سەرچاوەیەکی ئەمریکی: نەتەنیاهوو و بن سەلمان کۆبوونەتەوە

ليست هناك تعليقات



دوای ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی ناوچەی کەنداو، کۆبوونەوەی نهێنی نێوان بەرپرسە هەرە باڵاکانی ئیسرائیل و سعودیە دەستیپێکردووە، بەڵام محەممەد بن سەلمان رازی نەبووە پەیوەندییەکان ئاسایی بکاتەوە لەگەڵ ئیسرائیل.

بڵاوکراوەی وۆڵ ستریت جێرناڵی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و سعودی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت باس لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەنێوان بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و محەممەد بن سەلمان، شازادەی سعودیە دەکات کە بەگوتەی سەرچاوەکە لەنێو خاکی سعودیەدا ئەنجامدراوە.

پێشتر رادیۆکانی کان و سەربازیی ئیسرائیل باسیان لە سەردانێکی نهێنی نەتەنیاهوو بۆ سعودیە کردبوو، سەردانەکە رۆژی یەکشەممە، 22ی ئەم مانگە بوو. بەپێی ئەو سەرچاوانە، نەتەنیاهوو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کابینەکەی، بە فڕۆکەیەکی تایبەت بەرەو ناوچەی کەنار دەریای رۆژئاوای سعودییە فڕیوە و لەوێ لە شاری نیۆم لەگەڵ محەممەد بن سەلمان کۆبووەتەوە.

هەرچەندە دواتر بەرپرسانی سعودیە رەتیانکردەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی سعودیەی کردبێت، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە تویتێکدا رایگەیاند، هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەدا نەبووە.

بە گوتەی سەرچاوە ئەمریکییەکە کۆبوونەوەکە لە نیوەشەودا کراوە و پێنج کاژێری خایاندووە، تێیدا مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و یووسی کۆهێن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی مۆسادی ئیسرائیلی بەشدارییان کردووە. ئامانجی کۆبوونەوەکە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل بووە، بەڵام ئامادە نەبووە هیچ رێککەوتنێک واژۆ بکات و نەتەنیاهوو گەڕاوەتەوە ئیسرائیل.

ئامانجی مایک پۆمپەیۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئیسرائیلە بۆ دروستکردنی دیوارێکی بەرگری و زیادکردنی گوشار لەسەر ئێران، بەڵام بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا کاریگەری لەسەر بڕیارەکەی محەممەد بن سەلمان هەبووە، چونکە شازادە سعودییەکە دەیەوێت رێککەوتنەکانی بەشێوەیەک رێکبخات بە دڵی ئیدارەی نوێی ئەمریکا و جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بێت.

لە لایەکی دیکەوە نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لەبارەی رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکان گوتی، "سعودیە پشتگیریی دروستکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەکات، بەڵام ئەوەی لە هەمووی گرنگترە؛ رێککەوتنی هەمیشەیی و ئاشتبوونەوەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلە".

بە گوتەی راوێژکارێكی سعودیە کە قسەی بۆ وۆڵ ستریت جێرناڵ کردووە، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کشانەوەی محەممەد بن سەلمان لە رێککەوتن بەهۆی باوکییەوە بووە. شا سەلمان کە ئێستا بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە لە کۆبوونەوە و بەشێک لە بڕیارەکان دوورکەوتووەتەوە، دیدێکی جیاوازی هەیە لەبارەی کێشەکانی خەڵکی فەلەستین، بەڵام ئاگاداری کۆبوونەوەکانی محەممەد بن سەلمانە لەگەڵ بەرپرسە ئیسرائیلییەکان.

دوای سەردانەکە، مایک پۆمپەیۆ لە چاوێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێ فۆکس نیوزی ئەمریکی لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئیسرائیل گوتی، " لە داهاتوودا ئەو پەیوەندیانە ئاسایی دەکرێنەوە، بەڵام دیار نییە کە 30 رۆژ یان 60 رۆژ یان شەش مانگی دیکەی دەوێت"، بەرپرسێکی ئەمریکیش لەو بارەیەوە دەڵێت، "محەممەد بن سەلمان دەیەوێت لەڕێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە وێنە تێكچووەکەی سعودیە لە واشنتن چاکبکاتەوە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif