ئەڵمانیا پێی باشە كێ دەرچێت، ترامپ یان بایدن؟

ليست هناك تعليقات



لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، کاتێک ئەمریکا پێشەوایەتی هاوپەیمانانی کرد بۆ کۆتاییهێنان، بەدەسەڵاتی نازیەت لە ئەڵمانیادا و پاشان سەرکردایەتی پلانی مارشاڵی کرد، بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەموو ئەوروپا بە ئەڵمانیاشەوە، پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان ئەڵمانیا و ئەمریکا، هیچ کات هێندەی چوار ساڵی رابردووی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، سارد و بێبەرهەم نەبووە.

ترەمپ، نەک هەر کێشەی لەگەڵ ئەڵمانیادا دروستکرد، کە هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەمریکایە لە کیشوەری ئەوروپا، بەڵکو هەڕەشەی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لەسەر خاکی ئەڵمانیا و لە بنکەی سەربازیی نێو خاکی ئەڵمانیا کرد، دۆخەکە گەیشتە ساردوسڕییەکی بێوێنە، کە پێشتر نەبینراوە.

ئەوەی روویدا، کۆدەنگییەکی لەنێو سیاسییە ئەڵمانەکاندا دروستکردووە بەوەی، هەمووان هیوابخوازن لە هەڵبژاردنەکانی سبەی سێشەممەی ئەمریکادا، جۆ بایدن براوە بێت.

زۆرینەی ئەڵمانییەکان نەک هیواخوازن، بەڵکو بۆ داهاتووی پەیوەندی وڵاتەکەیان و ئەمریکا و کۆی مرۆڤایەتیش، گرەو لەسەر سەرکەوتنی بایدن دەکەن. پیتەر بایر، ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانیا لە پارتی یەکێتی مەسیحی دیموکرات، کاتێک رووبەڕووی پرسیارکردن دەبێتەوە لە نێوان ترەمپ و بایدندا، پێویستی بەبیرکردنەوەی زۆر نییە.

ئەو لە بیریەتی کاتێک لە ئابی 2018دا، دۆخەکە بەئاستێک گەیشت، نزیکبووەوە لە سفر، کاتێک وەک ئەو دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ، ئەوروپییەکانی وەک دوژمن ناساند، ئەوە "تێپەڕاندنی هەموو سنوورەکان بوو".

بایر، رێکخەری پەیوەندییەکانی ئەتڵەسییە لە بۆندستاگ (پەرلەمانی ئەڵمانیا)، دەڵێ نامانەوێ ئەو قسەیەم لە هیچ کەسێک گوێ لێبێت، نەخاسمە سەرۆکی ئەمریکا.

بایر پێیوایە لە چوار ساڵی ماوەی سەرۆکایەتی ترەمپدا، زۆر شت لە نێوان واشنتن و بەرلیندا گۆڕاون، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بەشێوازی پەیوەندیکردنەوە هەیە "ئێمە راهاتبووین لەسەر هاوئاهەنگی نێوانمان بەتایبەت لەهەڵوێستەکاندا، ئەوەی روویدا پێماندەڵێ دەبێ زۆر شت فێر بووبین".

بایر پێی سەیرە، کاتێک زانیمان ئەمریکا نیازی پاشەکشەی یەکەکانی وڵاتەکەی لە ئەڵمانیا هەیە، "کە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، هەواڵێکی لەسەر ئەوە بڵاوکردەوە، دوای هەفتەیەک لە هەواڵەکە، ئەمریکا بێدەنگیی هەڵبژارد".

سەرۆکێکی بەهەڵا و راوێژکارێکی ئارام

ناکۆکییەکانی نێوان ئەڵمانیا و ئەمریکا تەنیا لە هەڵوێستە سیاسییەکانی ترەمپدا رەنگیان نەدایەوە. سەرۆکی ئەمریکا بە ئەوروپییەکانی گوت، ئەگەر بتانەوێ هێزەکانمان لەسەر خاکی ئێوە لە مانەوە بەردەوامبێت، دەبێ خۆتان پارە و خەرجیی ئەو هێزانە بدەن.

لە رووی کەسیشەوە، جیاوازییەکی بنچینەیی لە نێوان ترەمپ و ئانگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیادا هەیە، 'دۆیچە فێلە'ی ئەڵمانی دەڵێ، بازرگانەکەی خانووبەرە )مەبەست ترەمپە)، لەگەڵ زانا فیزیاییەکەدا )مەبەست میرکڵە) تەنیا لە شێوازدا ناکۆک نین، ئەویان بەهەڵا و ئەمیان لەسەرخۆیە، تەنانەت جیاوازییەکی گەورەی سیاسیش لە نێوانیاندا هەیە.

ئەو دوو سەرکردە گەورەیە، لە بابەتی وەک پاراستنی ژینگە، بازرگانیی جیهانی، سیاسەتی پەنابەران و تەنانەت کۆرۆناشدا، جیاوازی قووڵ لە بیرکردنەوەیاندا هەیە.

میدیای ئەڵمانی دەڵێن هیچ کاتێک هێندەی ئێستا، بۆندکانزلیرمات (سەرۆکایەتی حکومەتی ئەڵمانیا)، بەتەنگ گۆڕانی دەسەڵات لە واشنتن نەبووە، ئەمە تەنیا بۆچوونی چینی سیاسی وڵاتەکە نییە، بەڵکو راپرسییەکانی ناو ئەڵمانیا دەریانخستووە، تەنیا 13٪ی ئەڵمانەکان ئاواتی سەرلەنوێ دەرچوونەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانیان هەیە، هەروەها تەنیا لایەنگرانی 'پارتی جێگرەوە لەپێناو ئەڵمانیا'، زۆرینەیان خۆزگەی دەرچوونەوەی ترەمپەوە دەخوازن، زیاتر لە سێ لەسەر چواریان خەون بەبوونەوەی ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکاوە دەبینن، لەکاتێکدا ئەوان کەمینەن.

لە داگیرکارییەوە بۆ هاوڕێیەتی

ئەڵمانەکان پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ ئەمریکییەکاندا دروستکرد. هێزەکانی ئەمریکا رۆڵی کاریگەر و یەکلاکەرەوەیان لە لیخستنی ئەدۆڵف هیتلەردا هەبوو، کە ئەڵمانیا و ئەوروپا و تەواوی مرۆڤایەتی لە چلەکانی سەدەی رابردوودا شەکەت کرد و جەنگی لە تەواوی ئەوروپادا هەڵگیرساند.

ئەمریکییەکان سەرەتا وەک داگیرکەر هاتنە ناو ئەڵمانیاوە، بەڵام مەرگەساتی ئەڵمانەکان بەدەست ساڵانی دەسەڵاتی نازیەت و جەنگی دووەمی جیهانییەوە، برینی قووڵی ئەڵمانەکانی بە دەستی ئەمریکییەکان چارەسەرکرد، داگیرکارییەکەی گۆڕی بۆ دۆستایەتی.

"هەموو کەسێکی ژیر خۆزگە بەسەرکەوتنی جۆ بایدن دەخوازێت"، ئەمە پوختەی هەموو بیرکردنەوەکانی یۆهانس کندلەرە، کە ئێستا تەمەنی 74 ساڵە.

ئەو سەردەمانی زێڕینی پەیوەندی نێوان ئەڵمان و ئەمریکییەکانی بینیوە، ئەوکاتەی سەربازە ئەمریکییەکان لەسەر شەقامەکانی بۆن (پایتەختی پێشتری ئەڵمانیا) بەدیار ئاوازی سەرکەوتنەوە سەمایان دەکرد، کیندلەر راوێژکار بوو لە حکومەتی ئەڵمانیا. ئەو پەیوەندییە پڕ بەهاکانی وڵاتەکەی لەسەردەمی سەرۆکەکانی وەک ریگان، بووشی باوک و بیل کلنتندا بینیوە.

راوێژکارەکە هێشتا یادەوەرییەکانی رۆژانی زوو، ختووکەی هەستەکانی دەدەن، کەمەندکێشی ئەو گەڕەکانەی دەکەنەوە، کە تێیدا پەیوەندییەکان لە ترۆپکدا بوو. ئەو ئێستا رۆژانە بەپایسکلەکەی بۆ زیندوو هێشتنەوەی یادەوەرییەکانی ئەوکات، دەچێتەوە گەڕەکی ئەمریکی لە شاری بۆن.

لەو گەڕەکەدا، شەقامەکان لە سەرجەم شەقامەکانی دیکەی شارەکە فراوانترن (لەسەر ستایلی ئەمریکی دروستکراون)، لەوێ کۆڵانەکان بەناوی سەرکردە ئەمریکییەکانی وەک جۆن ئێف کینیدی و کەسایەتییەکانی وەک مارتن لۆسەر کینگەوە کراون. ئەوکات لەو ناوچەیەدا، ئەفسەر و کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵی، لەو ناوچەیەدا دەژیان.

ئەو رۆژانە کیندلەر تێنسی لەگەڵ هاوڕێ ئەمریکییەکانیدا دەکرد، دەبووە میوانی یانەی تێنسی ئەمریکییەکان لەسەر رووباری راین، ئەمڕۆژانە کاتێک بەتەنیشت رووبارەکەدا گوزەر دەکات، بیر لەوە دەکاتەوە چۆن ئەو پەیوەندییە پتەوەی نێوان ئەڵمانی و ئەمریکییەکان رووخا؟ ئەو باڵەخانەیەی رۆژێک لە رۆژان سەرۆکەکانی وەک جۆن کینێدی و رۆناڵد ریگان، سەرۆکانی پێشووی ئەمریکا تێیدا مانەوە، ئێستا لەگیانەڵادایە، وێنەکانی گرافیتی لەسەر دیوارەکانی نەخشێنراوە و دەرگا دارەکانی لە سەرەمەرگدان.

ساڵی 1999 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەستی لەگەڕەکەکەی بۆن هەڵگرت، پایتەختیش لە بۆنەوە بۆ بەرلین گواسترایەوە، پاش یەکخستنەوەی هەردوو ئەڵمانیا.

"لەمە خراپتر نابێت"، کیندلەر تەماشای خانووە وێرانەکە دەکات، بەڵام لە قسەکانیدا مەبەستی خانووەکە نییە، بەڵکو ئەو مەبەستی سەرۆکی ئێستای ئەمریکایە، بەڵام ئەوەی بەبڕوای ئەو ئێستا پشتگوێخراوە "پەیوەندی نێوان هەردوو گەلە، ئەو پەیوەندییە لە پەیوەندیی دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵات زۆر باشترە"، تاوەکو ئەمڕۆش، کیندلەر چەندین هاوڕێی ئەمریکی هەن، کەواتە بەبڕوای ئەو "بنچینەکانی پەیوەندییەکە ساخڵەمن، تەنیا رووکەشەکە وێرانە".

لەسەر ئەو پەیوەندییە، پیتەر بایر، هەست بە ترس دەکات: "نیگەرانم لەوەی بناخەکەی دابخورێت و پایەکانی ئەو پەیوەندییە، کە بەسەر دەریای ئەتڵەسیدا دەپەڕێتەوە، بڕووشێت". لە کۆتاییدا هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی دونیا گۆڕاوە، "ئەمە ئەو شتەیە کە ماوەیەکی زۆر نەماندەویست بینینین، چونکە ماندوومان دەکات. هەمووکات دڵخۆشبووین بە پەیوەندیی دەیەکانی رابردوو لەگەڵ ئەمریکییەکان، ئێستا بەئاسانی ئەوە دەستەبەر نابێت".

ئەڵمانەکان ئومێدی گەورەیان بەوە هەیە، دەرچوونی بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا، پەیوەندییەکە باشبکاتەوە، بەڵام روودانی ئەوە، پێویستی بەهەستکردن بەبەرپرسیاریەتی خودی ئەڵمانەکان خۆشیان هەیە، چونکە وەک بایر دەڵێ تێچووی بەرگری: "لەسەردەمی بایدنیشدا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، بەهەمان ئەو بڕە دەبێت کە لەسەردەمی ترەمپدا لێیان داوا دەکردین".

دەستەوارەیەکی سەوز لەگەڵ بایدن

دەکرێ لەگەڵ ئەمریکادا دەستەوارەکانی رێکەوتن بگۆڕێن. فرانچیسکا برانتنێر، گوتەبێژی گرووپی 'پارتی سەوز' بۆ کاروباری پەرلەمانی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، پێیوایە "ململانێیەکانی نزیک لە ئەڵمانیا، ململانێی ئەوروپین، تەنانەت لەگەڵ سەرۆکێکی دیموکراتیشدا، دەبێ بەرپرسیاریەتی داهاتوو لەکۆڵ بنێین"، ئەو زیاتر دەڵێ "لەبەرئەوە، پێویستە نەخشەی سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەوروپا لە روانگەیەکی ئەوروپییانەوە بێت. پێویستە لەسەرمان لایەنە هاوبەشە ئەوروپییەکان لە پێشەنگی کارەکانمان دابنێین، تاوەکو بتوانین وەک ئەڵمان و ئەوروپییەکان بە هاوبەشی پێکەوە کاربکەین".

لەبارەی بابەتەکانی پاراستنی ژینگەوە، برانتنێر گرەو لەسەر بایدن دەکات، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ بەردەوام گومان لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەکات، کە مرۆڤ بەرهەمهێنەریەتی، بایدنی رکابەری بەنیازە تاوەکو ساڵی 2050 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکاتە وڵاتێکی بێلایەن، لە بەرهەمهێنانی دەرچوونی غازەکان و کاریگەریی دروستکردن لەسەر ژینگە.

ئەو دەڵێ: "ئومێد دەکەم رێکەوتنی پاریس بۆ پاراستنی ژینگە، بەهێز بکرێتەوە"، هیوای ئەوەش دەخوازێت "دەستەوارەیەکی سەوز لەرێگەی ئەتڵەسییەوە و وەبەرهێنانی هاوبەش لە تەکنەلۆژیای نوێ و سەپاندنی ئاستی هاوبەش، بە لەبەرچاوگرتنی دەرچوونی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن" کارێکی باشدەبێت.

بۆ دواوە بە ئاراستەی داهاتوو

لەژێر دروشمی 'پێکەوە نایابین' وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، ساڵی رابردوو ساڵیادی دۆستایەتی ئەمریکا و ئەڵمانیای بەرز راگرت. ئەوکات زۆر ئاوڕ لە دواوە درایەوە، لەبەرئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیشتمانێکی موژدە بەخش بوو. ئەوکات ئەمریکا بەوڵاتێکی خاوەن ئایندەی گەش بۆ ملیۆنان ئەڵمانیی هەژار تەماشا دەکرا. لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیش، وێنەی ئەمریکا بووە وڵاتێکی ئازادی، خۆشبژێوی و پێشكەوتن.

ئەمریکا ساڵی 1990 رۆڵی هەبوو لە یەکخستنەوەی ماڵی پەرتی ئەڵمانییەکاندا، دەکرێ داهاتوو رووداوی ئاوها نایاب بهێنێتەوە ئارا؟

وەڵامەکە ئاسانە، زۆر شت، وەک 'دۆیچە فێلە' دەڵێ، پەیوەندی بەوەوە دەبێت، ئەو پیاوەی لەسەر کورسییەکەی کۆشکی سپی دادەنیشێت، وەک دۆست یان دوژمن لە ئەڵمانیا دەڕوانێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق