لە پەراوێزی دیداری سەرۆک بارزانی و جۆزێف بایدن لە شوباتی 2015

ليست هناك تعليقات


هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

سەرۆک بارزانی و شاندێکی یاوەری بانگھێشتی کۆنفرانسی ئاسایشی میونیخ کرابوون لە شوباتی 2015. لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، سەرۆک بارزانی لە ماوەی دوو رۆژدا، 24 کۆبوونەوەی دیپلۆماسی ھەبوو لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیران و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و شاندی جیا جیا.

یەکێک لەو دیدارانە لەگەڵ جۆزێف بایدن، جێگری سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا بوو کە ئێستا بە سەرۆککۆماری 46ـەمینی ئەمریکا ھەڵبژێردراوە. شاندی یاوەری جەنابی سەرۆک لە دیداری لەگەڵ جۆزێف بایدن پێکھاتبوون لە مستەفای سەید قادر و د. فوئاد حوسێن و ھێمن ھەورامی و فەلاح مستەفا.

کاتێک جەنابیان و شاندەکە گەیشتنە شوێنی کۆبوونەوەکە، بایدن بە گەرموگوڕییەکی زۆری دۆستانەوە لە دوورەوە ئامێزی بۆ جەنابی سەرۆک کردەوە و جەنابیان بە بایدنی وت سوپاستان دەکەم و بایدن پێی وت سوپاس بۆچی، دەبێت ئێمە سوپاسێکی زۆری تۆ بکەین.

کاتێک بایدن تەوقەی لەگەڵ کاک مستەفای سەید قادر کرد، پێی گوت من بایدنم، ھاوڕێ و دۆستە باشەکەی سەرۆک بارزانیم. بەپێی کاتی دانراو بۆ دیدارەکە، دەبوو تەنیا نیو کاژێر کۆبوونەوەکە بکرێ، بەڵام چڕوپڕیی بابەتەکان و بایەخ و پێگەی گەورە و دیار و بەرچاوی جەنابی سەرۆک لەناو ھاوکێشەکانی ناوچەکە و سەرکردایەتیی شەڕی تێکشکاندنی داعش و خستنەڕووی بابەتەکانی پەیوەست بە ئەو کات و ئاییندەی پرسی کورد و چاوەڕوانیەکانی کورد لە ئەمریکا و ئەمریکا لە کورد بەپێی سیاسەت و بەرژەوەندی و دۆز و کاری لەپێشینەی ھەردوولا، کۆبوونەوەکە بۆ کاژێر و نیوێک درێژ بووەوە.

لە بەرە بەری کۆتاییھاتنی دیدارەکە، بایدن داوایەکی لە جەنابی سەرۆک کرد کە ئەگەر وەختی ھەبێت، نەوەیەکی لەگەڵیەتی و کچی ھەنتەری کوڕیەتی و پێی خۆشە وێنەیەک لەگەڵ جەنابی سەرۆک بگرێت، چونکە بایدن پێشتر پێی گوتبوو، ئێستا دەچم کۆبوونەوەم لەگەڵ پیاوێک ھەیە کە نموونەی لە ھەموو ناوچەکە کەمە. بایدن باسی کرد کە خۆی و جەنابی سەرۆک جگە لەوەی ھەردوولا خاوەن دۆز و باوەڕی قووڵن بە میلـلەتەکەیان و خاوەن گفت و قسەی خۆیانن، ھەردووکیان نەوەکانیان خۆشدەوێن.

لەوێش ھەواڵی دارەوانی کوڕی کاک مەنسور بارزانی پرسییەوە کە پێش ماوەیەک تووشی رووداوی ئۆتۆمبێل ببوو و بایدن لە رێگەی باڵێۆزخانەکەیانەوە بۆ ھەواڵ پرسین، چەپکە گوڵی لە نەخۆشخانە بۆ ناردبوو. دوای ئەوەی جەنابی سەرۆک بە خۆشحاڵییەوە داواکەی بایدنی پەسند کرد، بایدن داوای لە یەکێک لە ستافەکانی خۆی کرد نەوەکەی بۆ بانگ بکەن.

کاتێک نەوەکەی ھاتەژووری کۆبوونەوە، بایدن گوتی، جەنابی سەرۆک ئەمە فێنیگنی کچی ھەنتەری کوڕمە و تەمەنی 15 ساڵە و یەکدیمان زۆر خۆش دەوێت، بایدن رووی کردە نەوەکەی و پێی گوت، ئەمە ئەو سەرۆکەیە کە بۆم باس کردی و چەندین ساڵە لە مەلەفی عێراق و ناوچەکە پەیوەندیمان ھەیە و نموونەی لە ناوچەکە کەمە، چونکە سەرۆکێکە باوەڕێکی قوڵی بە دۆزی گەلەکەیەتی و خاوەن گفت و بەڵێنی خۆیەتی و کردەوە و قسەکانی یەک بوون، شتێکی نەکردووە نەیگوتبێ و شتێکی نەگوتووە
نەیکردبێ.

بۆ گرتنی وێنەکە تەنیا وێنەگرێکی کۆشکی سپی لەوێ بوو، بۆیە وەک یەکێک لە ئەندامانی شاندی یاوەری جەنابی سەرۆک ھەر بە ئایفۆنەکەی خۆم ئەو وێنەیەم گرت.

وێنەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ بایدن و نەوەکەی. وێنە: هێمن هەورامی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif