دانە غاز: "ئاستی بەرھەمھێنانی غاز لە وێستگەی کۆرمۆر زیادی کردووە"

ليست هناك تعليقات



کۆمپانیای دانە غاز-ی ئیماراتی رایگەیاند، ئاستی بەرھەمھێنانی غازیان لە وێستگەی کۆرمۆر لە ھەرێمی کوردستان زیادکردووە و گەیاندونایە بە ٤١٨ ملیۆن پێی سێجا لە رۆژێکدا.

کۆمپانیای دانە غاز کە یەکێکە لە ھاوپەیمانەکانی کۆمپانیای پێرل پترۆلیۆم لە راپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە کە ئاستی بەرھەمھێنانی غازیان لە وێستگەی کۆرمۆر لە ھەرێمی کوردستان زیادکردووە و گەیاندویانە بە ٤١٨ ملیۆن پێی سێجا لە رۆژێکدا.

لە راگەیەنراوەکەدا، کۆمپانیای دانە غاز کە بەڕێژەی ٣٥ لەسەدا پشکی لە کۆمپانیای پێرل پترۆلیۆم-دا ھەیە، باسی لەوەکردووە کە لە میانی چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا، ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێژەی شەش لەسەدا زیادکردووە و گەیاندویانە بە ٣٢ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

بەپێی راگەیەنراوەکە لەوبارەوە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانە غاز، پاتریک ئالمان وارد خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە بەو دەستکەوتەی کە لە وێستگەی کۆرمۆر بەدیھاتووە و رایگەیاندووە کە ئەو دەستکەوتە لە ئەنجامی ھەوڵە بەردەوامەکانیان بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی وزە لە وێستگەی کۆرمۆر بەدیھاتووە.

راشیگەیاندووە سەرباری ئەوەی بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی یەکەم ھێڵەکانی چارەسەرکردنی غاز کە توانای بەرھەمھێنانی دەگاتە ٢٥٠ میلۆن سێجا لە رۆژێکدا دواخرا، بەڵام لە میانی چەند ھەفتەی داھاتوودا، دەست دەکرێتەوە بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانە غاز، پاتریک ئالمان وارد باسی لەوەشکردووە کە سەرجەم لایەنەکانی بەشداربوو لە پڕۆژەی کۆرمۆر بەتەواوی پابەندن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی فراوانکردنی وێستگەکە و راشیگەیاندووە بەرھەمھێنانی غاز لە پڕۆژەی یەکەم ھێڵەکانی چارەسەرکردنی غاز لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ دەست پێ دەکات.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە پێشبینی دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنی بەرھەمھێنانی غاز لە پڕۆژەی یەکەم ھێڵەکانی چارەسەرکردنی غاز، لەنێوان ١٧٥ بۆ ٢٠٠ میلۆن دۆلار ساڵانە بۆ داھاتی دانەغاز زیاد بکرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif