ئێران بۆ ئەمریکا: هەر هێرشێک بکرێتە سەر وڵاتەکەمان، جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات

ليست هناك تعليقات


راوێژکارێکی رێبەری باڵای ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، هەر هێرشێک بکرێتە سەر وڵاتەکەی، ئەوا دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی "جەنگێکی گشتگیر" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

حوسەین دەهقان، راوێژکاری سەربازیی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی ئامادە نییە لە هیچ دانوستانێکدا لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا گفتوگۆ لەبارەی مووشەکە بالیستییەکانی بکات، ئاماژە بەوە دەکات "ئێمە پێشوازی لە هیچ کێشەیەک ناکەین. پێشوازی لە جەنگ ناکەین. بەدوای دەستپێکردنی جەنگەوە نین. بەڵام بەدوای ئەوەشەوە نین کە گفتوگۆ لەپێناو گفتوگۆیەکی دیکە ئەنجامبدەین. ئێمە رێگە بە لایەنی بەرامبەر نادەین کاتی خۆی وەربگرێت بۆ لاوازترکردنی وڵاتەکەمان و سەپاندنی سزای زیاتر".

هەروەها ئەو راوێژکارە باڵایە هۆشداریشی بە ئەمریکا داوە کە لە دوا رۆژەکانی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا هیچ جموجووڵێکی سەربازی بۆسەر وڵاتەکەی نەکات، دەڵێت "یەک تێکهەڵچوونی تەکتیکی سنوورداریش دەتوانێت ببێتە جەنگێکی گشتگیر. بێگومان ئەمریکییەکان، ناوچەکە و جیهانیش توانای بەرگەگرتنی کێشەیەکی وا گەورەیان نییە".

هاوکات رۆژی چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەم رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداریی دا لە ئەگەری هەر هێرشێکی سەربازی بۆسەر ئێران.

گرۆسی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئومێدەوارە هیچکات بیر لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران نەکرێتەوە.


پێشتر وا بڵاوکرایەوە، سەرۆکی ئەمریکا لە ئۆفیسی پێشوازی لە کۆشکی سپی لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانی کۆبووەتەوە، داوای لێکردوون چەند بژارەیەکی بخەنە بەردەست، کە چۆن هێرشبکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

چەند بەرپرسێکی ئاگادار لەو بابەتە، کە هەندێکیان ئێستا لە ئیدارەی ترەمپ کاردەکەن، هەندێکیشیان لە ئیدارەکانی پێشوو بوون، دەڵێن ئەو کۆبوونەوەیەی ترەمپ لەگەڵ راوێژکارەکان رۆژێک دوای ئەوە دێت، کە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان شایەتیانداوە عەمبارەکانی ئێران پڕن لە ماددەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی.

ئەو بەرپرسانە دەڵێن هەندێک راوێژکار لەگەڵ ئەوەدا نەبوون، داوایان لە ترەمپ کردووە رای بگۆڕێت و هێرش نەکاتە سەر ئێران.

هەریەک لە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوە و کریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگری بە وەکالەت لەگەڵ فەرماندە مارک مەیڵی، سەرۆک ئەرکانی ئەمریکا بە ترەمپیان گوتووە هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران لەوانەیە زۆر بە ئاسانی بۆ شەڕێکی گەورەتر تەشەنە بکات.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن، ئەمریکا هەر هێرشێک بکاتە سەر ئێران، ئەگەری زۆرە وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز بکاتە ئامانج، ئەو شوێنەی پێشووتر ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، عەمباری یۆرانیۆمی نەتەنز 12 جار گەورەترە لەوەی رێگەی پێدراوە.

ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە دەڵێت ئێران رێگەی نەداوە ناوچەیەکی دیکەی گوماناوی بپشکنرێت، کە باوەڕدەکرێت چالاکی ئەتۆمی تێدا هەبێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif