سندوقی نهێنییە ئەتۆمیەكانی ئێران كێیە؟

ليست هناك تعليقات



ئێوارەی دوێنێ لەناو قوڵایی ئێراندا زانایەكی ئەتۆمی كوژرا كە ئەمەریكیەیەكان بە سنوقی نهێنی چەكی ئەتۆمی ئێرانی دەزانن و ئێرانیەكانیش دەڵێن بەڵێ سەركردەیەكی پلە باڵای سوپا بووەو ماوەیەكیش جێگری وەزارەتی بەرگری ئێران بووە، بەڵام هیچ پەیوەندییەكی بە دۆسیەی ئەتۆمییەوە نییە.

موحسین فەخری زادە دیارترین زاناى فیزیا لە ئێران کە ئەمڕۆ تیرۆرکرا، ناوەکەى لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەبەسترێتەوە بە بەرنامەى ئەتۆمى ئەو وڵاتەوە، بە یەكێك لە پێنج كەسایەتیە گرنگەكەی ئێران دێتە ئەژمارو لەنێو میدیاكانیشدا بە سندوقە ڕەشەكەی ئێران دێتە ئەژمار، لەبەر گرنگی رۆڵەكەی دوو ساڵ لەمەوبەر بنیامین ناتەنیاهو بەفەرمى وەک بەرپرسى بەرنامەى ئەتۆمى تاران ناساندى، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران دان بەوەدا دەنێت كە فەرماندەیەكی پلە باڵای سەربازیی بووە، بەڵام ڕەتی دەكاتەوە كە هیچ بەرپرسیارێتیكی لە پێشخستنی تەكنۆلۆژیای ئەتۆمی وڵاتەكەیدا هەبووبێت. 

ساڵى 2007 ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان فەخرى زادە و چەند کەسایەتییەکى دیکەى ئێرانى خستە لیستى سزاکانییەوە، وەک گەورەترین زاناى وەزارەتى بەرگرى و هێزە چەکدارەکانى ئێران. 

ئەو سزایانە دواى رەتکردنەوەى ئێران هات بۆ دیدارى فەخریزادە لەگەڵ نوێنەرانى ئاژانسى نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆم بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارەکانى تایبەت بە چالاکى ئەتۆمى ئێران. 

ئەمریکییەکان وەک "سندوقى رەشى" ى بەرنامەى ئەتۆمى ئێران لە فەخریزادەیان دەڕوانى، کە یەکێک بوو لەو پێنج کەسایەتییە ئێرانییەى لە لیستى 500 بەهێزترین کەسایەتیدا بوو لە جیهان بەپێی گۆڤارى فۆرین پۆلسى ئەمریکى کە ساڵى 2013 بڵاویکردەوە. لیستەکە عەلى خامنەیی و محەمەد عەلى جەعفەرى فەرماندەى پێشووى سوپاى پاسدارانى تێدابوو. 

ساڵى 2008 رۆژنامەى "سەندەى تایمز" ى بەریتانى، لە راپۆرتێکدا فەخریزادەى بە "باوکى بەرنامەى ئەتۆمى سەربازى ئێرانى" ناوبرد، کە ئێران هەوڵدەدات بە هەوڵەکانى ئەو، کڵاوەى ئەتۆمى دروستبکات بەشێوەیەک کە بتوانێت هەر شارێک لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست خاپور بکات. 
وەك سەرچاوەكان باسیدەكەن فەخری زادە لەنێو تیمی دانوستانكاری چەكە ئەتۆمییەكەی ئێران دا ئەندامێتی هەبووەو لە چەند كۆبوونەوەیەكدا ئامادەیی هەبووە. 
ساڵی 2012كاتێك ناوەندێكی نوێی سەربازی لەناوچەی –سرخە حصار- لە رۆژهەڵاتی تاران دەكرێتەوەو كاری پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی دەبێت ناوبراو دەستی باڵای تێدا هەبووە، ساڵی 2017 بە فەرمی دەكرێتە بەرپرسی ئەو ناوەندە كە ناوی لێنرابوو (سازمان پژوهش های نوین دفاعی- واتە ڕێكخراوی توێژینەوەی بەرگریی نوێ)كە بە –سپند-بەناو بانگ بووە.

وێنەى فەخریزادە هەروا مایەوە تا نیسانى 2018، کاتێک بنیامین ناتەنیاهو سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکى تایبەتدا وێنەکەى بڵاوکردەوە و بەبەرپرسى سەرەکى ئامادەکارییەکانى ئێرانى ناوبرد بۆ دروستکردنى موشەکى ئەتۆمى. ناتەنیاهو چەند بەڵگەنامەیەکى خستەڕوو بۆ پشتڕاستکردنەوەى زانیارییەکانى. 

دواى ئەو کۆنگرەیە، پێگەیەکى ئیسرائیلى ئاشکرایکرد، ئیسرائیل پێش چەند ساڵێک هەوڵى تیرۆرکردنى پرۆفیسۆرێکى ئێرانى داوە، کە بە عەقڵى پشت بەرنامەى ئەتۆمى ئێران دادەنرێت. 

بەپێی ئاژانسى میهرى ئێرانى (27ى تشرينى دووەمى 2020) کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، لە ناوچەی ئابسەردی شاری دەماوەند، چەند چەکداری نەناسراو تەقەیان لە موحسێن فەخری زادە، زانای ئەتۆمى ئێران کردووە کوژراوە. 

ئاماژە بەوەشکراوە، تیرۆرکردنى فەخرى زادە دواى چەند کاتژمێرێک هاتووە لە روبەڕووبونەوەى چەکدارى نێوان چەکدارانى نەناسراو و پاسەوانەکانى. 

فەخرى زادە بەیەکێک لە دیارترین زانا ئەتۆمییەکانى ئێران دادەنرێت و ناوى لە لیستى سزاکانى نەتەوەیەکگرتووەکاندا بوو. 

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتى لەو رووداوە رانەگەیاندووە، بەڵام میدیاکانى ئێران، پەنجەى تۆمەتیان ئاڕاستەى ئیسرائیل کردووە. 
فەخری زادە ساڵی 1958 لە شاری قومی ئێران لە دایك بووە، لە ئاستی بەرپرسیاریدا زۆرینەی پلە سەربازییەكانی لە نێو سوپای پاسداراندا بڕیوە، و بۆماوەیەكیش جێگری وەزیری بەرگری ئێران بووە، ئەندازیاری زانستی ئەتۆمی بووەو لە هەمان كاتیشدا مامۆستای زانكۆی ئیمام حوسەین بووە. لەگەڵ تیمی ئەتۆمی ئێران چەند جارێك گەشتی وڵاتی كۆریای كردووە، دوو ساڵ لەمەوبەریش كاتێك كۆریای باكوور یەكێك لە بۆمبە ئەتۆمیەكانی تاقیكردەوە ناوبراو یەكێك بووە لە بەشداربووانی مەراسیمەكەی و بە فەرمی بانگهێشت كراوە.
چۆنیەتی كوشتنی:
عەسری دوێنێ هەینی 27/11/2020 لە لە شاری ئابسەردی قەزای دەماوەند لە مەیدانی –خەلیج فارس- بە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێك لە تەنیشتیەوەو دواتر بە دەستڕێژی گولەی چەند كەسێك گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی 4 گولەی بەركەوتووە تا گەیەنراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، لە ڕووبەڕووبونەوەی چەكدارەكاداندا ژمارەیەك چەكدار كوژراون كە تا ئێستا ناسنامەیان ئاشكرا نەكراوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق