بایدن: ترەمپ نابەرپرسیارترین سەرۆکە لە مێژووی ئەمریکادا

ليست هناك تعليقات



سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بە "نابەرپرسیارترین سەرۆک" لە مێژووی ئەمریکا وەسفیکرد و گوتیشی ئێمەش براوەی هەڵبژاردنەکانین.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە بە گوێرەی میدیای ئەمریکی شکستی ‌هێناوە لە هەڵبژاردنەکەی 3ی تشرینی دووەم، هێشتا خۆی بە براوەی هەڵبژاردن دادەنێت و تیمی یاسایی خۆی راسپاردووە بۆ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری ویلمنگتۆن لە ویلایەتی دێلاوەر، رەخنەی لە ترەمپ گرت و گوتی: "ئەوەی کە ئێستا سەرۆکی ئەمریکا دەیکات بەوەی کە دان بە شکستی خۆی نانێت، بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر ئەوەی کە ترەمپ دەچێتە مێژووی ئەمریکا وەک بێ بەرپرسیارترین سەرۆکی ئەم وڵاتە".

تیمی ترەمپ تێبینییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی چەند ویلایەتێک هەیە، بە تایبەتی ویلایەتەکانی جۆرجیا، مشیگان، ئەریزۆنا، بنسلڤانیا، داوای دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکان دەکەن.

جۆ بایدن بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئێمە ویلایەتی میشگنمان بردووەتەوە و رۆژ دوای رۆژ روون دەبێتەوە کە ئێمە براوەی هەڵبژاردنەکان دەبین. ترەمپ براوەی هەڵبژاردنەکان نییە و ئێمە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا سوێندی یاسایی دەخۆین".

یەکێک لەو ویلایەتانەی کە لەسەر داوای تیمی پارێزەرانی ترەمپ دەنگەکانی ژمێردرایەوە، ویلایەتی جۆرجیا بوو، بەڵام ژماردنەوەی دەنگەکانی ویلایەتە هیچ لە ئەنجامەکەی نەگۆڕی.

بڕاد رافینسبێرگ، سکرتێری ویلایەتی جۆرجیا رایگەیاند: "تیمی پارێزەرانی دۆناڵد ترەمپ هیچ بەڵگەیەکی تایبەت بە ئەنجامدانی ساختەکاری و پێشێلکاری لە دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان پێشکەش نەکردووە".

بەو جۆرەش پێشبینی دەکرێت ویلایەتی جۆرجیا بەرەو پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بڕوات، ئەوەش لەدوای ئەوە دێت کە دەنگەکانی هەڵبژاردن دوو جار ژمێردراون جارێك لەڕێگەی ئامێری جیاکردنەوەی دەنگەکان و دووەمجاریش بە دەست.

لەجاری یەکەمدا جۆ بایدن بە نزیکەی 14 هەزار دەنگ پێش ترەمپ کەوتبوو، هەر ئەوەش وایکرد کە حاکمی ویلایەتەکە بڕیار بدات بە دووبارە هەژمارکردنەوەی دەنگەکان و لە جاری دووەمدا بایدن بە 12 هەزار و 284 دەنگ پێش ترەمپ کەوتووە.

ئەگەر بێت و وەک چاوەڕێ دەکرێت جۆرجیا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسەند بکات، بایدن دەبێتە یەکەمین بەربژێری دیموکراتی کە لەدوای نزیکەی 30 ساڵ براوەی ئەو ویلایەتە دەبێت.

 




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif