەر شەقام یاری دەکرد، لە ماڵێکی هەژار و لە خانوویەکی کەلاوەدا دەژیا، سۆفیا بەناچاری لەگەڵ خانەوادەکەی ئورۆگوایان بەرەو ئیسپانیا جێهێشت، بەڵام دواتر سوارێز بووە یاریزانێکی پیشەگەر و بەدوایدا چووە ئەوروپا.

لویس سوارێز بە درێسی ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە

70 دۆلاری قەرزکرد

سوارێز بەبێ دوودڵی و بەشانازییەوە باسی چیرۆکی هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ سۆفیا لە 2009 دەکات، کە لێرەدا سوارێز بەسەرهاتێکی خۆی و سۆفیا دەگێڕێتەوە و دەڵێت "لە تەمەنی 15 ساڵیدا سۆفیام ناسی، کە ئەو تەمەنی 13 ساڵان بوو، بەڵام لەو ساڵەدا لەگەڵ خێزانەکەی بەیەکجاری چوونە بارسێلۆنا، ئەوکات بەڵێنم پێیدا کە منیش دێمە بارسێلۆنا ئەو رۆژەی دەبمە یاریزانی یانە کەتەلۆنییەکە، بەڵام ئارامم نەگرت، 70 دۆلارم لە برا گەورەکەم قەرزکرد و هەر ئەو هاوینە گەشتم کرد بۆ بارسێلۆنا".

ئەو بەردەوامە لە گێڕانەوەکەی و دەڵێت "بەڵام کە گەیشتمە فڕۆکەخانەی بارسێلۆنا کێشەیەکم بۆ دروستبوو، نەمدەزانی چۆن دەگەمە سۆفیا، پۆلیس ماوەی دوو کاژێر دەستبەسەری کردم، گوتیان چۆن دەبێت گەنجێکی بچووک بەبێ ناونیشان بێتە بارسێلۆنا؟ بەڵام سۆفیا بەدوای مندا هاتبوو، 3 کاژێر بەدوای مندا گەڕابوو تاوەکو منی دۆزییەوە، ئیدی لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا ئەو هاوکار و پشتیوانی من بووە". 

سەرمایەکەی 50 ملیۆن یۆرۆیە

دوای ئەوەی منداڵیی خۆی بە هەژاری بەسەربرد، ئێستا سوارێز خاوەن سەرمایەیەکی گەورەیە و بە 50 ملیۆن یۆرۆ دەخەملێنرێت، زێدەباری چەندین پارچە زەوی و خانووی گەورە لەو وڵاتانەی یاری لە خولەکانیاندا کردووە، وەک ئورۆگوای، هۆڵەندا، ئینگلتەرا و ئیسپانیا.

ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا و ئێستای ئاتلێتیکۆ مەدرید زۆر سەرسامە بە ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان و خاوەنی چەندین ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێی گرانبەهایە، لە مارکەکانی رانج رۆڤەر و بی ئێم دەبلیۆ و ئۆدی و چەندانی دیکەش.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif