هەڵبژاردن ناكۆكییەكانی كازمی و حەشدی شەعبی دەباتە ترۆپك

ليست هناك تعليقات



رۆژ بە رۆژ هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق زیاتر نزیك دەبێتەوە، بەتایبەت دوای پەسەندكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لەلایەن پەرلەمانەوە بە ژمارەیەك رێككەوتنی سیاسییەوە، ئێستا كەم تا زۆر چ لە عێراق و چ لە هەرێمی كوردستان لایەنە سیاسییەكان رەزامەندن بە پرۆسەكە و شێوازی ئەنجامدانی، تاكە لایەن كە بە رەسمی نەیاری پرۆسەكەیە حەشدی شەعبییە، ئەو هێزەی تۆمەتبار دەكرێن بە باڵی سەربازی ئێران لە عێراقدا.

ململانێی حەشدی شەعبی و سەرۆك وەزیران

لە ناوەڕاستی ئەم مانگە و تەنها یەك رۆژ بەر لە دەستپێكی گەشتەكەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق تووشی جۆرێك لە شۆك بوو كاتێك هەواڵی كوشتنی ژمارەیەك پۆلیسی لە پارێزگای سەلاحەدین پێگەیشت.
لەكاتێكدا كازمی زۆر بانگەشەی دەوڵەتی دامەزراوەیی و كۆتایهێنانی بە كێشە ئەمنییەكان دەكرد و خۆی ئامادە دەكرد بچێت بۆ سەردانێكی ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپی، لە قەزای بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین هەواڵی كوشتنی 12 كەس بە جیهاندا بڵاوبوەوە كە 8 لە كوژراوەكان سەر بە هێزەكانی پۆلیس بوون، پەنجەی بەرپرسیارێتی بۆ حەشدی شەعبی راكێشرا و لێكدانەوەكانیش بەو ئاراستەیە بوون كە كوژرانی ئەم ژمارە هاوڵاتییە نیشانەی بەردەوامی شەڕ و نائارامی میلیشیایی و مەزهەبییە و بەر لە گەیشتنی خودی كازمی بە ئەوروپا، هەواڵی نائارامی وڵاتەكەی گەیشتە ئەو وڵاتانە.
لە بارێكی دیكەشدا خوێندنەوەی بۆ كرا كە ئامانجی ئەم كردەوەیەی حەشدی شەعبی، تەنها یەك رۆژ پێش سەردانەكەی بۆ ئەوروپا بەرامبەر مستەفا كازمی ئەوەبوو كە سەرۆك وەزیران شەرمەزار بكەن كاتێك دەچێتە پاریس و بەرلین و لەندەن و لەمپەڕ بخەنە بەردەم هەوڵدان بۆ گەیشتن بەو رێككەوتننامانەی كە دەبنە هۆی دابینكردنی وەبەرهێنانی بیانی و پڕۆژەی گەورەی گەشەپێدان و پیشەسازی و كڕینی چەك و ئەو پەیامە بە ئەوروپاییەكان بدرێت كە عێراق وڵاتێكی نائارامە و كۆمپانیا زەبەلاحەكان تێیدا پارێزراو نابن.


لێكۆڵینەوە لە تاوان
دوای وەرگرتنی دەسەڵات، مستەفا كازمی بەڵێنی داوە لێكۆڵینەوە لە هەموو ئەو تاوانانە بكات كە ئەنجام دراون، تا ئێستاش ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوانە بە ئاماژەدان بە بوونی جەمسەرێكی شاراوە لە ئۆرگانەكانی دادوەریدا كە تاوانباران دەستگیردەكەن ، بۆ ماوەیەك دەیانخەنە زیندان و پاشان ئازادیان دەكەن .
توخمەكانی " حەشدی شەعبی " دادگای تایبەتیان هەیە كە ژێربەژێر و جیاوازن لە ئۆرگانەكانی دادوەری دەوڵەتی عێراق ، ئەمەش وا دەكات حوكمەكان بە تەزكیە و میزاجی و بەرژەوەندی تایبەت دەربكرێن.
كاتێكیش ئەم زانیارییانە دزەیان كرد، مستەفا كازمی بڕیاریدا هێزە ئەمنییەكان لە خۆپیشاندانەكان دووربخاتەوە و ئەركەكەیان بە سوپا بسپێرێت و مەترسی هەبوو كە هێزە ئەمنییەكان لەژێر كاریگەری هەندێك گروپی حەشدی شەعبیدا ئەركەكەیان بۆ پاكتاوكردنی خۆپیشاندەرن بەكاربهێنن.

خۆپیشاندان و قۆناغێكی نوێ‌
وێڕای كوژرانی زیاتر لە 600 كەس و 35 هەزار دەستگیركراو، بەڵام خۆپیشاندانەكانی ناوەراست و خوارووی عێراق كە خۆپیشاندەران بە شۆڕشی گەنجان ناویان دەبرد، بووە هۆی سەرەتای قۆناغێكی نوێ‌ لە عێراق، قۆناغێك كە بە هەڵوەشاندنەوەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و هاتنەسەركاری مستەفا كازمی و بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت دەستیپێكرد.
ئەگەرچی داواكرییەكانی خۆپیشاندەران هەمەجۆر بوون هەر لە خزمەتگوزارییەوە تا هەلی كار و هەتا دەگات بە داوای گۆڕینی سیستمی سیاسی و حكومڕانی، بەڵام چەند خاڵێكی ستراتیژی داواكاری خۆپیشاندەرانی لە گۆڕەپانێكەوە بۆ گۆڕەپانێكی دیكە و لە شارێكەوە بۆ شارێكی دیكە دەبستەوە بە یەكەوە وەك: داوای كۆتایهێنان بە پشكپشكێنەی حیزبی و تائیفی و ڕزگاركردنی سیستمی سیاسی لە بەرژەوەندیی شەخسی و حیزبی، دواتریش هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان داواكاریی و ئامانجەكانی خۆیان خستە ناو خۆپیشاندەرانەوە لە نمونەی چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق، تا دەگات بە هەڵبژاردنی پێشوەخت و گۆڕینی یاسا و شێوازی هەڵبژاردن.
بەڵام لەپاڵ هەموو ئەمانەدا خۆپیشاندان لە عێراق گۆڕانكاری سەپاند و بووە ژمارەیەكی ناو هاوكێشەكان كە نەتوانێت پشتگوێ‌ بخرێت.
دوای ساڵێك لە دەستپێكردنی خۆپیشاندان، خۆپیشاندەران داواكاریی سەرەكی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان و داڕشتنی یاسای نوێی هەڵبژاردن جێبەجێ كرد حكومەتی كازمی ڕۆژی 6 ی حوزەیرانی 2021 دیاریكردووە، گەیشتن بەم دەستكەوتە لە پەرلەمان ئاسان نەبوو هەندێك لە كوتلە سیاسییەكانی حەشدی شەعبی نزیك لە كۆماری ئیسلامی ئێران ، لە ترسی لەدەستدانی ئەو كورسیانەی كە ئێستا هەیانە لە پەرلەمان هەوڵی بەرهەڵستیكردن و ڕەتكردنەوەیان داوە .

مالیكی: هەڵبژاردن ناكرێت و حەشد هەڵناوەشێتەوە
لەبارەی ئەو هەوڵانەی كە باس لەوە دەكەن ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی بە حەشدی شەعبی دەهێنێت، نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت كە نە هەڵبژاردن لەو وادەیەدا دەكرێت و نە حەشدی شەعبی هەڵدەوەشێتەوە.
مالیكی وتی: حەشدی شەعبی بە هیچ جۆرە بەهایەك هەڵناوەشێتەوە و مانەوەی پێویستە بۆ پاراستنی عێراق و سیستەمی سیاسی.
وتیشی: حەشد دوای ئەوەی لە شەڕی دژی تیرۆردا سەركەوتوو بووە، سەركەوتنەكانی نیگەرانی لای زۆر كەس دروستكرد بۆیە جار جار هەوڵ دەدەن دەنگ بەرز بكەنەوە و باس لە هەڵوەشاندنەوەی ئەم هێزە بكەن بەڵام ئەوە روونادات.
مالیكی لە دیدارێكی میدیایدا جەخت لەوەشدەكاتەوە كە مانەوەی حەشد بووەتە پێویستی بۆ پاراستنی عێراق و سیستمە سیاسییەكەی و پوچەڵكردنەوەی هەموو ئەو پیلانانەی كە دژ بە عێراق و گەلەكەی هەن.

هەرچۆنێك بێت ئێستا دۆسێی حەشدی شەعبی و هەڵبژاردنەكانی عێراق بە تەریبە بەرامبەر یەكتر بوونەتە مایەی بەربەرەكانێ‌ چ لەنێوان جەمسەرەكانی هێزی دەرەكی لەلایەك و چ لەناوخۆی عێراق و لەناو هێزە لۆكاڵییەكاندا، هەربۆیە پێشبینی رووداوەكان ئاسان نین تەنها هێندە نەبێت كە چەند مانگێكی پڕ لە هەوراز و نشێو چاوەڕوانی بەغداد دەكات.

ڕاپۆرتی پەیسەر

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif