وەزیری کار داوا ده‌كات کرێی کرێکاری ئاسایی زیاد بکرێت

ليست هناك تعليقات



وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایدەگەیەنێت، نوسراویان بۆ سەرۆکی حکومەت کردووە کرێی کرێکاری ئاسایی زیاد بکرێت، ئومێد دەکەین زوو پەسەندبکرێن تاوەکو کرێی کرێکار لەگەڵ گوزەرانی بگونجێت.

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وۆرک شۆپێکیان ئەنجامداوە کە تایبەتە بەهەمواری یاسای ژمارەی ٣١ی ١٩٧١ی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە لەساڵی ٢٠١٢ جارێکی تر بە یاسای ژمارە ٤ هەموارکراوەتەوە، بەڵام کۆمەڵێک بۆشایی یاسایی و کەم و کورتی تێدایە، دەمانەوێت ئەمجارە هەموو بەرژەوەندی کرێکاران پارێزراوبن لەگەڵ خاوەن کار.

دەشڵێت، بەرنامەی کابینەی نۆیەم گرنگیدانە بە کەرتی تایبەت و کرێکاران و هەلی کار یەکێک لەجێبەجێکردنی خاڵەکان بریتیە لەهەمواری یاساکان تاوەکو هاوشێوەی کارمەندانی کەرتی گشتی کارمەندانی کەرتی تایبەت مافیان پارێزراوبێت، دواتر ڕەوانەی ئەنجوومەنی شورا و ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت، ئومێد دەکەین بەزووترین کات یاساکە بچێتە بواری جێبەجێ کردن، تاوەکو زۆرترین کرێکار دەستەبەر بکرێن و دواتر خانەنشین بکرێن.

وەزیر کار ڕوونیشی کردەوە، یاسای کار و کەم ئەندامانمان ئامادەکردوە لەئەنجوومەنی وەزیرانە، هەروەها پەیڕەوێک ئامادەکراوە بۆ چاودێری خێزانی کەم دەرامەت، سیستەمێک پەسەندکرد بۆ خێزانی جێگرەوە، ئێستاش سەرقاڵی یاسای مافی منداڵین.

وتیشی، پڕۆژەیەک هەیە لەدەستەی وەبەرهێنانیش تاوەکو ڕێنماییەکانی هێنانی کرێکاری بیانی گۆڕانکاری تێدا بکرێت، ڕێنماییەکانیش لەئامادەکردندان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ یەکێک لەتێبینیەکان بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دەبێ لە٧٥٪ کرێکاری خۆماڵی بێت، تەنها ئەو پسپۆڕیانە بهێندرێن کە لێرە نیە، هەروەها نوسراویان بۆ سەرۆکی حکومەت کردووە کرێی کرێکاری ئاسایی زیاد بکرێت، ئومێد دەکەین زوو پەسەندبکرێن تاوەکو کرێی کرێکار لەگەڵ گوزەرانی بگونجێت.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif