پەکەکە وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە

ليست هناك تعليقات



کەجەکە سەرکۆنەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات لەبارەی رووداوەکانی چەمانکێ و رایدەگەیێنێت، ئەمریکا هەوڵدەدات ناکۆکیی نێوان هێزە کوردییەکان قووڵتر بکاتەوە و داوا دەکات گەلی کورد هەوڵدانەكانی خۆیان لەپێناو ئارامی و چارەسەری كێشەكان چڕ بكەنەوە.

رۆژی چوارشەممە 4-11-2020 لە سنووری ناحیەی چەمانکێی سەر بە قەزای ئامێدی، مینێکی چێندراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بە هێزێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەو هۆیەوە پێشمەرگەیەک شەهید بوو و دوو پێشمەرگەش بریندار بوون.

رووداوەکە کاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانی لێکەوتەوە. دوایین کاردانەوە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو کە لە راگەیێندراوێکدا بەتووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە چەمانکێ دەکات و دەڵێت، پشتگیریی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ریشەکێشکردنی "تیرۆر".

لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، ئەوان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بنبڕکردنی "تیرۆریزم". 

ئەمڕۆ هەینی 6-11-2020 كۆمیتەی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان وەڵامی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە و لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەجیاتی ئەوەی رەخنە لە لەشكركێشی و داگیركاری توركیا بۆ سەر خاكی باشووری كوردستان و عێراق بگرێت، بە هەموو جۆرێك پشتیوانی لێی دەكات و هانی دەدات، دەوڵەتی ئەمریكا نەك تەنیا لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنی داگیركاری دەوڵەتی توركیا و تاوانەكانی شەڕی ئەردۆغان دەنگ هەڵنابڕێ بەڵكو هەوڵدەدات بە پشتیوانیكردن لە سیاسەتی چەواشەكارانە و شەڕخوازانەی PDK ، كەشی نیگاتیفی پەیوەندی نێوان هێزە كوردییەكان قووڵتر بكاتەوە".

کەجەکە لێدوانەکەی یاریدەدەری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەركۆنە دەكات و رایدەگەیێنێت "بانگەوازی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلی كورد و بەتایبەتی گەلی باشووری كوردستان، هێز و لایەنەنە سیاسییەكان و رۆشنبیران دەكەین، كە لە بەرامبەر ئەم لێدوانە ئاژاوەگێڕانە وریا بن و هەوڵدانەكانی خۆیان لەپێناو ئارامی و چارەسەری كێشەكان چڕ بكەنەوە".

شەوی 4-11-2020 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش رووداوەکەی چەمانکێی بە پێشهاتێکی مەترسیدار ناوبرد و رایگەیاند، هێرشەکەی ئەمڕۆی پەکەکە هێرشە بۆ سەر ژیان و ئارامیی خەڵک و خاکی کوردستان.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەپێویستیی زانی "په‌كه‌كه‌ رێز لە قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هەرێمى كوردستان و حکومەت و دامەزراوە شەرعییەکانی بگرێت و شەڕ و گێچەڵ لە کوردستان دوور بخاته‌وه‌".

هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانەی هێرشەکەی پەکەکەی بۆ سەر هێزی پێشمەرگە کرد و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان، قەوارەی سیاسی و شەرعیی خەڵکی کوردستانە، هێزی پێشمەرگەش پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستانە، بۆیە هەر هێرشێکی لەم جۆرە هێرشکردنە بۆ سەر تەواوی خەڵکی کوردستان.

جگە لە کاردانەوە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراقیش بە دەرکردنی راگەیێندراوێک ئەو هێرشەی پەکەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند"سەرکۆنەی هێرش و پەلاماری چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەین، کە هێزەکانی پێشمەرگەی لە پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج، بەهۆیەوە شەهید و برینداری لێکەوتووەتەوە".

حکومەتی عێراقی هەروەها رایگەیاند: "بە تووندی ئەو هێرشە رەتدەکەینەوە، کە لەنێو خاکی عێراقدا کراوە، ئەمە هێرشە بۆ سەر سەروەریی عێراق، رێکارەکان دەگرنەبەر بۆ ئەوەی سنوورێک دابنرێت بۆ ئەو هێرش و پەلامارانە، کە ئاسایش و سەروەریی عێراق پێشێل دەکات".

یەکێک لەو پێشمەرگانەی لە هێرشی رۆژی چوارشەممەی پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە لە چەمانکێ برینداربوو سەر بە فەرماندەیی ژینگەیە و دەڵێت، ئەو پێشمەرگانەی هێرشیان کراوەتە سەر، سەر بە راگەیاندن و رۆشنبیریی پێشمەرگە بوون. چوونیشیان بۆ ئەو ناوچانە بۆ قسەکردن بووە بۆ پێشمەرگە "وەک بەشێک لە پەروەردەی پێشمەرگە". 

بە گوتەی ئەو پێشمەرگە بریندارە، ئەوان بیریان لەوە نەکردبووەوە کە تووشی رووداوێکی وابن، "چونکە ئێمە لە مەقەڕێک دەچووین بۆ مەقەڕێکی دیکە". چوونیشیان بۆ ئەو ناوچەیە بۆ ئەوە بووە کە کارەکەیان لەوێ بووە.

سەرچاوە/ رووداو

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif