قسەکانی ترەمپ ترسناکن

ليست هناك تعليقات


سەرۆکی ئەمریکا لەدوای دەستکردن بە جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، چەندین لێدوانی داوە و باس لەوە دەکات کە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان کراوە، بەهۆی لێدوانەکانیشیەوە لەلایەن هەریەکە لە فەیسبووک و تویتەرەوە سزادراوە. سیناتۆرێکی پێشوو لە پارتەکەی دەڵێت، قسەکانی "مەترسیدارن".

ریک سانتۆروم، سیناتۆری پێشووی کۆمارییەکان بۆ ویلایەتی پەنسلڤانیا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سی ئێن ئێن رایگەیاند، گوێگرتن لە قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جێگەی "نائومێدی و شۆکە".

ئەو سیناتۆرەی پێشووی کۆمارییەکان دەشڵێت "هیوام وایە کە کۆمارییەکان لەم ساتەدا ئەوەی پێویستە بیڵێن لەبارەی سەروەریی هەڵبژاردنەکەمانەوە".

پێشتر سەرۆکی ئەمریکا بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، دەنگدانی یاسایی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیی بە "نایاسایی" ناوبرد و میدیاکانی بەوە تۆمەتبارکرد کە "دەستوەردانیان لە هەڵبژاردن" کردووە.

لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان بۆ ساوز کارۆلاینا رایگەیاند، متمانەی بە ژماردنی دەنگەکان لە ویلایەتی پەنسلڤانیا و نیڤادا نییە و دەشڵێت "پێویستە پشتی سەرۆک ترەمپ بگرین، چونکە ئەو پشتی ئێمەی گرتووە".

لە دوایین لێدوانیدا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە "ئەگەر دەنگە یاساییەکان هەژماربکرێن، ئەوا بەئاسانی دەیبەمەوە، ئەگەر دەنگە نایاساییەکانیش هەژماربکرێن، ئەوان دەتوانن هەڵبژاردنەکەمان لێبدزن". پێشتریش لە تویتێکیدا، کە لەلایەن تویتەرەوە سانسۆری خرایەسەر، داوایکرد "ساختەکاری راگرن".

هاوکات جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە تویتەر رایگەیاندووە "هیچ کەسێک ناتوانێت دیموکراسییەکەمان لێبسەنێتەوە. نە ئێستا و نە بۆ هەمیشە. ئەمریکا رێگایەکی دووری بڕیوە، چەندین جەنگی کردووە و رووبەڕووی زۆر کێشمەکێش بووەتەوە تاوەکو بەوە گەیشتووە".

پێشتریش لە تویتێکدا داوای لە خەڵک کرد "ئارامبن" و گوتی "پرۆسەکە کاری خۆی دەکات".

تاوەکو ئێستا جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ئەمریکا بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرۆکی ئەمریکا و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا. بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانەی راگەیێندراون، جۆ بایدن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەپێشە و تاوەکو ئێستا 264 کورسیی بەدەستهێناوە و ترەمپیش 214 کورسی.

هەروەها کۆمارییەکان تاوەکو ئێستا 48 کورسیی ئەنجوومەنی پیران و دیموکراتەکانیش 46 کورسییان بەدەستهێناوە. لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دیموکراتەکان 208 کورسی و کۆمارییەکان 193 کورسییان بەدەستهێناوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif