خانمی یەکەمی ئەمریکا کێیە؟

ليست هناك تعليقات


جیڵ بایدن، خانمی یەکەمی داهاتووی ئەمریکایە و پرۆفیسۆری زمانی ئینگلیزییە، لەگەڵ ئەوەی کە نایەوێت دەستبەرداری پیشەی وانەگوتنەوە بێت لە زانکۆکانی ئەمریکا، بەڵام کاتێک دەچێتە کۆشکی سپی چەندین ئەرک و کاری دیکەی بۆ زیاد دەبێت.

جیڵ لە ساڵی 1977 ژیانی هاوژینی لەگەڵ جۆ بایدن پێکهێناوە، دوای ئەوەی هاوژینی پێشووی بایدن لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەگەڵ یەکێک لە منداڵەکانی گیانیان لە دەستدا.

خانمی یەکەمی داهاتووی ئەمریکا پرۆفیسۆری زمانی ئینگلیزییە و چوار بڕوانامەی لەو بوارەدا هەیە، دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرایەکی لە زانکۆی دێلوەیر بەدەستهێناوە. ئەو لەژێر کاریگەریی جۆ بایدن کار ناکات، هاوژینەکەی لە هەر پلە و پۆستێک بووبێت، جیڵ دەستبەرداری پیشەکەی نەبووە. 

ئەو هەشت ساڵەی جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو، جیڵ لە کۆلێژی کۆمەڵگەی ڤێرجینیای باکوور وانەی دەگوتەوە، لە نزیکەوە لەگەڵ میشێل ئۆباما، خانمی یەکەمی پێشووی ئەمریکا کاری دەکرد.

میشێل ئۆباما، هاوژینی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا وەکو "دۆستێکی ئازیز" باسی جیڵ دەکات و دەڵێت، لە سەختترین کاتەکاندا میهرەبانی و ئاسودەیی دروست دەکات، "لەبەر ئەوە جیڵ دەتوانێت ئەرکی خانمی یەکەم بەباشی بەڕێوەببات".

کاتێرین جێلسن، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئۆهایۆ دەڵێت، "لە دێر زەمانەوە سەرۆکەکانی ئەمریکا ویستوویانە هاوژینەکانیان لە کاتە سەختەکاندا لەگەڵیان بن، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە خانمی یەکەمی ئەمریکا هاوکات کارەکەی خۆی بکات."

رەنگە جیڵ بایدن لە زۆربەی خانمانی یەکەمی ئەمریکا زیاتر لەژێر گوشار بێت، بەتایبەتی بەهۆی ئەو هەلومەرجەی ئەمریکای پێدا تێدەپەڕێت. کۆرۆنا تەنگی بە وڵاتەکە هەڵچنیوە و زیاتر لە 230 هەزار کەسی کوشتووە. لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ تاوەکو ئێستا دانی بە شکستی هەڵبژاردندا نەناوە و دەڵێت، "ساختەکاری کراوە دەنگەکانمان دزراون".

سەرەڕای ئەو گوشارانە، بەدرێژایی کامپەینەکانی هەڵبژاردن، لە بەرامبەر گاڵتەجاری و ناوزڕاندنەکانی ترەمپ لە تویتەر و لە دیبەیتەکاندا، جۆ بایدن دانی بەخۆیدا گرتووە، لە کاتی راگەیاندنی سەرکەوتنی هەڵبژاردنیش بەهێمنی ئاهەنگی گێڕا، لە تەواوی ئەو کاتانەشدا جیڵ بایدن لەگەڵ جۆ بایدن دەرکەوتووە. بەشێک لە چاودێران چاوەڕێدەکەن لە چوار ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیشدا هەروا لەگەڵ بایدن بمێنێتەوە.

لە 2015 بەو بایدن، کوڕە گەورەکەی جۆ بایدن بە شێرپەنجە گیانی لە دەستدا، بەو هۆیەوە چاوەڕواندەکرێت بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجە و گوێگرتن بۆ خەم و ئازاری خێزانی سەربازانی ئەمریکی دوو لەو کار و چالاکیانە بێت کە جیڵ بایدن کاری لەسەر دەکات.

لە چاوپێکەوتنێکدا لە 2019 جیڵ بایدن بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، "جوانی خانمی یەکەمی سەرۆکی ئەمریکا لەوەدایە، هەرچۆنێکت بوێت دەتوانی پێناسەی بکەی." دەشڵێت، "من وەکو خانمی دووەمی ئەمریکا کارم لەسەر بواری پەروەردەیی، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەنێو خێزانی سەربازان کردووە".

جیڵ بایدن لەبارەی بەردەوام بوون لە کارەکەی دەڵێت، ئەگەر بچێتە کۆشکی سپی، لە وانەگوتنەوە بەردەوام دەبێت، چونکە دەیەوێت خەڵک رێز لە مامۆستاکان بگرن، و پیشەکە بەرز رابگرن. هەروەها بایدن هەمیشە پاڵپشتیی پیشەکەی کردووە، "ئێستاش کاتی ئەوەیە من پاڵپشتی لە بایدن بکەم".

لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا جیڵ هەمیشە لەسەر ستەیج بە گوڕوتینێکی زۆرەوە لە تەنیشت بایدن دەرکەوتووە و ئاماژەی سەرکەوتنی بەرزکردووەتەوە. ئەو لەبارەی هێرشەکانی ترەمپ بۆ سەر هەنتەری کوڕی بایدن دەڵێت، "سەرۆک مەبەستی ئەوە بووە سەرنجی خەڵکی لەسەر پرسە گرنگەکان لاببات".

جیڵ بایدن لە 3ی حوزەیرانی ساڵی 1951 لە شاری هامنتن لە نیوجێرسی لەدایکبووە، پێش بایدن جارێکی دیکە ژیانی هاوسەرگیری پێکهێنابوو، بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ هاوژینی پێشووی ماوەتەوە و جیابووەتەوە.





جۆ بایدن و نیڵیا هەنتەر، هاوژینی یەکەمی


هەرچەندە بیڵ ستیڤنسن، هاوژینی پێشووی جیڵ خۆی جۆ بایدن و جیڵی بەیەکدی ناساندووە، بەڵام دەڵێت، "هەردوو بایدنەکان خیانەتیان لێکردم، چونکە ئێمە هێشتا لەیەک جیانەببوینەوە کە ئەوان یەکدیان ناسیبوو"، دەشڵێت، "بەمزووانە کتێبێک لەسەر ئەوە بڵاودەکەمەوە کە چۆن هەردووکیان ژێربەژێری پەیوەندیان هەبووە".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif